هۆشداری لەمایەپووچبوونی عێراق دەدرێت

شارپرێس:
عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: نیشاندەرەكانی سندوقی نێودەوڵەتی و بانكی جیهانی جەخت دەكەنەوە، ئەگەر قەرزە داراییەكانی حكومەتی عێراق بەردەوام بێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان، ئەوە تووشی مایەپووچبوون دەبێت.

عەبدولهادی سەعداوی دەشڵێت: هێشتا پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 لەكابینەی حكومەتدایەو تائێستا نەنێردراوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی وردەكاریی پڕۆژەكە ببینین‌و بزانین چۆن چارەسەری كورتهێنان دەكاتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە مانەوەی كورتهێنان لەبودجە زیانی زۆر لەئابووری عێراق دەدات‌و دەبێت بەزوویی حكومەت كار بۆ چارەسەری ئەو كێشانە بكات.

سەعداوی جەختی لەسەر پێویستی ئەوە كردەوە، كە حكومەت دەتوانێت چارەسەری كورتهێنان بكاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر سەرچاوەی داهاتی فرەچەشن بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئێستا حكومەتی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە بودجەی 2021، كە پێشبینی دەكرێت پرۆژەكە زۆرترین كورتهێنانی لەمێژووی وڵات هەبێت، ئەوەش بەهۆی كەمی داهات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا