پۆڵه‌تیك پرێس
رێبوار حه‌مه‌د، وته‌بێژى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ پۆڵه‌تیك پرێس وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێك ده‌داته‌وه تایبه‌ت به دۆخى سیاسى هه‌رێم و قه‌یرانى دارایى و دواكه‌وتنى موچه، دۆخى ناوخۆى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، وته‌بێژى كۆمه‌ڵ ده‌ڵێت: داواى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خته‌ده‌كات و پێى وایه ماناوه‌ى ئه‌م كابینه‌یه‌ى ئێستا حكومه‌ت قه‌یرانه‌كان قوڵترده‌كاته‌وه، باس له‌وه‌ش ده‌كات ده‌توانن ببنه به‌دیلى یه‌كێتى و پارتى و تواناى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێمى كوردستانیان هه‌یه.
پۆڵه‌تیك پرێس: كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خته‌یه؟
رێبوار حه‌مه‌د: باوه‌ڕمان وایه حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رووبه‌ڕووى قه‌یران و گرفتى گه‌وره‌بووه‌ته‌وه و بێ ئومێدییه‌كى زۆر رووى له‌هاووڵاتیانى هه‌رێم كردووه، حكومه‌ت مافى كه‌مى داواكارى هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى دابین نه‌كردووه كه موچه‌یه، موچه به لێبڕینیشه‌وه له نێوان 45 بۆ 60 رۆژ دابه‌ش ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌نازانرێت كه‌ى دێت و دابه‌ش ده‌كرێت، ئێمه فراكسیۆنه‌كه‌مان له ناو په‌رله‌مانیش ئه‌وه‌ى رووبه‌ڕووى حكومه‌ت وت، كه حكومه‌تێك نه‌توانێت موچه‌ى فه‌رمانبه‌ره‌كانى بدات و رووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵى ببێته‌وه باشتروایه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و هه‌ڵبژاردنێك بكرێت كه حكومه‌تێكى لێ پێك بێت بتوانێت خواستى هاووڵاتیان جێبه‌جێ بكات و ئه‌و داهاته‌شى له نه‌وت و خاڵه سنورییه‌كانه‌وه ده‌ست ده‌كه‌وێت بكه‌وێته ده‌ستێكى ئه‌مینه‌وه بۆ خاوه‌نه راسته‌قینه‌كه‌ى خۆى سه‌رف بكرێت كه هاووڵاتییه، حكومه‌تێك نه‌توانێت مافه‌كانى خه‌ڵك دابین بكات و چاكسازى بكات مانه‌وه‌ى زیاتر قه‌یرانه‌كان قوڵتر ده‌كاته‌وه.
حكومه‌ت نه‌توانێت رووبه‌ڕووى قه‌یرانه‌كان ببێته‌وه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه
پۆڵه‌تیك پرێس: ئێوه كه داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خته ده‌كه‌ن جێگره‌وه‌ى ئێوه چییه بۆ حوكمڕانى هه‌رێمى كوردستان؟
رێبوار حه‌مه‌د: ئه‌مه یه‌كه‌مجار نیه داواى له‌و شێوه‌یه بكرێت، له هه‌موو دنیادا هه‌روایه حكومه‌ت نه‌توانێت رووبه‌ڕووى قه‌یرانه‌كان ببێته‌وه و چاره‌سه‌ریان بكات هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، له عێراق كه حكومه‌ت نه‌یتوانى كاره‌كانى بكات په‌رله‌مان هه‌ڵیوه‌شانده‌وه و خه‌ڵكى دیكه‌ى راسپارد بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، له هه‌رێمى كوردستانیش رێگا زۆره ده‌كرێت په‌رله‌مانى كوردستان میكانزمى گونجاو بدۆزێته‌وه.
پۆڵه‌تیك پرێس: خه‌ڵك ته‌نها له ده‌سه‌ڵات نا‌ئومێد نه‌بووه، له ئۆپۆزیسیۆنیش نا‌ئومێد بووه، به‌وه‌ى ده‌وترێت خواستى خه‌ڵك و توڕه‌ییه‌كانی خه‌ڵكیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى حزبى قۆستووه‌ته‌وه، قسه‌ى ئێوه له‌مباره‌یه‌وه چییه؟
رێبوار حه‌مه‌د: من پرسیارده‌كه‌م كامه‌یه ئه‌و به‌رژوه‌ندییه كه له توڕه‌یى و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى خه‌ڵك ده‌ستمان كه‌وتووه؟
پۆڵه‌تیك پرێس: ده‌وترێت ئه‌وه‌یه كه له خۆپیشاندانه‌كانى 17ى شوبات و دواتردا ئه‌وانه‌ى له ناو خۆپیشاندانه‌كاندا دیار و له به‌رچاوبوون كاندیدكران بۆ په‌رله‌مان، یان له كابینه‌ى پێشوو پۆستى حكومییان پێدرا، به‌گشتى ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى خه‌ڵك وه‌كو كارتى سیاسى و بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌كارده‌هێنن؟
رێبوار حه‌مه‌د: ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته به كۆمه‌ڵى ئیسلامییه‌وه گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ركه‌سێك له هه‌ر قۆناغێك له قۆناغه‌كان بووبێته په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانى خۆى ماوه‌ته‌وه و بیروڕا و پره‌نسیپى خۆى نه‌دۆڕاندووه و پشتى له داواكارییه‌كانى هاووڵاتیان نه‌كردووه، ئه‌و خواستانه‌ى خه‌ڵك له 17ى شوبات هه‌یبووه و ئێستاش كه ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌به‌ره‌ى ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى خه‌ڵكدا ماوه‌ته‌وه پشتى له خه‌ڵك نه‌كردووه، به‌پێچه‌وانه‌وه كۆمه‌ڵى ئیسلامى هێزێكه له پاڵ پشتیوانى له میللـه‌ت سودمه‌ند نه‌بووه، باج و قوربانى داوه و فشارى ده‌سه‌ڵاتى كه‌وتووه‌ته‌سه‌ر به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ خه‌ڵك بووه، پارێزبه‌ندى له په‌رله‌مانتارى سه‌ندراوه‌ته‌وه، كادرى ده‌ستگیركراوه.
ئه‌و هێزانه‌ى له ده‌سه‌ڵاتن یان ده‌بێت له حكومه‌ت بكشێنه‌وه یان ده‌بێت چاكسازى بكه‌ن
پۆڵه‌تیك پرێس: هه‌ندێكجار گوتارى حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵاتیش هاوشێوه‌ى گوتارى حزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانه، گوتارى ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات وه‌ك دوو هێڵى ته‌ریبى لێهاتووه، حزبه‌كانى ناو حكومه‌ت بۆچى ده‌یانه‌وێت ته‌مسیلى ئۆپۆزیسیۆن بكه‌ن؟
رێبوار حه‌مه‌د: ئه‌و هێزانه‌ى له ده‌سه‌ڵاتن باشتروایه له‌برى ئه‌وه‌ى نیگه‌ران ببن و ناڕه‌زایه‌تى ده‌رببڕن ده‌بێت هه‌ڵوێستى روونیان هه‌بێت، یان ده‌بێت له حكومه‌ته‌كه بكشێنه‌وه یان ده‌بێت چاكسازى بكه‌ن، بۆ ئه‌و حزبانه ناگونجێت له‌لایه‌كه‌وه له ناو حكومه‌ت بن و له‌لایه‌كى دیكه له پاڵ خه‌ڵكى ناڕازى نیگه‌رانى ده‌رببڕن، چونكه ئه‌وان شه‌ریكى ئه‌و حوكمڕانییه‌ن كه له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه.
پۆڵه‌تیك پرێس: ده‌توانن ببنه جێگره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى؟
رێبوار حه‌مه‌د: كۆمه‌ڵى ئیسلامى ره‌گ و ریشه‌یه‌كى قوڵى له‌م وڵاته هه‌یه و تواناى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێمى كوردستانى هه‌یه به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوو كه جێى ره‌زامه‌ندى خه‌ڵكى كوردستان بێت.
پۆڵه‌تیك پرێس: ده‌نگێك هه‌یه پێى وایه ئۆپۆزیسیۆن پێویستى به گۆڕانكارى هه‌یه له گوتارى خۆیدا، تاچه‌نده پێویسته ئۆپۆزیسۆن گۆڕانكارى له گوتار و جوڵه‌كانیدا بكات؟
رێبوار حه‌مه‌د: ئۆپۆزیسۆن یه‌ك هێزى سیاسى نییه، كۆمه‌ڵێك هێزى سیاسین، من به‌ناوى كۆمه‌ڵى ئیسلامییه‌وه قسه ده‌كه‌م، كۆمه‌ڵ له‌ماوه‌كانى رابردوودا هه‌ڵوێستى روونى هه‌بووه له‌سه‌ر سیستمى سیاسى له هه‌رێم، له‌سه‌ر پرسى داهاته‌كانى ناوخۆ و سه‌رچاوه‌كانى داهات و شه‌فافیه‌ت و به دامه‌زراوه‌یى كردنى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێم و پرسى سه‌ربه‌خۆكردنى هێزه‌كانى ناوخۆ و پێشمه‌رگه و پرسى سه‌ربه‌خۆیى دادگا ئه‌مانه خواستى ئێمه بوون به به‌رده‌وامى، ئێمه له پێناو حوكمڕانییه‌كى ره‌شید كارمانكردووه له هه‌رێمى كوردستان وه فراكسیۆنه‌كانمان له په‌رله‌مانى كوردستان و عێراق هه‌ر به‌م ئاراسته‌یه كاریانكردووه، ئێمه‌ش پێمان وانیه ئۆپۆزیسیۆن یان كۆمه‌ڵى ئیسلامى نابێت ره‌خنه‌ى لێبگیرێت، من پێم وایه ئه‌وه‌ى زۆرجار ئۆپۆزیسیۆن وه‌كو ده‌سه‌ڵات تاوانبار ده‌كرێت و به ئامانج ده‌گیرێت، بۆ شاردنه‌وه‌ى ناشیرینییه‌كانى حوكمڕانییه له هه‌رێمى كوردستان و ناشیرینكردنى هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانه پێكه‌وه بۆئه‌وه‌ى نائومێدى به ته‌واوى روو له تاكى كورد بكات، له هه‌ڵبژاردنى رابردوو به‌و ئاراسته‌یه كاركرا به‌و ئامانجه‌ى خه‌ڵكى ناڕازى نه‌چێته سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان، ئه‌و ئامانجه‌شیان به‌دى هێنا و به‌مه‌ش ده‌نگى ئۆپۆزیسیۆنییان له په‌رله‌مان هێنایه خواره‌وه، له به‌رامبه‌ردا به ساخته‌كارى ده‌نگى هێزه‌كانى ده‌سه‌ڵات رووى له به‌رزبوونه‌وه كرد.
پۆڵه‌تیك پرێس: زۆرجار حزبه ئیسلامییه‌كان “ئیسلامى سیاسى” ره‌خنه‌گرتن له سیاسه‌ت و كاریان ده‌به‌ستنه‌وه به ره‌خنه‌گرتن له پیرۆزییه‌كانى ئایین، ئه‌مه‌ش ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ى بۆ ده‌كرێت حزبى ئیسلامى، ئایین بۆ به‌رژه‌وه‌ندى سیاسه‌تى خۆیان به‌كارده‌هێنێت، تا چه‌نده ئه‌م بۆچوونه به راست ده‌زانن؟
رێبوار حه‌مه‌د: جارێ هه‌رخۆى به‌كارهێنانى زاراوه‌ى ئیسلامى سیاسى زۆرجار بۆلێدانى ئیسلامییه‌كان به‌كارهاتووه، ئێمه و هێزه ئیسلامییه‌كانى دیكه هێزى سیاسین و ئیسلامین وه‌ك چۆن هێزه‌كانى دیكه هێزى سیاسین و عه‌لمانین، ئه‌و قسه‌یه‌ش كه ده‌وترێت ئیسلامییه‌كان ئاینییان به‌كارهێناوه بۆ به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سى و حزبى بانگه‌شه‌یه‌كى نه‌سه‌لمێنراوه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ى پڕوپاگه‌نده‌ى بۆ ده‌كه‌ن، چونكه ئیسلام ئاینێكه ره‌گ و ریشه‌ى به‌ناو مێژووى ئه‌م میللـه‌ته‌دا چووه‌ته خواره‌وه و میللـه‌تێكى موسڵمانین باوه‌ڕمان وایه ئێمه هێزێكین به‌پێى پره‌نسیپه دینییه‌كان خزمه‌تى نیشتمانه‌كه‌ى خۆمان ده‌كه‌ین، ئه‌و كاته‌ى پێویست بووبێت له سه‌نگه‌رى به‌رگرى له میللـه‌تى خۆمان بووین له شاخ ، چه‌كمان هه‌ڵگرتووه و قوربانیمان داوه وه‌كو هێزێكى ئیسلامى، ئه‌و كاته‌ى خه‌باتى مه‌ده‌نى گه‌شه‌ى كردووه له كوردستان ئێمه‌ش خه‌باتى مه‌ده‌نیمان كردووه و ویستوومانه له رێگه‌ى خه‌باتى په‌رله‌مانییه‌وه ئه‌و پرۆژه‌ى ئیسلامى سیاسییه‌ى هه‌مانه خزمه‌تى گه‌له‌كه‌ى خۆمانى پێبكه‌ین، ئێمه كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردووه ئایینى ئیسلام خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌كات له رێى میدیاوه بووبێت یان له رێگه‌ى گوتارى سیاسیمانه‌وه بێت یان له رێگه‌ى خه‌باتى په‌رله‌مانییه‌وه بووبێت، باوه‌ڕیشمان وایه له‌ده‌ستوور یان به یاسا ده‌بێت ئه‌وه بپارێزین كه پیرۆزییه ئاینییه‌كان هێڵى سوورن و نابێت ببه‌زێنرێن.
كۆمه‌ڵ پرۆژه‌یه‌كى سیاسى كاریگه‌رى هه‌یه له كوردستاندا
پۆڵه‌تیك پرێس: ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا له‌ناو خودى كۆمه‌ڵ ره‌خنه‌یه‌ك هه‌بوو كه ئه‌م حزبه خاوه‌نى پرۆژه‌یه‌كى گشتگیرنیه بۆ چین و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگه، هه‌ندێك ئه‌ندامتان له‌مباره‌یه‌وه نیگه‌ران بوون و وازیان هێنا، قسه‌ى ئێوه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته چییه؟
رێبوار حه‌مه‌مه‌د: پێم وانیه هیچ كاردرێكى كۆمه‌ڵ دووركه‌وتبێته‌وه له‌سه‌رئه‌وه‌ى كه پرۆژه‌یه‌كى گشتگیرمان نه‌بێت، ده‌كرێت هه‌ندێك ئه‌ندام و كادر به‌هۆى نیگه‌رانییه‌كى ناوخۆیى له قۆناغێك له قۆناغه‌كان نیگه‌رانییان بووبێت، هه‌موو ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵ به‌وانه‌یشى دووركه‌وتوونه‌ته‌وه كۆكن له‌سه‌رئه‌وه‌ى ئه‌م هێزه پرۆژه‌یه‌كى سیاسى كاریگه‌ربووه له كوردستاندا، ئه‌مه نه‌ك ته‌نها له ناوخۆى كۆمه‌ڵ به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى شه‌قام و راى گشتى و میدیاى ئه‌هلى پێشوازى له گوتاره‌كه‌ى كراوه، ته‌نانه‌ت له ناو هێزه ئۆپۆزیسۆنه‌كانى دیكه تاكه هێزین سه‌ره‌ڕاى به‌رزى رێژه‌ى به‌شدارى نه‌كردن له هه‌ڵبژاردن و نیگه‌رانییه‌كانى خه‌ڵك نه‌ك پاشه‌كشه‌ى نه‌كرد به‌ڵكو رێژه‌ى كورسییه‌كانیشى زیادى كرد، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵ پرۆژه‌یه‌كى سیاسى كاریگه‌رى هه‌یه له كوردستاندا، تا ئێستاش له پێشه‌نگى هێزه‌كانى ئۆپۆزیسیۆنه له په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى میدیاى كۆمه‌ڵ و گوتارى سیاسیمان بكه‌ن ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م هێزه پرۆژه‌یه‌كى سیاسى گشتگیرى هه‌یه و له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان كارده‌كات، ئێمه كۆنگره‌مان له پێشه ده‌كرێ پێداچوونه‌وه به گوتارى سیاسى و كاركردنمان بكه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌ى زۆرینه له‌سه‌رى رێكبكه‌وێت ئه‌گه‌ر ته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانى كۆمه‌ڵدا كارى له‌سه‌رده‌كرێت.
پۆڵه‌تیك پرێس: جوڵه‌یه‌ك هه‌یه له‌ناو كۆمه‌ڵى ئیسلامى به ئاراسته‌ى كرانه‌وه‌ى زیاتر، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى بۆچوونى دژیان له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه یان روونتر بڵێین هه‌ڵگرى بیروراى سه‌له‌فین ناهێڵن ئه‌م هه‌نگاوه زیاتر بچێته پێشه‌وه، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو تێڕوانین و دیدگایه ده‌كه‌ن؟
رێبوار حه‌مه‌د: ئه‌و دابه‌شكارییه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌م هێزه ده‌كرێت، له ناوخۆى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بوونى نیه، ئێمه ئه‌میرى حزبمان هه‌یه و یه‌ك سه‌ركردایه‌تى و ئه‌نجومه‌نى سیاسیمان هه‌یه، هه‌موو ئه‌م بابه‌تانه له سه‌ركردایه‌تى گفتوگۆیان له باره‌وه ده‌كرێت، به‌ڵام ئاساییه ئه‌م گفتوگۆیانه كه ده‌كرێن بیروراى جیاوازى تێدابێت، وه خاوه‌نى بیروڕا جیاوازه‌كان به‌ڵگه بۆ بیروبۆچوونه‌كه‌ى ده‌هێنێته‌وه كه چۆن كۆمه‌ڵى ئیسلامى پێشده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تى له ئێستادا كه به‌ره‌و كۆنگره ده‌ڕۆین، گفتوگۆ و مشتومڕه‌كان زیاتر ده‌بن، به‌پێى ئه‌و ره‌شنووسه‌ش دراوه‌ته كۆنفرانسه ناوخۆییه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى و گفتوگۆى له‌سه‌ركراوه، دوا راپۆرتى په‌سه‌ندكراوى هه‌ر 12 كۆنفرانسه‌كه‌ى حزب ئاراسته‌ى سه‌ركردایه‌تى كراوه‌ته‌وه، رۆژى پێنج شه‌ممه 10ى 12ى 2020 سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵ كۆده‌بێته‌وه بۆ گفتوگۆى ره‌شنووسى په‌سه‌ندكراوى كۆنفرانسه ناوخۆییه‌كان، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ره‌شنووسه په‌یكه‌ره‌ى حزب و ئاراسته‌ى كارى داهاتوو حزب، له كۆنگره‌دا داده‌ڕێژرێته‌وه، ئێمه 25 بنه‌ماى شه‌رعى و هێڵه گشتییه‌كانى كاركردنمان هه‌یه، كه ئه‌مانه كۆمه‌ڵى ئیسلامی‌یان له‌سه‌ر دامه‌زراوه و كاتى خۆى له‌لایه‌ن ئه‌میرى كۆمه‌ڵه‌وه نووسراون و سه‌ركردایه‌تى په‌سه‌ندى كردوون له چوارچێوه‌ى ئه‌و 25 بنه‌مایه كۆمه‌ڵ هه‌موو ده‌رگایه‌كى له‌به‌رده‌مدا واڵایه، چۆن به‌رووى كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كرێته‌وه و له گۆڕه‌پانه‌كه كاریگه‌رترده‌بێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ش زۆرینه بڕیاریان له‌باره‌وه ده‌دات.
پۆڵه‌تیك پرێس: كه‌ى كۆنگره‌ى چواره‌م ده‌به‌ستن؟
رێبوارى حه‌مه‌د: رۆژى پێنج شه‌ممه‌ى داهاتوو 10ى 12ى 2020 كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى واده‌ى به‌ستنى كۆنگره دیارى ده‌كات، دواكه‌وتنى كۆنگره‌ش به‌هۆى ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه ته‌ندروستییه‌وه بوو كوردستان و جیهانى گرته‌وه، په‌تاى كۆرۆنا رێگربووه له به‌ستنى كۆنگره.