عێراق ژمارەی هێزە سەربازییەکان لە شەنگال زیاددەکات

پۆڵەتیک پرێس

وەزیری ناوخۆی عێراق داوایکرد، ژمارەیەکی زیاتری هێزەکانی سەر بە وەزارەت بنێردرێتە قەزای شەنگال، بەمەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچە کێشە لەسەرە بەتایبەت لەدوای رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم.

رۆژی یەکشەممە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانیدا بە زیادکردنی هێزە سەربازی و ئیدارییەکان لە ناوەندەکانی پۆلیس لە قەزای شەنگال و دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان لەو ناوچەیە، هاوکات، فەرمانیدا بە کردنەوەی نوسینگەکانی هاتوچۆ و فریاکەوتن و نوسینگەکانی روبەڕوبوونەوەی تاوان لە قەزاکە.

لەبارەی رێککەوتنی شەنگالیشەوە غانمی رایگەیاند، رێککەوتنەکە چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و بەشێوەیەکی سروشتی کاری لەسەر دەکرێت و هەتا ئێستا دۆخەکە باشە، جەختی لەوەش کردەوە، بە تێپەڕبوونی رۆژ وردەکارییەکانی دیکەی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی قەزای شەنگالی کرد، لە کاتێکدا ئامادەکاری دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بەپێی پلانێکی حکومی بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان و داخستنی خێمەکانیان لە عێراق لە کۆتایی ئەمساڵدا.

رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی رابردوو، حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکانی شەنگال و بەڕێوەبردنی ئیدارەی قەزاکە لەڕووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی هاوبەش.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا