خۆپیشاندانەكان دابەشبوونی نێوان لایەنە كوردییەكان قووڵتردەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
ناڕەزایەتیە جەماوەرییە بەرفراوانەكانی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان ‌و داواكاری بۆ چاكسازی ‌و رەخساندنی هەلی كار و دژایەتی گەندەڵی بووەتە هۆكارێك بۆ هەڵكشانی گرژییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان.

هەندێك لە حیزبەكان پشتگیریان بۆ خۆپیشاندانەكان راگەیاندووە و هەندێكی تریشیان دژایەتی ئەو خۆپیشاندانانە دەكەن، كە توندوتیژی لێدەكەوێتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی زیاتری كێشەكان.

پارتی دیموكرات، كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات‌ و حیزبی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتی هەرێمە، حیزبە سیاسییەكانی دیکە تۆمەتبار دەكات بە جوڵاندنی شەقام و ئیستغلالكردنی داواكانی خۆپیشاندەرانی سلێمانی.

پارتی بەگشتی گومانی لەسەر خۆپیشاندانەكان هەیە و بەردەوامیش خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەكات، بەوەی دەستیان لە پشتەوەیە و بەشێك لە حیزبەكان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەكاریان دەهێنن.

پارتی بەگشتی گومانی لەسەر خۆپیشاندانەكان هەیە و بەردەوامیش خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەكات

چەند رۆژێكە خۆپیشاندان لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و لە چەند ناوچەیەكیش تا رۆژی هەینی 11ی كانوونی یەكەم بەردەوامی هەبوو، كە لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكان 10 كەس كوژراون ‌و نزیكەی 100 كەسی تریش برینداربوون، ئەمە جگە لە دەستگیركردنی دەیان كەسی تر.

رۆژی هەینی رابردووش هێزە ئەمنییەكان سێ‌ پەرلەمانتاری پێشووی كوردستانیان بەبیانووی رێكخستنی خۆپیشاندانی بێ‌ مۆڵەت دەستگیركرد و دواتر ئازاد كران.

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق لەبارەی خۆپیشاندانەكان ‌و گرژییەكانی هەرێمەوە دەڵێت: كەسانێك هەن دەیانەوێت خۆپیشاندانەكان بەكاربهێنن بۆ بەدەستهێنانی چەند دەستكەوتێكی سیاسی دیاریكراو، كە ئامانجیانە هەرێم ناسەقامگیربێت.

كەسانێك هەن دەیانەوێت خۆپیشاندانەكان بەكاربهێنن بۆ بەدەستهێنانی چەند دەستكەوتێكی سیاسی دیاریكراو

ڤیان سەبری دەشڵێت: كێشەی دابین نەكردنی موچە بەستراوەتەوە بە بەغداوە، بەو پێیەی، كە حكومەتی ناوەندیی پارەی نەناردووە بۆ هەرێم ‌و حكومەتی هەرێمیش نەیتوانیوە موچە دابەش بكات، كە ئەمە بنەڕەتی كێشەكەیە و هۆكاری سەرەكی خۆپیشاندانەكانیشە.

لەبارەی تۆمەتباركردنی حكومەتی هەرێم بەگەندەڵی ڤیان سەبری جەختی لەوە كردەوە، كە لە هەموو عێراق گەندەڵی هەیە و وتیشی: هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لە عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەش زۆر باشترە لە شارەكانی تری عێراق.

هەروەها وتی: حكومەتی هەرێم ڕێوشوێنەكانی چاكسازی دەستپێكردووە و جەختیكردەوە بەدوای چارەسەری كۆتایی كێشەی موچەدا دەگەڕێت، بە رێكەوتن بێت لەگەڵ بەغدا، یان هەر رێگەیەكی تر.

یەكێتی نیشتمانیش، كە یەكێكە لەلایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی هەرێم، پارتی تۆمەتبار دەكات بەقووڵبوونەوەی قەیرانەكانی هەرێم، ئەوەش بەهۆی چارەسەنەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.

لەو بارەوە رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری یەكێتی دەڵێت: پارتی لەبەڕێوەبردنی حكومەتی هەرێم شكستیهێناوەو نایەوێت كێشەكان بەتایبەتی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات.

پارتی لەبەڕێوەبردنی حكومەتی هەرێم شكستیهێناوە

رێزان شێخ دلێر، دەشڵێت: بارزانی ئیدانەی كوشتوو بڕو دەستگیركردنی خۆپیشاندانەكانی بەغداو ناوچەكانی تری عێراقی دەكرد، بەڵام ئێستا خۆیان خۆپیشاندەران بەتێكدەرو ئاژاوە گێر وەسف دەكەن، لەكاتێكدایە، خۆپیشاندانەكانی هەرێمیش هاوشێوەی عێراق داوای مافە سەرەتاییەكانیان دەكەن.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی هەڵمەتی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسانی لەشاری سلێمانی‌و دەوروبەری ئیدانەكردو داوای لەحكومەتی هەرێم كرد، بەدەم داوای خۆپیشاندەرانەوە بچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا