مەرگێك لە ئابسەرد

لە دەرەوەی تاران بە ٧٠ كیلۆمەتر، لە چیاكانی دەماوەند، دوشەممەی ڕابوردوو، محسن فەخریزادە مهابادی، لە ڕوداوێكی ئاڵۆزی فلیم ئاسادا كوژرا.

كەس ئەوەندە لە سەر موحسن نازانێت. لە دایكبوی شاری قوممە. هەندێك دەڵێن ١٩٥٧ و هەندێكی تر دەڵین نەخێر ساڵی دوایی لە دایك بوە. كەسێكی دیار نەبوو، هەتا گۆڤاری فۆرن پۆلەسی لە ساڵی ٢٠١٣ وەك كەسێك كاریگەر پۆلێنی كرد لە ئاستی دونیادا، لە بەر ڕۆڵی لە پرۆسەی چەكی ئەتۆمی ئێراندا.

پاشان نەتانیاهو ناوی هێنا. ئەو بە باوكی چەكی ئەتۆمی ئێران لە قەڵەم ئەدرێت. یەكەم كەس نیە لەو بوارەدا كاربكات و بە ڕوداوی گومانای بكوژرێت، بەڵكو شەشەم كەسە. لە ڕاپۆرتی مەرگیدا دیسانەوە باس لە كوشتنی قاسم سلێمانیش دەكرێت. قاسم ئەندازیاری هەژەمۆنیەتی ئیرانی بوو لە ناوچەكە، موحسن باوكی ئەو سیستەمەیە كە ئێران دەپاریزێت. ئێران بەبێ چەكی ئەتۆمی ناتوانێت بە ئاسانی هەژەمۆنیەتی هەبێت.

بەڵام مەرگی فەخریزادە تەنها لە بەر ئەوەنیە كە باوكی چەكی ئەتۆمی ئێڕانە، بەڵكو ئاڵۆزی تری زۆر لە ئەو روداوەدا هەیە. ئەم كوشتنە وەك ئەو مردنانە وەهایە كە لە ڕۆمانەكانی ژانڕەی تاواندا دەیخوێنینەوە.

ئەم مەرگە پڕ توێژاڵە چ لە ڕوی كات و شێوازی ئەنجامدان و ئامانج و كاریگەرییەكانی لە سەر هاوسەنگی و ڕەفتاری هێزەكان لە ناوچەكە. بەڵام لە سەروی هەمویەوە ڕوداوێكی پڕ لە ئاماژەیە بۆ داهاتوی ناوچەكە. بۆ لە ئێستادا ئەم كوشتنە ڕویدا؟ دونیا و ناوچەكە لە ڕۆژگارێكی ڕاگوزەردا دەژی. ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكی دژە ئێران، هەڵبژاردنی دۆڕاندوە و كەمتر لە دوو مانگی ماوە لە ئۆفیسدا. كۆمەڵێك ئاماژە هەیە كە ئەگەری هەیە ئیدارەی بایدن ڕێككەوتنامە ئەتۆمییەكەی سەردەمی ئۆباما ببوژێنێتەوە، بەڵام ئیسرائیل و عەرەبەكان (سونییەكان) بە ئەمە دڵخۆش نین. بۆیە ئامانجی هەرە سەرەكی ڕوداوەكە كوشتنی فەخریزادەنیە وەك كەس، بە دڵنیاییەوە ئەوە گرنگە، بەڵام بەكارهێنانیەتی وەك كارتی فشار بۆ ئەوەی ئێران ناچار بكرێت پەرچەكرداری هەبێت و لە ئەنجامدا ئەو پەرچەكردارە دۆخێكی وەها بهێنێتە ئاراوە كە بایدن نەتوانێت باس لە بوژانەوەی ڕێككەوتنامەكە بكات. دیارە ئەم ڕوانگەیە كە زاڵە بە سەر شیكاریی ڕوداوەكەدا، بێ كێشە نیە. چونكە ئەستەمە بتوانرێت لە ماوەیەكی كەمدا كارێكی وەها ئاڵۆز، مەبەست كوشتنی موحسن، ڕێكبخرێت.

كەواتە تەنها ڕەنگە ڕێككەوت بێت كە ئەم كوشتنە كەوتوەتە ئەم كاتەوە. ئەم كوشتنە ئێران دەخاتە بەردەم بژاردەی یان بێبژاردەیی سەختەوە. وەڵامدانەوە و وەڵامنەدانەوە هەردوو ئاڵۆزی خۆیان هەیە. نەیارانی ئێران لە ناوچەكە لە دۆخێكی وەهادا، ئێرانیان خستوەتە گۆشەیەكەوە هەرچیەك بكات براوەنیە. ئەمە یارییەكی ستراتیژی و سەربازی و جیوپۆلەتیكی سەختە. ئێران لە دۆخێكدایە كە ئەگەر وەڵام بداتەوە، وەڵامەكەشی دژ بە ئیسرائیل بێت، ئەوا بەهانە بە ئیسرائیل دەدات بۆ لێدانی، ئەگەر وەڵام نەداتەوە ئەوا زەمینەی واقیعێك دەخولقێنێت كە ئیسرائیل بەبێ نیگەرانی یان لە بەرچاوگرتنی هیچ مەترسییەك بەردەوام لە ئێران بدات نەك لە سوریا و لوبنان و جێگاكانی تر، بەڵكو لە دڵی ئێراندا. لە هەمانكاتدا ڕوداوەكە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە پلانی دەستپێكردنەوەی دانوستان لە گەڵ ئێراندا كارێكی ئاسان و بێ ڕكەبەر نابێت.

چۆن كوژرا؟
ڕەنگە كوشتنی فەخریزادە یەكەم كوشتنی لەو جۆرەبێت، لە ڕوی تەكنیكییەوە. دەتوانین ناوی بنێین كوشتنی AI یان زیرەكی دەستكرد. لە ساڵانی ڕابوردودا تەكنەلۆجیا ئەنجامدانی جەنگی بە شێوازێكی ڕادیكاڵ گۆڕی. چیدی جەنگ لە نێوان جەنگاوەراندا بەڕێوەناچێت. بەڵكو جەنگ وەك جۆرێك لە یاری پلەی ستەیشنە. مرۆڤەكان لە جێگا دورەكانەوە لە شوێنە سەلامەت و بێ مەترسییەكانیان، جەنگەكان لە جێگا دورەكان بەڕێوەدەبەن. دووركەوتنەوەی مرۆڤ لە جەنگی ڕوبەڕوو پرسێكی گەورەی ئەخلاقی و سەربازی هێناوەتە ئاراوە. كوشتن لە دورەوە یان بە ڕیمۆت كۆنترۆڵ، كوشتن بە درۆن، هەبونی توانای چاودێریی ناكۆتا، هەموو وەهایكردوە كە مەیدانی جەنگ بۆ هەمیشە بگۆڕێت. كوشتنی فەخریدزادە بە ئەوجۆرە، دەرخستنی باڵایی تەكنەلۆجیایە، پێش هەموو شتێك. ئەم ئاماژەیە لە هەمانكاتدا دەرخەری ئەوەیە كە ئەو توانایەی كە تەكنەلۆجیا دەیبەخشێت سنوری نیە و ناتوانرێت ڕێگری لێبكرێت. كوشتنی فەخریزادە لە شاری ئابسەرد ئاوێكی سارد بە دڵی نوخبەی سیاسی و سەربازی ئێرانیدا دەدات كە ئەوانە لە بەردەم سیستەمێكی باڵان لە ئامرازی جەنگ. بەڵام بوارێكی تری ئێجگار هەستیار جێگای تێڕامانە. ئایا چۆن هێز و لایەنە نەیارەكان دەستیان دەگات بە ئەو هەموو زانیارییە هەستیارانە دەربارەی كەسانی گرنگی ناو سیستەمی ئاسایشیی و حوكمداری ئێرانی. بە گشتی چاودێران ئەگەری سێ بژاردە دادەنین. یەكەم، دەكرێت سیستەمی ئاسایشی ئێرانی هێندە شپرز و پەرتەوازەبێت كە بە ئاسانی زانیاری دزە بكاتە دەرەوە و هیزە دەرەكیەكان بگەنە ناوی. دووەم، دەبێت سیستەمی ئەلیكترۆنی ئێرانی هێندە لاوازبێت كە بتوانرێت لە لایەن ئەوانیترەوە دزە بكرێتە ناوی هەموو زانیارییەكان ببرێت. سێیەم، دەكرێت لە هەناو سیستەمی ئاسایشی ئێرانیدا خەڵك هەبێت كە كار بۆ هێزی دەرەكی بكات. دەكرێت هەموو ئەمانە بە یەكەوە بن. بەڵام هەبونی زانیاریی وورد لە سەر شوێن ون كاتی جوڵەی كەسێكی وەك موحسن دەرخەری ئەوەیە كە زانیاری لە دڵی سیستەمی ئاسایشی ئێرانییەوە دەگاتە دەرەوە. ئەمەش مایەی پەشۆكانە بۆ سیستەمەكە و لە هەمانكاتدا جەنگێكی دەرونی گەورەیە.

بژاردەكانی بایدن؟
بێرنی ساندەرس كرداری كوشتنی فەخریزادەی سەركۆنە كرد. لە تویتێكدا داوای ئەوەی كرد كە دەبێت دیپلۆماسی ڕێگاچارەبێت، نەك تیرۆر. ئەم هەڵوێستە دەرخەری ئەو دۆخە سەختەیە كە بایدن نەك تەنها لە گەڵ نەیارەكانیدا، بەڵكو لە گەڵ پارتەكەی خۆیدا، تیایدا دەژی. ئەم دۆخە ئاڵۆزە لە ئەو كێشانەدا دەبینین كە لە دەستنیشانكردنی وەزیری بەرگریدا بایدن ڕوبەڕوی دەبێتەوە. باڵی چەپی دیموكرات نایانەوێت كەسێك ببێت بە وەزیری بەرگریی كە نزیك بێت لە كۆمپانیاكانی چەك و لۆبییەكانی چەك. زۆرجار ڕودەدات كە كەسانی نزیك لە لۆبییەكانی چەك دەبنە بەرپرسی وەزارەتی دەرەوە. لە سەردەمی ترەمپدا، گەرچی ترەمپ پەیمانیدا كە زۆنگاوەكە وشك بكات، بەڵام دوا وەزیری بەرگریی لە دڵی لۆبیی چەكەوە هاتبوو. ئەو ئافرەتەی كە بایدن نیازی هەبوو بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی دایبنێت بە كەسێكی نزیك لە لۆبی چەكەوە دەبینرا لە لایەن باڵی پێشكەوتوی پارتی دیموكراتەوە. بۆیە هەتا ئێستا ئەو پۆستە یەكلایی نەكراوەتەوە. بەڵام لۆبیی ئیسرائیلی و سعودی و كۆمارییەكان و فشاری دۆخی ناخۆ ڕێگە نادات بە ئاسانی لە ماوەیەكی دەستوبرددا پرسی دانوستانی ئێران ببێتە پرسێكی سەرەكی ئیدارەی بایدن.

وەك كوشتنی فەخریزادە دەریدەخات كە نەیارانی ئێران دەستوەوەستان نابن لە هەنگاوەكانیان و هێشتا مانگ و نیوێك ماوە بۆ ئەنجامدانی كاری زیاتر. دەرئەنجامەكان وەها دیارە ئامانجی نەیارانی ئێران لە ناوچەكە ئەوەیە كە بە هەموو شێوەیەك ڕێگریی لە ئەوە بكەن ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی. ئێرانیش ئامادەیە هەموو هەوڵێك بدات لە پێناو بە دەستهێنانی چەكی ئەتۆمی. چەكی ئەتۆمی بۆ ئێران وەك قەڵغانێك دەبینرێت كە دەیپارێزێت لە فشار و دەستوەردان و ڕێگەی بۆ خۆش دەكات هەتا بگەڕێتەوە ناو سیستەمی ئاسایش و ئابوری ناوچەكە. لە دۆخێكی وەهادا ململانێ بەردەوام دەبێت. ئەم ململانێیە بە گشتی بە شێوازی ناڕاستەوخۆ بوە هەتا ئێستا، بەڵام پاش كوشتنی سلێمانی و فەخریزادە وەها دیارە ئێمە بەرەو قۆناغی ڕاستەوخۆ دەچێن بەڵام بە شێوازێكی تایبەت، لە ڕێگای ناڕاستەوخۆوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە ناوچەكە لە سەردەمێكی تایبەتدا دەژی. عەرەب لە ناوچەكە زۆرینەن، بەڵام خاوەن هیچ دەسەڵاتێكی ڕاستەقینە نین. ئەم بێدەسەڵاتییەی عەرەب زەمینەی بۆ ئیسرائیل ڕەخساندوە كە ڕۆڵی جەمسەرێكی هەرێمی ببینێت. ئەمەش وەها دەكات كە ناوچە عەرەبیەكان گۆڕەپانی ململانێكان بن. عێراق و سوریا لەم دۆخەدا وەك دوو گۆڕەپانی ململانێ دەمێننەوە. بە گۆڕەپان بونی ئەم دوو وڵاتە كاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر كورد هەیە. چەند هەفتەی داهاتوو ساڵیادی كوشتنی قاسم سلێمانییە. ئەمریكا بەشێك لە كارمەندانی دیپلۆماسی دەباتە دەرەوە، هەروەها لە هەفتەی داهاتودا بڕێكی تر لە سەربازەكانی دەكشێنێتەوە. ئێمە لە بەردەم هاوكێشەیەكی ئاڵۆزداین، ناوچەكە هەتابێت زیاتر ئاڵۆزدەبێت و لە هەمانكاتدا گرنگی بۆ ئەمریكا كەم دەكات.

سەردار عەزیز

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک