پۆڵەتیك پرێس:
داوا دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەو رێككەوتنەی لەگەڵ عێراق بۆ پرسی بودجەو نەوت دەیكات.
هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لەئێستادا گرنگترین كارێك هەرێم بیكات بۆ یاسای بودجە ئەوەیە بەكردار پابەندبوونی خۆی بسەلمێنێت نەك تەنیا بەقسە.
هۆشیار عەبدوڵڵا وتیشی: لە رووی یاساییەوە تا بودجەی ساڵی 2021 لەئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند نەكرێت شتێك نییە ناوی رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، بۆیە ئەگەر پەسەند كرا دەبێت هەولێر پابەند بێت بەرێككەوتنەكە.
شەوی پێنجشەممەی رابردوو 3ی ئەم مانگە، شاندی تەكنیكی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردو دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە، راگەیەنرا، كە لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولا هاتووەتە ئاراوە.
بڕیارە دوای تاوتوێكردنی لێكتێگەیشتنەكەش لەنێوان هەردوولا رێككەوتنێك واژوو بكرێتو ئەو رێككەوتنە لەپرۆژەیاسای بودجەی گشتی جێبكرێتەوەو پەرلەمان پەسەندی بكات.