ئەو ئێوارەیە منیش لە سەیسایەق بووم

خۆم لە سەیسایەق لەدایكبووم، گۆڕی دایكم هەر لەم شارەدایە. بۆیە من ئەگەر شارچێتیی بكەم، ئەوا زیاتر دایكمچێتییە تا شارچێتیی.

بەڵام كاتێك باسەكە دێتە سەر خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی، راستەوخۆ دەبم بە خەڵكی ئەو شوێن و شارەی خۆپیشاندان دەكەن جا حەزدەكات خۆپیشاندانەكە لە مانهاتنی نیویۆڕكبێ یان لە جەلالئابادی ئەفغانستان.

ئەو ڕۆژەی لە ماوەیەكی زۆر كەمدا گەنجانی سەیسایەق مقەڕی حزبەكانیان سوتاند، من ئێوارەكەی گەڕامەوە بۆ ئەم شارە. هەر لە دوورەوە دووكەڵی رەش لەمسەر تا ئەوسەری ئاسمانی داپۆشیبوو، وەكو تەمێك ئاڵابوون بە لوتكەی هەردوو شاخەكەدا كە شارەكەیان لەنێوان خۆیاندا حەشارداوە.

هەموو گەڕەكێكی سەیسایەق وەكو شڵەژان شڵەژا بوون، ژنەكان لەبەردەرگا زۆر دڵ لەسەرمشت و قەلەق بوون، بەشی هەرەزۆریان چاوەڕێی گەڕانەوەی كوڕەكانیان دەكرد. هەبوو دەیوت: ئێستا لێرەدا دانیشتبوون نازانم چیان لێهات.

ژن هەبوو بۆ دراوسێكەیانی دەگێڕایەوە: بەخوا شوانە لە سەعات شەشی بەیانییەوە چووە بۆ هەڵەبجەی تازە بۆ ئیش، هەركە گەیشتە ماڵەوەو بیستی كە بەزم و هەرایە یەكسەر ڕایكردە دەرەوە، وا ئێستا نازانم لە كێ هەواڵی بپرسم!

یەكەم ماڵ بۆی چووم ماڵی ژنێكی ئامۆزام بوو لە گەڕەكی حەسار.. ئەو گەڕەكەی مقەڕی پارتی و گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیی لێیە بە تەنیشت یەكەوە.. ژنێكی دراوسێی ئەوان گوێچكەی كوڕە دوانزە ساڵانەكەی گرتبوو دەیهێنایەوە بەرەو ماڵی خۆیان و بەدەنگی بەرز جنێوی پێدەدا:

ئاخر … تۆ بۆچی چووی، ئەگەر خوێڕییەك فیشەكێ بنێ بەسەر دڵتەوە من ئێخەی كێ بگرم؟

ژنەكە كوڕەكەی بردە حەوشەكەو بە كلكی ماسیحە هات بەوێزەیدا. كوڕەكەیش بە دەنگی بەرز بە لەهجەی شارەزوورییانە دوای هەر دارێك دەیوت: ئەی خوا بەرد بوارێ دەواز بێنە.

دایكی بەدەنگی بەرز دەیقیژاند: من بەرماڵم بۆچیە بەرماڵت هێناوەتەوە؟ ئاخر تۆ بۆچی دەچیتە سەر مقەڕی خەڵك؟

ئێوارە لەو ماڵەی میوان بووین، بەشێك لە گەنجەكان كە بە دڵگەرمی بەشداری خۆپیشاندانیان كردبوو بێ ئەوەی نۆرەی یەكتر بدەن، باسی ئەو شوێنانەیان دەكرد، كە سوتاندبوونیان.

ئێمە هەركە گەیشتینە مقەڕی كۆمەڵ، هەرچیمان بەردەستكەوت سوتاندمان. كابرای حەرەسی مقەڕەكە وتی، توخوا ئاگاتان لەخۆتانبێ… گۆڕانەكان یەكسەر چۆڵیان كرد.. بەس پارتییە سەگبابەكان تەقەیان دەكرد تا چووینە سەریان… هەمووان پێدەكەنن.

یەكێكیان كڵاو و شووشەی خۆپارێزی پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكانی هێنابوویەوە، لەبەر ئەوەی لەماڵەوە لێی نەدەن، لە شوێنێكی تر بەجێی هێشتبوو.

زۆر بێباكانە و بە پێكەنینەوە باسی چوونە سەر بینای قایمقامییەت و بنكەی پۆلیسیان دەكرد كە چۆن ماتۆڕە دەستبەسەركراوەكانیان فڕاندووەو دەرگای سجنیان شكاندووە تا بەندكراوەكان هەڵبێن.

بەدەم گێڕانەوەكانی خۆیانەوە، سەیری فەیسبووك و تیكتكۆیان دەكرد كە چۆن پڕ بووبوون لە ڤیدیۆی رووداوەكانی سەیسایەق.

ئەوە فڵانە كە چووە سەر ماڵی قایمقام.. پێكەنینی زۆر لەویا كە لە پیاوەكەی مقەڕی پارتی دەدەن من لەولاتربووم ئێخەی پیاوێ ترمان گرتبوو چونكە بینیمان ئەویش تەقەی لەخۆپیشاندەران كرد و ئێمەیش چووین بۆی.

گەنجەكان بەرماڵ و كڵاو و شووشەی خۆپارێزیی پۆلیس و بتڵی غازیان هێنابوویەوە كە هیچ ئیشیان بەو شتانە نییە!

من تەمەنم شەش ساڵان بوو، كاتێك مانگی پێنجی ۱۹٨۷ خۆپیشاندانێك لەسەیسایەق رێخرا، كە لە مكەبەرەی مزگەوتەكانەوە بانگەوازی بۆ كرا و دروشم دژی حزبی بەعس دەوترایەوە، كە ئەمەیان زۆر ترسناك بوو تەنیا بە كەسانی داخ لەدڵ و ئازای وەكو ئەو كاتەی سەیسایەق دەكرا.

ئەو ڕۆژە بە چاوی خۆم بینیم سوپای عێراق دەبابەی هێنایە ناوشار و دەستی لەكەس نەدەپاراست. چەندین ژن و پیاوی بێتاوانی شەهید كرد. باوكم لەو كەسانەبوو، كە عەسكەرەكان گرتیان و چاویان بەست تا گولـلـەبارانی بكەن!

باوكم، وەكو شانازیی ئەو خۆپیشاندانەی بۆ گێڕاوینەتەوە كە ساڵی ۱۹۷٨ لە مەكتەبەكانی سەیسایەق كراون دژی لابردنی خوێندنی كوردی‌و بەعەرەبیكردنی هەموو پڕۆگرامەكانی خوێندن. دەیوت: لە پۆلەكەمدا كتێبەكانی خۆم سوتان لەكاتێكدا دەوری مەكتەبەكەمان بە سەرباز تەنرابوو تا نەهێڵن قوتابیان خۆپیشاندان بكەن.

سەیسایەق رابردویەكی دەوڵەمەندی هەیە لە خۆپیشاندان و بەگژاچوونەوەی ستەمكاریی و ناعەدالەتیی جا چ هی كوردی بووبێ یان عەرەبی عێراقیی. بەڵام هچیان هێندەی ئەو خۆپیشاندانەی ئێوارەی ۷ی ۱۲ی ۲۰۲۰ خێرا و بەربڵاو و كاریگەر نەبوون.

ئەوانەی خۆپیشاندانیان كرد، هەموویان… هەر هەموویان.. نەوەی پۆپجین كە نەوەی كوشتن و داونی ناو ئینتەرنێتە. نەوەیەكن كە خەوی شەویان لەخۆیان حەرامكردووە تا هەمیشە پاڵەوان بن.

لە پۆپجیدا هاوخەباتن بێ ئەوەی ئامانجێكی دیاریكراویان هەبێ، لە خۆپیشاندان و ڕووداوەكانی ئەو ئێوارەیشدا هەر هاوخەبات بوون بێ ئەوەی بزانن بۆچی مقەڕی كۆمەڵ و گۆڕان و پارتی و بنكەی پۆلیس و قایمقام دەسوتێنن!

ئەوان توڕەبوون و دەبێ شتێ بسووتێنن، لە مقەڕی حزب و حكومەت باشتریان دەسنەكەوت.

ئەو نەوەیە زۆر دابڕاون لە خێزان و ماڵەوەیان، ئامادەن هەموو شوێنێ بسووتێنن بێ ئەوەی بهێڵن ماڵەوەیان بە هیچ شتێكیان بزانێ.

نەوەیەكن شتی خێرایان دەوێ وەكچۆن بەخێرایی نۆ بارەگای حزبیی و حكومییان سوتان!

بەڵام حكومەت و حزب و خێزانەكانیان داوایان لێدەكەن وەكو خۆیان پشوودرێژبن!

پشوودرێژبن تا پیر دەبن بێ ئەوەی هیچیان بۆكرابێ.

نەوەی پۆپجی پشوودرێژ نییە، چونكە رۆژانە لەناو شاشەدا دەبێتە پاڵەوان، كەچی كاكی پاڵەوان لە دەرەوە هیچ بابەتێكی نییە بۆ پاڵەوانبوونی ڕاستەقینە.

سەیسایەق دەریخست خۆپیشاندانەكان گۆڕاون بۆ ڕاپەڕین، خۆپیشاندان دروشمی هەیە و ئامانجێكی دیاریكراو كە چەند كەسێك سەركردایەتی دەكەن، بەڵام گەنجانی سەیسایەقیی هەموو ئەو قاڵبانەی رابردویان تێپەڕاند بۆیە تەماشاكەن، خۆپیشاندانەكانی چەند سەعات دوای سەیسایەق بۆ نموونە كفری و دەربەندیخان و كەلار، بە بارەگا سوتان دەستیانپێكرد و هەر بەوەیش كۆتاییهات.

ئەو ئێوارەیەی دووكەڵی مقەڕە سووتاوەكان ئاسمانی سەیسایەقی تەنیبوو، زۆربەی گەنجە خۆپیشاندەرەكان بەدڵێكی خۆشەوە گەڕابوونەوە ماڵەوە و دواتر دەستیانكردەو بە پۆپجی!

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا