بەغدا بەرێژەیەكی كەم نەوتی سپی بۆ هەرێم دەنێرێت

پۆڵەتیك پرێس:
حكومەتی عێراق بەرێژەیەكی كەم نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت‌و بەو هۆیەشەوە پرۆسەی دابەشكردنی نەوت بەسەر ماڵاندا بەخاوی بەرێوەدەچێت.

لەو بارەوە كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: پرۆسەی هاتنی ئەو بڕە نەوتەی لە بەغداوە دەنێردرێت زۆر كەمەو رۆژانە چوار بۆ پێنج تانكەر نەوت، كە دەكاتە نزیكەی 150 هەزار بەرمیل نەوت دەنێردرێت.

كەریم عەلی وتیشی: دابەشكردنی نەوت هەر لەماڵبەندی دوی سلێمانی بەردەوامە و دواتر ئەو ناوچانەی ساڵی پار نەوتیان وەرنەگرتووە پێیان دەدرێت، بەپێی ئەو رێژە نەوتەی دەگاتە دەستمان.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی عێراق بۆ ناردنی ئەو بڕە نەوتە هیچ پابندییەكی لەگەڵ هەرێم نییەو وەك هاوكاریەك دەینێرێت هەركات بیەوێت دەتوانێت رایبگرێت، لەرابردووشدا نووسراویان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە پشت بەو نەوتەی بەغدا نەبەستێت، چونكە بڕەكەی كەمە و باجی سەر گومرگی لەسەر نەوتی هاوردە هەڵبگرێت ئەوان هیچ وەڵامێكیان نەداوەتەوە.

ساڵانەو لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی سەرما هەوڵی هێنانی نەوت بۆ هەرێم دەدرێت، بەڵام بەهۆی زۆری باج لەسەری، نرخی نەوتەكە بەگران لەسەر هاووڵاتیان دەكەوێت و ئەو نەوتەش، كە لەبەغداوە دەنێردرێت بەشی پڕكردنەوەی پێداویستی شارەكان ناكات‌و بەرپرسانیش ساڵانە گەڕەكەكانی سەنتەری شارەكان لەدابەشكردنی ئەو نەوتە بێبەش دەكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بەژمارە 2099 ، كە واژووی محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری جێبەجێكاری نەوت و كانزاكانی لەسەرە ئاڕاستەی پارێزگاری سلێمانی كراوەو تێیدا داوای كردووە بەهۆكاری دیاردەی (پیكاب و دووتەنی)، كە بوونەتە هۆكاری ئەوەی هاووڵاتیان نەتوانن بەشەنەوتی خۆیان وەربگرن دابەشكردنی نەوت رابگرێت تا ئەو كاتەی مەفرەزەكانی ئاسیاش و پۆلیسی هاتووچۆ هاوكاری تیمەكانی دابەشكردنی نەوت دەكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا