وەسفی هەرێمی كوردستان وەك عێراقێكی تر “هەمیشە درۆ بووە”

پۆڵەتیك پرێس:
گۆڤاری ناشیۆناڵ ئینترست بڵاویكردەوە، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان هەمیشە خۆیان بە عێراقەكەی تر و هەرێمێك وەسف كردووە، كە دیموكراسی و ئاسایش تێیدا گەشەی كردووە، بەڵام ئەمڕۆ كوردستان ئاگری تێبەر بووەو هێزە ئەمنییەكان تەقە لەخۆپیشاندەران دەكەن.

گۆڤارەكە بڵاویشیكردەوە، كە ئێستا خراپی دۆخی هەرێم بەو رادە گەیشتووە، هاووڵاتیانی مەدەنی و خۆپیشاندەر بە سوتاندنی ئاڵای لایەنە سیاسییەكان و تەنانەت وێنەی دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان مەلا مستەفا بارزانی وەڵامی دەسەڵات دەدەنەوە.

هاووڵاتیانی مەدەنی و خۆپیشاندەر بە سوتاندنی ئاڵای لایەنە سیاسییەكان و تەنانەت وێنەی دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان مەلا مستەفا بارزانی وەڵامی دەسەڵات دەدەنەوە

گۆڤارەكە باسی لەوەش كردووە، وەسفكردنی كوردستان وەك عێراقێكی تر هەمیشە درۆ بووە، چونكە هەرێمی كوردستان تەنیا فیوداڵی دەسەڵاتی بنەماڵەیی بووە، كە ئەو بنەماڵانە هەمیشە لەسەرو یاساوە بوون.

كۆتایی ساڵی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات دەستبەرداری كورسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، كە دوو خول ماوەی سەرۆكایەتییەكەی درێژكرابووەوە، دوای دەستبەرداربوونەكەشی مەسرور بارزانی كوڕی كردە، سەرۆكی حكومەت.

مەسرور بارزانی بەهۆی تواناو لێهاتوویی نەبووە، كە كراوە بەسەرۆكی حكومەت

بەپێی گۆڤارە ئەمریكییەكە، مەسرور بارزانی بەهۆی تواناو لێهاتوویی نەبووە، كە كراوە بەسەرۆكی حكومەت، بەڵكو بەهۆی درێژكردنەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی ئەو پۆستەی وەرگرتووەو هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان بەم دۆخە قەیراناوییەی ئێستا بگات.

هەر بەپێی گۆڤارەكە، بنەماڵەی بارزانی ئێستا دەسەڵاتیان بەسەر دارایی هەرێم‌و نەوتەكەی هەیە، كە زۆربەی داهاتی ئەو نەوتەی دەفرۆشێت، بۆ بنەماڵەیە، نەك بۆ خزمەتی خەڵك‌و موچەخۆرانی هەرێم.

گۆڤارەكە باسی لەوەش كردووە، بەهۆی قۆرغكردنی دەسەڵات لەلایەن بنەماڵەی بارزانی جۆرێك لەیاخیبوون لەهەرێم دروست بووە، بەتایبەتی لەناوچەكانی سلێمانی، كە چەند رۆژێكە خۆپیشاندان دەستیپێكردووەو بەردەوامیشی هەیە.

بەهۆی قۆرغكردنی دەسەڵات لەلایەن بنەماڵەی بارزانی جۆرێك لەیاخیبوون لەهەرێم دروست بووە

هەروەها گۆڤارەكە باسی لەوە كردووە، كە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم لەجیاتی ئەوەی بەدەم داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانەوە بچێت، دەستی بەتوندوتیژی كردووەو هێزە ئەمنییەكان دەیانەوێت بەزەبری هێز كۆتایی بەخۆپیشاندان بهێنن.

كێشەی سەرەكی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان گەندەڵییە، بەتایبەتی لەداهاتی نەوت‌و خاڵە سنوورییەكان، كە ئەوەش بووەتە قەیران لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و ساڵانێكە ئەو قەیرانەش رۆژ بەرۆژ قووڵتر دەبێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا