دروستكردنی حەشدی كوردی ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە

پۆڵەتیك پرێس
بەناوی پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەكەیانەوە، سەرۆكی عەشیرەتی شوان لەگوندی چەخماخەی سەر بە قەزای دوبز هێزی حەشدی كوردی دامەزراندووە، دروستكردنی ئەم هێزەش ناڕەزایەتی حیزب و لایەنە سیاسییە كوردییەكانی لەسەر ئاستی كەركوك لێكەوتووەتەوە.

حیزب و لایەنە سیاسییە كوردییەكان لە كەركوك تاكە چارەسەری كێشە ئەمنییەكانی كەركوك دەبەستنەوە بەگەڕٍانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو پارێزگایە و بوونی هێزی دیكە بەناوی دیكەوە وەك جێگرەوەی هێزی پێشمەرگە رەتدەكەنەوە.
عەلی قەڵایی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لەو بارەوە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: وەك مەڵبەندی كەركوك دروستكردنی هێزی حەشدی كوردی رەتدەكەینەوەو پشتیوانیشی ناكەین، چونكە پێمان وایە هەرهێزێك لەدەرەوەی هێزی پێشمەرگە بێت قبوڵكراونییە.

پێمان وایە هەرهێزێك لەدەرەوەی هێزی پێشمەرگە بێت قبوڵكراونییە

باسی لەوەشكرد، دروستكردن و راگەیاندنی هێزی حەشدی كورد لەناكاوبووەو ئەوان هیچ ئاگادارییەكی وردەكاری ئەو هەوڵە نەبووە.

حەشدی شەعبی ساڵی 2014 بەفوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لەعێراق دروست بوو، ئەوەش دوای ئەوەی چەكدارانی حەشدی شەعبی زۆرێك لەناوچەكانی عێراقیان كۆنتڕۆڵكرد.

لەدوای دروستبوونیشییەوە، رۆژ بەرۆژ ئەو هێزە بەرەو فراوانتربوونی زیاتر دەچێت‌و ئەم هەوڵەش بۆ دروستكردنی هێزەكە لەچوارچێوەی هەوڵەكانە بۆ فراوانتركردنی.

بەهەمان شێوەی بەرپرسەكەی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: هێشتا هیچ زانیارییەكمان لەسەر چۆنییەتی دروستبوونی ئەم هێزە نییە و ئێمەش لەدەزگاكانی راگەیاندنەوە دروستبوونی ئەو هێزەمان بیستووە.

هێشتا هیچ زانیارییەكمان لەسەر چۆنییەتی دروستبوونی ئەم هێزە نییە

لەو بارەوە تاریق فەریق بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: رای ئێمە و هەموو حیزبە كوردستانییەكان ئەوەیە جارێكی تر هاوسەنگی بۆ هێزی ئەمنی لەكەركوك بگەڕێتەوە ئەوەش بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە دروست دەبێت.

باسی لەوەشكرد، بەبڕوای ئێمە كەركوك بە یەك پێكهاتە ناڕوات بەڕێوە، بۆیە پێویستە هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە ناوچەكانی كەركوك‌و ئەمنییەت بۆ ناوچەكە بگێڕنەوە.

كاتێك داعش هێرشی كردە سەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، هێزی پێشمەرگە رووبەڕوویان بوونەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر شەهید و برینداری بەخشی، دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە بەهۆی نەمانی هێزی پێشمەرگە تێیاندا، داعش هێرش دەكاتە سەر ئەو ناوچانە و زیانی گیانی و ماددی بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت.

بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی كۆمەڵی ئیسلامیش لەكەركوك وتی: هەر هێزێك وەك جێگرەوەی هێزی پێشمەرگە لە كەركوك خۆی وێنا بكات كارێكی باش نییە.

محەمەد جەلیل حسێن بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی كۆمەڵ لە كەركوك بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: هەر هێزێك بیەوێت جێگرەوەی هێزی پێشمەرگەبێت لە شاری كەركوك كارێكی باش نییە.

بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی كۆمەڵ لە كەركوك وتیشی: باشترین چارەسەر بۆ چارەسەركردنی دۆخی ئەمنی كەركوك ئەوەیە هێزێك دروست بكرێت لە خەڵكی رەسەنی هەرچوار نەتەوەكە پێكبێت.

ماوەی چەند ساڵێكە حەشدی توركمانی و حەشدی عەرەبی‌و عەشایەریش دامەزراون

لەشاری كەركوك جگە لەو هێزەی بەناوی حەشدی كوردییەوە راگەیەنراوە، ماوەی چەند ساڵێكە حەشدی توركمانی و حەشدی عەرەبی‌و عەشایەریش دامەزراون، بەڵام هیچ كام لەم هێزانە نەیانتوانیوە دۆخی ئەمنی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بە سەقامگیری بهێڵنەوە.

چاودێرێكی سیاسیش پێی وایە هیچ هێزێك ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی هێزی پێشمەرگە لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان.

محەمەد نەسرەدین چاودێری سیاسی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: پێم باشە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ كەركوك لەگەڵ بوونی تێبینی لەسەر حوكمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و لەسەر ئەوەی تا ئێستا هێزی پێشمەرگە هێزی حزبی بووە، ئێمە هیچ هێزێكی دیكە بە بەدیلی هێزی پێشمەرگە نازانین و پێمان وایە باشترین رێگا چارە بۆ چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكانی كەركوك گەڕانەوە و بەشداری پێكردنی هێزی پێشمەرگەیە لەو شارە.

بەپێی زانییارییەكانی پۆڵەتیك پرێس دوای پێكهێنانی حەشدی كوردی لە سنوری گوندی چەخماخە، ئەگەری ئەوە هەیە، لە سنووری داقوق و پردێ و حەفتەغاریش هاوشێوەی ئەم هێزە دروست بكرێت كە راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە پڕ چەك دەكرێن

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا