پۆڵەتیك پرێس:
هێزە ئەمنییەكانی ئێران دوو رۆژە لەناوچە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستیان بە پشكنین كردووە، ئەوەش بۆ دۆزینەوەی بكوژانی موحسین فەخریزادە زانای ئەتۆمی.
لەو بارەوە ئەرسەلان یارئەحمەدی بەرپرسی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەرۆژهەڵاتی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس ئاشكرایكرد، كە هێزەكانی ئێران دوو رۆژە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان بەتەواوی بەسەربازی كردووەو چەندین كەسیشیان دەستگیركردووە.
ئەرسەلان یارئەحمەدی ئاشكراشیكرد، كە تائێستا نزیكەی 20 كەس لەشاری بانەو دەوروبەری دەستگیركراونو ئەو كەسانەشی دەستگیركراون دەست لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوەو بەشێكیان ئازادكراون، بەڵام بەشێكی تریش لەو كەسانە هەر راگیراونو لێكۆڵینەوە لێیان بەردەوامە.
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئێران لەناوچە كوردییەكان ئەو كەسانەی دەستگیركردووە، بەرپرسی رێكخراوی هەنگاو ئاشكرایكرد، كە هێزە ئەمنییەكانی ئێران گومانیان هەیە، ئەو كەسانەی لەتاران فەخریزادەیان كوشتووە، هاتوونەتە ناوچە كوردییەكانو لەوێوە دەیانەوێت خۆیان دەباز بكەن.
هەروەها ئاشكرایكرد، هێزە ئەمنییەكان وێنەی پێنج كەسیان پێبووە، بەدوای ئەو كەسانەدا گەڕاونو بەخەڵكی ناوچەیەكەیان وتووە، ئەوان چەند پارەیان پێداون بۆ دەربازبوون، ئێمە 10 هێندەتان پێدەین، ئەگەر زانیاریمان لەسەریان پێبدەن.
هاوكات لەگەڵ دەستگیركردنی ئەو كەسانە هێزەكانی ئێران بۆ چڕكردنەوەی گەڕانەكانیان هێڵەكانی تەلەفۆن و ئینتێرنێتیان پچڕاون و هێزە چەكدارەكانیش بە چەكی قورس و سووكەوە لە سەرانسەری شاردا بڵاوەیان پێ كراوە.
هێزە تایبەتەكانی سوپای پاسداران لە ڕۆژی یەكشەممەوە چونەتە ناو بانە و ماڵی زیاتر لە ٣٠ی دانیشتووی ئەو شارەیان پشكنیوە.
ئەرسەلان یار ئەحمەد ئەوەشی ئاشكراكرد، كە زیاتر بەدوای كەسێكی بەتەمەن گەڕاون، كە گوایە ئەو كەسە كەمئەندام بووەو خەڵكی تارانەو ماوەی رابردوو هاتووەتە شاری بانە.
رۆژی 27ی مانگی رابردوو موحسین فەخریزادە مهابادی، یەكێك لەكەسایەتییە باڵاكانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند لەنزیك شاری تارانی پایتەختی ئێران كوژراو بەرپرسانی ئێرانیش ئیسرائیل بەكوشتنی تۆمەتبار دەكەن.