تورکیا زیاتر لە ١٦ هەزار ئەندامی هەدەپەی دەستگیر کردووە

پۆڵەتیک پرێس

وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلانی کورد رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە پارتەکەیان رووبەڕووی کوشتاری سیاسی دەبێتەوە و تا ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، ١٦ هەزار و ٤٩٠ ئەندامی پارتەکە دەستگیرکراون.

ئیبرو جونای وتەبێژی هەدەپە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە ئەنقەرە ئاماژەی بە هەڵمەتی دەستگیرکردن و زیندانی کردنی ئەندامی پارتەکەیان کرد کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە جێبەجێ دەکرێت.

جەختی لەوەش کردەوە، لەکۆی ئەو دەستبەسەرکراوانە، سێ هەزار و ٦٩٥ ئەندامی پارتەکە لە زینداندان، کە تێیاندا ٩٣ سەرۆکبەشی ویلایەت و ١٩٤ سەرۆکبەشی بەڕێوەبەرایەتییەکان، ١٨ ئەندام پەرلەمان و ٢٣ ئەندامی کۆمەڵەی جێبەجێکردن، ٢١ ئەندام لە ئەنجومەنی پارتەکە و زیاتر لە ٨٠٠ سەرکردە لە لقەکانی هەدەپە لە شار و شارۆچکەکان بوونیان هەیە.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی تورکیا حەوت پەرلەمانتار و ١٥ ئەندامی لیژنەی جێبەجێکردنی هەدەپەی وەک بارمتە گرتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتدارانی تورکیا ٨٢ ئەندامی پارتەکەیان لە ئەنجومەنی شارەوانیەکان لە پۆستەکانیان دوورخستووەتەوە و ١١٩ ئەندامی دیکەشیان لە شارەوانییەکان دەستگیرکردووە و دووانیشیان لێ زیندانی کردوون.

ساڵانێکە دەسەڵاتدارانی تورکیا لێرە و لەوێ هەڵمەتی دەستگیرکردنی کوردانی باکوریان دەستپێکردووە و ئەو هەڵمەتە هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا