پۆڵه‌تیك پرێس:
لیژنه‌ی په‌رله‌مانیی لێكۆڵینه‌وه له‌گرێبه‌سته‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق ئه‌و خه‌رجییانه ئاشكراده‌كات، كه له 14 ساڵدا عێراق داویه‌تی به سێكته‌ری كاره‌با.
لیژنه‌كه ڕۆژی دووشه‌ممه له‌ڕاپۆرتێكدا ورده‌كاریی لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌دۆسیه‌ی گرێبه‌سته‌كانی كاره‌با ئاشكراكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، له‌ماوه‌ی 14 ساڵدا 81 ملیار دۆلار بۆ كه‌رتی كاره‌با له عێراق خه‌رجكراوه، ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌هه‌ده‌ردانێكی ئاشكرا ناوبراوه.
هه‌ر به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه، وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك پڕۆژه‌كانی په‌نای بۆ قه‌رزكردن له‌بانكی نێوده‌وڵه‌تی، بانكه‌كانی ژاپۆن، سوید و ئه‌ڵمانیا بردووه، له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه به “عه‌یبێكی گه‌وره بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت” ناوبراوه.
هاوكات بڕیاره ڕاپۆرته‌كه ئاڕاسته‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق بكرێت به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر و سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی له گرێبه‌سته گوماناوییه‌كان تێوه‌ده‌گلێن.
سێكته‌ری كاره‌با، یه‌كێكه له سێكته‌ره پڕ له گومانه‌كانی عێراق و له‌دوای پڕۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق تا ئێستا، نه‌توانراوه چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كاره‌با بكرێت.