نالی لە سەدەی بیست‌ویەکدا

نووسینی: بەختیار حەمەسور

١
دکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە یەکێکە لە نووسەرە ورد و بابەتییەکانی ڕەخنەی کوردیی، بێ هیچ دوودڵی و گومانێک، بۆ وەڵامدانەوە بە پرسیاری: ڕەخنە و ڕەخنەگریی کوردیی بوونی هەیە یان نا؟ دەتوانین ناوی دکتۆر ڕەهبەر و بوونی وەک ڕەخنەگرێک، بەو پرسیارە قیرسچمەیە بدەینەوە و بسەلمێنین بەڵێ. ڕەخنەگرێک، کە بە چاوێکی پشکنەرانە و کەشفکەرانە، لە چوارچێوەیەکی زانستیدا، بە توانستێکی مەعریفییەوە، دەق دەخوێنێتەوە و لە بارەیەوە دەنووسێت. گەرچی ئەم نووسەرە تا ئێستا تەنیا دوو کتێبی هەن، کە ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ گرفتی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام شێلگیرانە و بە عەشقەوە، لە بڵاوکراوە، ڕۆژنامە، گۆڤار، ماڵپەڕەکاندا، بە دەیان لێکۆڵینەوەی لە سەرجەم بابەتە ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، فیکری، کولتووریی، زارەکی، وەرگێڕان، گفتوگۆ و… هەن و یەکێکە لە پڕکارترین نووسەرانی کورد. بەداخەوە کارەکانی ئەم مامۆستا ئەکادیمیستە لە باشوور وەک پێویست نەبینراون و نەخوێندرانەتەوە، تەنانەت ڕەنگە بۆ زۆرێک لە هاوڕێ نووسەر و خوێنەرەکانیشمان، ناوی دکتۆر ڕەهبەر، ناوێکی تازە و نەبیستراو بێت. بەهەرحاڵ، هیوادارم ئەم کتێبە نوێیەی دەرفەتێک بێت بۆ ناسین و ئاشنابوون بەم دەنگە جددیی و سەرڕاستەی بواری ڕەخنە.
٢
«ئافاقی شیعری نالی» تازەترین کتێبی دکتۆر ڕەهبەرە و بڵاوکراوەی «مادیار» چاپی کردووە. کتێبەکە ٣٣٥ لاپەڕەیە، زۆر نییە لە خوێندنەوەی بوومەتەوە. چەند ساڵێکە، هەر نووسینێک دەربارەی “نالی” دەبینم، دەیخوێنمەوە، بێئەوەی ناوی نووسەرەکەیم بۆ گرنگ بێت. لەو کەسانەی کە دیارن و بە نووسین و لێکۆڵینەوەی هەمەلایەن و پسپۆڕانە پەرژاونەتە سەر دنیای نالی، منیش پەرۆشانەتر پەرژاومەتە سەر خوێندنەوەیان، لەوانە: بنەماڵەی مامۆستای مودەڕڕیس، دکتۆر مارف خەزنەدار، مامۆستا مەسعوود محەمەد، ڕێبوار سیوەیلی، محەمەد حەمەباقی، مامۆستا عەبدولخالق یەعقووبی، مامۆستا جەعفەر و… لەپاڵ گرنگی نووسراوی ئەوانەدا، لەم لێکۆڵینەوەیەدا، دکتۆر ڕەهبەر، دەیان پەنجەرە و دەرگای تر بەسەر دنیای شیعری واڵا دەکات. یەکێک لەو کارانەی دکتۆر کردوویەتی و بە هەوڵەکەیەوە گەش‌گەش دیارە، ئەوەیە، کە بەئاگایی هەوڵی کەسانی پێشترەوە دەستی داوەتە ئەم لێکۆڵینەوە و شتانێک کەشف دەکات، ئەوانی تر کەشفیان نەکردووە، یان لامسەرلایی لێی تێپەڕیون. لەم کتێبەدا، جۆرێکی تر لە ڕاڤە و ڕوانین بۆ شیعری نالی دەخوێنینەوە، دەلاقەی بەرینتر بەڕووماندا دەکرێتەوە، هان دەدرێین جارێکی تر و بە چاوێکی تر، بچینەوە سەر دیوانەکەی و بیکەینەوە و بیخوێنینەوە. ئەگەرچی نالی و شیعری نالیم بەردەوام لا خۆشەویست بووە و گەورەیی ئەوم لە زەین و بەرچاودا بووە، بەڵام پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، هەم خۆشەویستیم بۆی زیادتر بوو، هەم شکۆ و شەهامەتی وەک یەکێک لە کۆڵەکەی شاعیرانی کلاسیکی ئێمە، لا گەورەتر بوو.
٣
دکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە لەم کارە تاقەتپڕووکێن و بەسەبرەیدا، مۆدێلێکی تر لە خوێندنەوەی دەقی کلاسیک پێشنیار دەکات، مۆدێلێک کە دەکرێت ببێت بە نەریت و چاوی لێ بکرێت. ئەو کەسانەی شیعری کلاسیکیان لا مەبەستە و بە نیازن وەک پڕۆژە لە داهاتوودا کاری لەسەر بکەن، ئەم کتێبە دەتوانێت بەرچاوڕوونییەکی جددیی بێت، نەک بەتەنیا بۆ نالی، بەڵکوو بۆ کۆی شیعری کلاسیکی کوردی.

دکتۆر ڕەهبەر مەحمودزادە 

کتێبی ئافاقی شیعری نالی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا