وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبێت لەسەر توندكردنی رێكارەكان

پۆڵەتیك پرێس
سەرەڕای كەمبوونەوەی رێژەی تووشبووانی بەڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبێت لەسەر توندكردنی رێكارەكان.

ماوەی چەند رۆژێكە لەهەرێمی كوردستان ئامارەكانی تووشبوون و مردن بەكۆرۆنا كەمی كردووەو لە كۆتا راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوو 359 كەس لەكۆرۆنا چاكبوونەتەوە و 183 كەس تووشی كۆرۆنا بوون‌و نۆ كەسیش لە تووشبووان گیانیان لە دەستداوە.

بەراورد بە مانگی رابردوو لەم مانگەدا بەگشتی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا، تەنانەت مردنیش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە كەمیكردووە.

لەو بارەوە دكتۆر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: هۆكاری كەمبوونەوەی رێژەی توووشبووان بە كۆرۆنا پەیوەندی هەیە بەتوندكردنی رێكارەكان و پابەندبوونی هاوڵاتیان”.

ئاسۆ حەوێزی وتیشی: ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی، كە پلان دادەنێین دەبێت بەرچاوڕوونییەكمان هەبێت، هەڵسەنگاندنەكانی ئێمە دروست بوو لە گرتنەبەری ڕێوشوێنە پێویستەكان، بەراورد بە مانگی رابردوو رێژەكە كەمبووەتەوەو ژمارەی تۆماركراوان 30% تا 40% كەمی كردووە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەش كرد، پشت بەستن بەدروستكردنی ڤاكسین و كەمبوونەوەی رێژەی تووشبووان ناكاتە ئەوەی رێكارەكان خاو بكرێنەوە، بۆیە بەردەوامدەبین لەسەر گرتنەبەری رێكارەكان و نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر و لەداخستنی چەند شوێنێك بەردەوام دەبین، كە بڕیاری لەسەردراوەو ناشكرێنەوە، چونكە ئەمە كۆنترۆڵی یەكجارەكی نییە، تا 7ی 1ی ساڵی نوێ ئەنجوومەنی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە، هەموو رێوشوێنەكان وەك خۆی دەمێنێتەوە.

بەپێی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستی تا ئێستا 100 هەزارو 129 كەس لە هەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون‌و 64 هەزارو 431 كەس چاكبوونەتەوەو 3282 كەس گیانیان لە دەستداوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا