رێككەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغدا سەری كازمی دەخوات؟

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
قەیرانی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا لە بازنەیەكی بەتاڵدا دەسوڕێتەوە، لەو بارەیەشەوە هۆشداری دەدرێت هیچ رێككەوتنێكی بەپەلە نەكرێت، چونكە ئاشكرایە زۆربەی ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندو هەرێم سەرچاوەكەی كێشەی ئابوورییە.

لەساڵی ٢٠٠٣ەوە، پەیوەندی نێوان كورد و عەرەب لەعێراق چەندین گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەنزیكەیی لە سەردەمی حكومەتەكەی نوری مالیكی بەتایبەت لە خولی دووەمی دەسەڵاتەكەی، كێشە داراییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەقووڵبوونەوەی بەردەوامدا بوون، ئەوەبوو لە سەردەمی حكومەتی حەیدەر عەبادی دەستكرا بەكەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران و راگرتنی بودجەی هەرێم، بەتایبەت دوای ناكۆكییەكانی نێوانیان لەسەر نەوتی هەرێم، ئەوەبوو دواتر هەرێم ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا.

بودجەی عێراق بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە سەرچاوە نەوتییەكان دەبەستێت

جارێكی دیكە و لە ساڵی ٢٠٢٠، لەدوای دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، عێراق كەوتەوە ناو بازنەی قەیرانە ئابوورییەكان، ئەوە ئاشكرایە بودجەی عێراق بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە سەرچاوە نەوتییەكان دەبەستێت، كاتێك نرخی نەوت دابەزی و رێژەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لەلایەن رێكخراوی ئۆپیك پڵەس سنورداركرا، بەغدا دووچاری كورتهێنانی بودجە هات و بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیەش حكومەتەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەنای بردە بەر پڕۆژەیاسای قەرز.

لێرەدا قەیرانەكانی نێوان بەغدا و هەرێم چڕتربوونەوە، لەدوای ئەوەی پەرلەمان دەنگیدا لەسەر پڕۆژەیاسای قەرز بەبێ ئەوەی پشكی هەرێم لەو قەرزە دابین بكات، سەرباری ئەوەی هەولێر و بەغدا لە مانگی ئابی رابردوو گەیشتنە رێككەوتن لەسەر ناردنی ٣٢٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم، بۆ دابین كردنی خەرجییەكانی بەشێك لە فەرمانبەران هەتا دەگەن بە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی ناكۆكییەكانی نێوانیان.

لەدوای زنجیرەیەك سەردان و كۆبوونەوەی بێكۆتایی نێوان بەغدا و هەرێم، تا ئێستا هیچ كام لە لایەنەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی هەرێم، لێكنزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە و پێدەچێت گۆڕانكاری رووبدات.

لێكنزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە و پێدەچێت گۆڕانكاری رووبدات

بەغدا رایگەیاندووە، هەولێر پابەند نەبووە بە ناردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ حكومەتی ناوەند، بەڵام حكومەتی هەرێم نكوڵی لەمە دەكات، لەلایەكی دیكەوە، لەم دواییانەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی مستەفا كازمی كردو داوای كرد پابەندبێت بەرێككەوتنی مانگی ئابی رابردوو، كە تێیدا هاتووە، بەغدا مانگانە ٣٢٠ ملیار دیناری عێراقی دەنێرێتە هەرێم.

مەسرور بارزانی دەشڵێت: هەرێمی كوردستان بودجەی مانگەكانی ئایار، حوزەیران، تەمموزو تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ی بەدەست نەگەیشتووە، جگە لەوەی موچە و دەرماڵەی پێشمەرگە خەرجنەكراوە سەرباری ئەوەی لەپشكی وەزارەتی بەرگریدا هەژماركراوە.

لەناوەندی ئەم دۆسییە ئاڵۆزەدا، رۆژی سێشەممە ٨ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ، شاندی حكومەتی هەرێم لەدوای زنجیرەیەك دانوستان لەگەڵ حكومەتی ناوەند رایگەیاند، پابەند دەبن بەسەرجەم ئەو خاڵانەی ناو پڕۆژەیاسای كورتهێنانی بودجە “قەرز”، كە تایبەتە بە هەرێم.

لەو بارەیەوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم و سەرۆكی شاندەكە رایگەیاند، پەیامێكمان لەوەزارەتی دارایی ناوەندەوە بەدەست گەیشتووە، كە تێیدا باس لە پابەندبوون‌و جێبەجێكردنی خاڵەكانی پڕۆژەیاسای قەرز دەكات، حكومەتی هەرێمیش قایل بووە بە پابەندبوون بەناوەڕۆكی ئەو خاڵانەوە.

ئاشكرای دەكەین ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی حكومەتی ناوەند و پەرلەمانتارانی كورد و پەرلەمانی عێراقدایە

هەروەها وتیشی: ئاشكرای دەكەین ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی حكومەتی ناوەند و پەرلەمانتارانی كورد و پەرلەمانی عێراقدایە هەتا ئەو بڕیارانە جێبەجێ بكەن كە لە پڕۆژەیاسای قەرزدا هاتووە.

لای خۆیەوە، خالید شوانی وەزیری كاروباری هەێم و ئەندامی شاندەكە رایگەیاند، هیچ بیانوویەكی یاسایی و سیاسی نەماوە، كە ببێتە بەربەست لەبەردەم دابین كردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

لەبارەی ناوەڕۆكی ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، سەرچاوەیەك لە زنجیرەی دانوستانەكان بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند، لەمیانی یەكێك لە كۆبوونەوەكانی ئەم دواییە، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لەدوای كۆبوونەوەی نێوان شاندەكەی هەرێم و حكومەت، مستەفا كازمی جەختی لەوە كردووەتەوە، لایەنە شیعەكان هەڕەشەیان لێكردووە ئەگەر تەواوی پشكی هەرێم بنێرێت ئەوا لە پۆستەكەی دووریدەخەنەوە.

ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوەش كردەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق هەڵوێستی شیعەكان لەبارەی دوورخستنەوەی كازمی رەت ناكاتەوە.

لەگەڵ ئەوەی ئێستا حكومەتی هەرێم كار لەسەر ئەوە دەكات بگاتە چارەسەرێكی كاتی، بەتایبەت لەم كاتەدا، كە موچەی فەرمانبەرانی دواكەوتووە، هیچ چارەسەرێكی كردەیی جگە لە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بوونی نییە، چونكە كوردستان لە توانایدایە تەنیا موچەی نیوەی فەرمانبەران بۆ ئەم سێ مانگەی داهاتوو دابین بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا