پۆڵه‌تیك پرێس
دوو ئه‌ندامی فراكسیۆنی سه‌وز له په‌رله‌مانی كوردستان ئیدانه‌ی رێگری كردن له په‌رله‌مانتاران ده‌كه‌ن بۆ هاتووچۆكردن له نێوان شار و شارۆچكه‌كان و داوا ده‌كه‌ن مانگرتنی په‌رله‌مانتاران ببرێته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
هه‌ریه‌ك له سه‌ركۆ ئازاد و هاوڕێ مه‌لا ستار ئه‌ندامانی فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌رله‌مانی كوردستان كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان ئه‌نجامدا و وه‌ڵامی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕانیان دایه‌وه.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا هاوڕێ مه‌لا ستار ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: چه‌ند په‌رله‌مانتارێك له فراكسیۆنی گۆڕان ناوی په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی سه‌وزیان هێناوه، گوایه رێگرییان لێكراوه له یه‌كێك له بازگه‌كاندا، هه‌رچه‌نده پێشمه‌رگه‌كه پێی وتبوون چه‌قی سیاسه‌تكردن و ململانێ له هه‌ولێره نه‌ك سلێمانی، له كاتێكدا ئێمه له‌گه‌ڵ هیچ جۆره رێگرییه‌ك نین له په‌رله‌مانتاران بۆ هاتووچۆكردن له نێوان شار و شارۆچكه‌كاندا.
سه‌ركۆ ئازاد ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان وتی: له دانیشتنی پێشووی په‌رله‌ماندا وه‌كو فراكسیۆنی یه‌كێتی هه‌موو رێكارێكی یاسایی و په‌یڕه‌وی و ئه‌خلاقی و سیاسی خۆمان جێبه‌جێكرد، بۆ داكۆكیكردن له ماف و داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، دواتر نه‌مانهێشت دانیشتنی په‌رله‌مان به‌رده‌وامی هه‌بێت ئه‌گه‌ر بۆ موچه نه‌بێت.
سه‌ركۆ ئازاد وتیشی: به په‌رله‌مانتارانی هاوڕێم وت پێویست ناكات مان بگرین له‌بری ئه‌وه بچینه به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، خێمه هه‌ڵبده‌ین و مان بگرین و به‌شداری كارامان هه‌بێت، چونكه به ڕای ئێمه فشاره‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بێت، چونكه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیار به ده‌سته له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ناعه‌داله‌تی و ناهه‌قییه‌ی هاوڵاتییان پێیه‌وه ده‌ناڵێنن.
هه‌ردوو په‌رله‌مانتار داوایان له هێزه ئه‌منییه‌كانی سلێمانیش كرد توند و تیژی به‌رامبه‌ر خۆپیشاندانی هێمنانه رابگرن.