ئێران بۆ دەستگیركردنی بكوژانی زانا ئەتۆمییەكە ماڵە كوردییەكان دەگەڕێت

پۆڵەتیك پرێس:
هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی هەفتەی رابردوو ماڵی سەدان هاووڵاتی كوردیان لە شاری بانە و مەریوان لە رۆژهەڵاتی كوردستان پشکنیوە، بە بیانووی دۆزینەوەی ئەو كەسانەی كە دەستیان لە كوشتنی موحسین فەخریزادەدا هەیە.

لەو بارەوە ئەرسەلان یارئەحمەد، سەرۆكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: هێزە ئەمنییەكان هێشتا لە هەندێك شوێنی شاری بانە جێگر كراون ‌و تیمێكی تایبەت لە ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران چوونەتە ئەو شارە و پشكنینی ماڵ بە ماڵیان كردووە.

پێشتر رایگەیەنرابوو، كە لانیكەم ٢٠ هاووڵاتی لە بانە دەستبەسەر كراون، كە تا ئێستا ناسنامەی ٩ كەسیان بە ناوەكانی سەرحەد ساڵحی، باقی مەحموودی، كازم خدری، ڕەحمان شادان، ساڵح ڕوستەمی، حوسێن خوومی، ئیبراهیم (شۆڕش) شوریایی، زانكۆ ڕەحمەتی و ڕێبوار سووری ئاشكراكراوە.

لەبارەی چارەنووسی گیراوەكان، یارئەحمەدی وتی: هەندێك لەوانەی دەستگیركراون، دوای یەك ڕۆژ و دوای ئەوەی بە نووسراو بەڵێنییان لێوەرگیراوە، ئازاد كراون ‌و چارەنووسی هەندێكی تریشیان نادیارە.

هێزە ئەمنییەكان لە كاتی پشكنینی ماڵی هاووڵاتیانی كورد وێنەی پێنج كەسیان پێبوە و لە خەڵكیان پرسیوە ئەوانە دەناسن یان نا؟ یەكێك لەو كەسانەی، كە بە شوێنیدا دەگەڕێن كەسێكی بەساڵاچوو، كەم ئەندامە.

هەروەها ئەرسەلان یارئەحمەد باسی لەوەش كرد، هێزەكانی ئێران ئێستا لە شاری مەریوانیش دەستیان بەپشكینین كردووە و ئەوەشی راگەیاند، هێزە ئەمنییەكان چەندین كۆڵبەر و كاسبكاری سەر سنووریان بانگ كردووە و هەڕەشەیان لێ كردوون، ئەگەر خاوەنی ئەو وێنانە لەو سنوورەوە بچنە دەرەوە ئەوا بەڕەو ڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە و تەنانەت بەهەندێكیان وتووە ئەگەر ئەو كەسانەمان پێ بناسێننن خەڵات دەكرێن.

ڕۆژی (٢٧ی نۆڤامبەری 2020)، موحسین فەخریزادە مهابادی، یەكێك لە كەسایەتییە باڵاكانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند لەنزیك شاری تاران كوژراو بەرپرسانی ئێران، ئیسرائیلیان تۆمەتباركردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا