كه‌جه‌كه‌ بۆ مه‌سرور بارزانی: تۆمەتبارکردنی پەکەکە هەمان زمانی دەوڵەتی تورکە

پۆڵه‌تیك پرێس:
کۆمیتەی پەیوەندییەکان و کاروباری دەرەوەی کەجەکە، وەڵامی قسه‌كانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دایەوە.

ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ کەجەکە له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، “مەسرور بارزانی چەواشەکارانە مامەڵە لەگەڵ بەرخۆدانی گەریلاکانی پەکەکە دەکات، کە لەدژی داگیرکاریی تورکیا دەیکەن و هەوڵ دەدات ئەو بەرخۆدانییە لەبەرچاوی خەڵک بخەن، قسەکانی مەسرور بارزانی، کە تێیدا هیچ باسی لە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک نەکرد، لەکاتێکدا کە بەشێکی زۆری خاکی باشوری کوردستانی داگیرکردووە، تەنها خزمەت بە ڕەوا نیشاندانی داگیرکاریی تورکیا دەکات”.

لەڕاگەیەندراوەکەیدا کەجەکە باسی له‌وه‌كردووه‌، “سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕاستییەکان پێچەوانە دەکاتەوە، هەمووان دەزانن کە لە مانگی ئابی ساڵی 2014 لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆسەر شەنگال، پەدەکە لەوێ هەڵهات و ئێزدییەکانی ڕادەستی داعش کرد، لە 2018 جارێکی دیکە بە تەواوەتی پەدەکە لە شەنگال هەڵهاتەوە و بارەگاکانی خۆیان ڕادەستی عێراق کرد، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ڕێککەوتنێکی لەدژی ئێزدییەکان واژۆ کردووە، کە بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئێزدییەکان”.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌ ئه‌وه‌هاتووه‌، “کە تاکو ئێستا 74فەرمان بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە، هەر بۆیە خۆبەڕێوبەریی مافێکی حاشا هەڵنەگری ئێزدییەکانە، کە دەستووری عێراقیش دانی پێدا ناوە، لەدژی پیلانەکان بۆ تێکدانی سیستمی خۆبەڕێوبەریی ئێزدییەکان، ماوەی دوو مانگە ئێزدییەکان چالاکیی ڕێکدەخەن و لەسەر پێن، کەچی مەسرور بارزانی، جارێکی دیکە لە قسەکانیدا هێرشی کردەوە سەر ئێرادە و ویستی ئێزدییەکان”.

لەسەر قسكانی مەسرور بارزانی کە پەکەکەی بەوە تۆمەتباركرد کە هانی خۆپێشاندەران دەدات، کۆمیتەی پەیوەندییەکان و کاروباری درەوەی کەجەکە ده‌ڵێت “ئەم بانگەشەیە بە شێوەیەکی ئەنقەست و بە پلان دەکرێت، ئەمە خزمەتی گەرمکردنی ئاڵۆزییەکان و زیادبوونی گرژییەکان دەکات، ئەمە هەمان ئەو زمانەیە کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت باشوری کوردستانی پێ نائارام بکات و شەڕی ناوخۆی هەڵگیرسێنێت”.

كه‌جه‌كه‌ ده‌شڵێت، لەگەڵ جێبەجێکردنی داواکارییە ڕەواکانی خەڵکن بەشێوەی دیموکراتیک و هێرش و توندوتیژیی لە بەرامبەر خۆپێشاندەران شەرمەزار دەکەن، داوا دەکەن کە خەڵک خۆیان بەدوور بگرن لە سووتاندنی بارەگا حزبییەکان و زیان گەیاندن بە دەزگا حکومەتییەکان، چوونکە خزمەتی دووژمنانی گەلی کورد دەکات، داوا دەکات، گەل بە شێوەی ئاشتییانە و دیموکراتیک داواکارییەکانی خۆیان دەرببڕن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا