تووڕەیی خۆپشاندەر حیزب‌و حكومەت دەسووتێنێت

پۆڵەتیك پرێس:
سێ خۆپیشاندەرو كارمەندێكی پۆلیس برینداربوون، ئەوەش دوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانێك لەشارۆچكەی سەیدسادق.

خۆپیشاندانەكە سەر لەئێوارەی رۆژی دوو شەممە حەوتی تشرینی دووەم، لەبەردەم بارەگای ناوچەی پارتی دەستیپێكردو دواتر گرژی لێكەوتەوەو بەهۆیەوە بارەگای ناوچەی پارتی‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و پاشان كۆمیته‌ی یەكێتی سووتێنران.

خۆپیشاندەرانی سەیدسادق، هەر بەسووتاندنی بارەگا حیزبەییەكانەوە نەوەستان‌و دواتر بینای قایمقامییەت‌و بنكەی پۆلیس‌و پاشان ماڵی قایمقامیشیان سووتاند.

ئەو گرژییانەی سەیدسادق، سەرەتای گرژییەكان بوون، بۆ سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لەچەند ناوچەیەكی تری هەرێم

ئەو گرژییانەی سەیدسادق، سەرەتای گرژییەكان بوون، بۆ سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لەچەند ناوچەیەكی تری هەرێمی كوردستان لەوانەش، خۆپیشاندان لەبازیان‌و چەمچەماڵ‌و رانییەو پیرەمەگرونیش.

چەند رۆژێكە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەستیان بەگفتوگۆو كۆبوونەوە كردووە

هەر بەهۆی گرژییەكانەوە لەشارۆچكەی چەمچەماڵ گەنجێك شەهید بوو، ئەمە جگە لەبرینداربوونی سێ‌ كەسی تر، ئەوەش لەئەنجامی تەقەی پاسەوانانی لقی پارتی دیموكرات.

ئەو خۆپیشادانانەی رۆژی دووشەممە درێژەی زنجیرەیەك خۆپیشاندانە، كە لەچەند رۆژی رابردوو ئەنجامدرا، بەتایبەتی ئەو خۆپیشاندانەی لەشارۆچكەی پیرەمەگرون ئەنجامدراو خۆپیشاندەران بارەگای ناوچەی پارتی‌و كۆمیتەی یەكێتیان سووتاند.

پێشتر لەشاری سلێمانی خۆپیشاندان بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو، كە سەرجەمی خۆپیشاندانەكان پەیوەندی بەخراپی گوزەرانی خەڵكی‌و دابەشنەكردنی موچەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە.

ئەم خۆپیشاندانانەش لەكاتێكدایە، چەند رۆژێكە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەستیان بەگفتوگۆو كۆبوونەوە كردووەو بڕیارە رۆژی سێ‌ شەممە، كۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕانیش بەرێوەبچێت.

سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی لەمیانی لێدوانێك لەبارەی كۆبوونەوەكە وتی: لەو كۆبوونەوەیە باسی بژێوی خەڵكی‌و چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەكەین، كە ئەوە هۆكاری سەرەكی قەیرانی داراییە.

هەوڵ دەدەین بەزوویی چارەسەرێك بۆ ئەم دۆخە بدۆزینەوە

سۆران جەمال تاهیر وتیشی: هەوڵ دەدەین بەزوویی چارەسەرێك بۆ ئەم دۆخە بدۆزینەوە، بەتایبەتی پرسی چارەسەری كێشەكانی هەولێرو بەغدا.

پێشتریش هۆشیار عومەر عەبدوڵڵا رێكخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی گۆڕان رایگەیاندبوو، كە دۆخی هەرێمی كوردستان زۆر خراپەو ئەگەر دۆخەكە چارەسەر نەكرێت، ئەوە بەرەو خراپبوونیش دەچێت.

چاودێران وای دەبینن، كە خۆپیشاندەران لەهەموو حیزبەكان تووڕەن‌و تووڕەیی خۆپیشان بەسوتاندنی بارەگا حیزبی‌و حكومییەكان دەردەبڕن.

لەو بارەوە مەسعود عەبدولخالق دەڵێت: تا دەسەڵات بارەگای حیزبەكانی تری دەسوتاند ئەوا شەعبیەتی زیاد دەبوو، بەڵام ئێستا میللەت وا بارەگای دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسۆن دەسوتێنێت، مانایەك بۆ حیزبایەتی لەكوردستان نەما.

سوتاندنی بارەگاكان هەمووی بە یەك دەنكە شقاتەیە، بەڵام هەریەكە بەهۆكارێكە

هەروەها دەشڵێت: سوتاندنی بارەگاكان هەمووی بە یەك دەنكە شقاتەیە، بەڵام هەریەكە بەهۆكارێكە، پارتی وەك سزای سەرەكییە، هی یەكێتی بەهۆی بەشدارییە، هی یەكگرتوو و گۆڕان بەهۆی هاریكاریان لەگەڵ دەسەڵات، كۆمەڵ و ئەوانی تر لەبەر بێهەڵوێستی ئێستایە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا