كوشتنی سولەیمانی دوو سەرۆك وەزیرانی عێراق دەخاتە ململانێوە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لێدوانەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق، مشتومڕێكی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، كە تێیدا رایگەیاند، كاتی خۆی بەغدا رازی بووە لەسەر ئەوەی فڕۆكە ئەمریكییەكان لە سەرەتای كانوونی دووەمی ٢٠٢٠، بۆردومانی ناوچەیەكی نزیك لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بكەن، كە ئەوە بوو بەو هۆی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.

لە لێدوانەكەیدا عەبادی راشیگەیاند، ئەو فڕۆكانەی هاتنە عێراق و لەنزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا سولەیمانی و موهەندیسیان كوشت، لەلایەن عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە، ئەوەی دەیڵێم راستییە و هەمووان ئاگاداری ئەو راستییەن.

پێشبینی دەكرێت ئەم لێدوانەی عەبادی لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی هێرشەكەی ئەمریكا بۆ سەر فڕۆكەخانەی بەغدا، ببێتە هۆی ئەوەی دووبارە میلیشیا چەكدارەكانی سەر بەئێران لەبارەی دۆسییەی بوونی ئەمریكا لە عێراق پشێوی دروست بكەن، هەروەها رەنگە ببێتە هۆی كردنەوەی دەرگای لێكۆڵینەوە لەو هێرشەی بووە هۆی كوژرانی ئەو دوو سەركردەیە.

ئەو هەموو هەرا و گریان و لاوانەوەیە بۆچی؟ لە كاتێكدا ئەگەر خۆیان بەشێك بووبێتن لەپڕۆسەی كوژرانەكە و پشكیان لە هێرشەكەدا هەبووبێت؟

لەو بارەیەوە، شاهۆ قەرەداغی توێژەر لەبواری كاروباری سیاسی عێراق لەبارەی ئەو هەرایەی دەسەڵاتدارانی عێراق لەدوای كوژرانی سولەیمانی‌و موهەندیس دروستیان كرد دەپرسێت: ئەو هەموو هەرا و گریان و لاوانەوەیە بۆچی؟ لە كاتێكدا ئەگەر خۆیان بەشێك بووبێتن لەپڕۆسەی كوژرانەكە و پشكیان لە هێرشەكەدا هەبووبێت؟

لای خۆیەوە، عەلی سافی ئەندامی رەوتی مەدەنی لە عێراق رایگەیاند، لێدوانەكەی عەبادی لەبارەی رەزامەندی عێراق لەهاتنە ناوەوەی فڕۆكەكەی ئەمریكا و بۆردومانكردنی سولەیمانی و موهەندیس پێویستی بەلێكۆڵینەوەیە، نەك لەبەر داوا و فشاری ئێران، بەڵكو تا عێراقییەكان ئەوەیان بۆ دەركەوێت سیاسەتمەداران‌و حیزبەكانی دەسەڵات لە عێراق ٦٠ روویان هەیە.

تا عێراقییەكان ئەوەیان بۆ دەركەوێت سیاسەتمەداران‌و حیزبەكانی دەسەڵات لە عێراق ٦٠ روویان هەیە

پێچەوانەی ئەوان، فاران ئەبو موعەمار قسەكانی عەبادی بە ناڕاست لێكدایەوەو رایگەیاند، پڕۆسەی كوژرانی سولەیمانی و موهەندیس بە نهێنی لەنێوان ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا و سەركردایەتی ناوەندی ئەمریكا جێبەجێكراوە و تەنیا ئەمریكا بەم هێرشەی زانیوە و عێراقییەكان ئاگایان لێی نەبووە، ئەوەشی خستەڕوو، سولەیمانی و موهەندیس پێشتر لەلایەن ئەمریكاوە بەكوشتنی بەرپرس و سەربازانی ئەمریكی تۆمەتبار بوون.

مانگی رابردوو، چەند پەرلەمانتارێكی عێراق، كە نزیكایەتیان لەگەڵ ئێراندا هەیە دووبارە داوایان لەحكومەت كرد لێكۆڵینەوە لە كوژرانی سولەیمانی و موهنەدیس بكات، هاوكات، مەهدی تەقی ئامرلی ئەندام پەرلەمان لەسەر فراكسیۆنی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، لیژنەكەی فشار دەخاتە سەر حكومەت هەتا بەزووترین كات راپۆرتی رووداوی كوژرانی ئەو دوو بەرپرسە و ئەنجامەكەی بۆ پەرلەمان بنێرێت، داواشی كرد، ئەو لایەنە عێراقییانە دیاریبكرێن كە لە رووداوەكەوە تێوەگلاون.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق وەڵامی عەبادی دایەوەو رەتیكردەوە ئەو مۆڵەتی دابێت بە فڕۆكەی ئەمریكا لە كوژرانی سولەیمانی و موهەندیس

لەلایەكی دیكەوە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق وەڵامی عەبادی دایەوەو رەتیكردەوە ئەو مۆڵەتی دابێت بە فڕۆكەی ئەمریكا لە كوژرانی سولەیمانی و موهەندیس و رایگەیاند، بە هەموو جۆرێك ئەو هەواڵە رەت دەكەینەوە، كە لە بەشێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەبارەی رێگەپێدانی لایەنەكانی عێراق بە كوژرانی ئەو دوو “شەهیدە”و هاوڕێیانیان بڵاوكراوەتەوە، بەپێچەوانەوە رێوشوێنی توند بۆ جوڵەی ئاسمانی و زەمینی لەو كاتەدا گیراوەتەبەر، ئێمە دەزانین لایەنی پەیوەندیدار كێیە و مامەڵەی لەگەڵ دەكەین و هەوڵ دەدەین بیوەستێنین.

باسی لەوەش كرد، هاوینی ٢٠١٩ بەهۆی مەترسییەكانی بۆردومان و بۆردومانی پێچەوانە بۆ بارەگا سەربازییەكانی سەر بە حەشدی شەعبی و ئەو ناوچانەی هێزەكانی هاوپەیمانان و باڵیۆزخانەكانی تێدایە سەركردایەتی عێراقی ناچار بووە رێگری لە هەموو جۆرە جموجوڵێك بكات.

سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠، لەهێرشێكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا بۆ سەر ناوچەیەك لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، هەریەكە لەقاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كوژران و ئەوەش كاردانەوەی توندی شیعەكانی سەر بە ئێرانی لێكەوتەوە و دوابەدوای ئەو هێرشە چەندین جار میلیشیاكانی سەر بە ئێران هێرشیان كردە سەر بارەگا و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا