ئەمریكا هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەدات

ئەم بابەتە 45 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس:
لایەنی ئەمریكی لەعێراق بەچڕی هاتووەتە سەر هێڵ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی چەند ساڵێكە لەنێوان هەولێرو بەغدا بەردەوامی هەیە.

لەو چوارچێوەیە، چەند رۆژێكە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە عێراق لەهەولێرو بەغدا چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی‌و حكومی كردووە.

بەپێی ئەو راگەیەنراوانەی لەئەنجامی كۆبوونەوەكان بڵاوبووەتەوە، نوێنەرەكەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختی لەوە كردووەتەوە، كە دەبێت بەزوویی كێشەكانی هەولێرو بەغدا چارەسەر بكرێن‌و ئامادەیی واشنتۆنیشی نیشانداوە، بۆ هەر جۆرە هاوكارییەك، كە پێویست لەو بوارە پێشكەشی هەردوولای بكات.

ئەم هەوڵەی ئەمریكا لەكاتێكدایە، كە ماوەیەكە كێشەكانی هەولێرو بەغدا زیاتر بوون، ئەوەش لەئەنجامی پەسەندكردنی یاسای قەرزو كورتهێنانی دارایی لەپەرلەمانی عێراق، كە بەبێ‌ نوێنەرانی هەرێم‌و ئەو یاسایە پەسەند كرا.

كێشەكانی هەولێرو بەغدا پەیوەندی بە داهاتی نەوت‌و ناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و بودجەی گشتی هەیە، كە لەساڵی 2014وە بەردەوامی هەیەو تائێستاش چارەسەر نەكراوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک