دۆخی زیندانییانی چاكسازییەكانی هەرێم خراپە

پۆڵەتیك پرێس:
دۆخی زیندانییانی چاكسازییەكانی گەوران لەهەرێمی كوردستان خراپە، كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسی لەسەر ژیانیان دروستكردووە.

لەو بارەوە بەدرییە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: دۆخی زیندانییانی چاكسازی گەورانی هەولێر و سلێمانی خراپە، دهۆك باشترە، زیندانییانی سلێمانی گلەییان لەخواردنەكانیان هەیە هەولێریش پاڵەپەستۆیەكی زۆر لەسەر هۆڵەكان هەیە و زۆر قەرەباڵغن، بەشێوەیەك هۆڵێك جێگای 13 تا 19 كەسی تێدا دەبێتەوە، بەڵام تا 35 كەسی تێدایە، یەكێكی دیكە لەگرفتەكان سزاكانیان نادادپەروەری تێدایە.

بەدرییە ئیسماعیل وتیشی: بەشێك لەزیندانییەكان سزاكەیان تەواوكردووەو ئازاد نەكراون، بەشێكی دیكەشیان 20 یان 22 ساڵی تێپەڕاندووە و هەر لە زیندانە و بە یاسایەك سزادراوە بەهەمان یاسا مافی هەیە “ئازادبوونی بە مەرج”بیگرێتەوە، بەڵام ئازادنەكراون.

لەئێستادا داواكاری زۆربەی زیندانییانی هەرسێ چاكسازییەكە ئەوەیە داوای ئازادبوونی بەمەرج دەكەن، لەگەڵ مۆڵەتی درێژەخایەن.

بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان باسی لەوەشكرد، 24 سزادراو بێ ئەوەی داوای پێداچوونەوەی كردبێت بەبڕیاری سزادانەكەی، سزاكەیان لەپێنج ساڵەوە بووەتە 15 ساڵ، یان هی وای تێدایە داوای پێداچوونەوەی سزاكەی كردووەتەوە سزاكەی لەپێنج ساڵەوە بووەتە 15 ساڵ.

بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان ئەوەشی خستە روو، دوو هەفتە بەر لەئێستا سەردانی چاكسازی گەورانی سلێمانیمان كرد، 13 زیندانی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆناببون، چارەسەریان وەردەگرت و بارودۆخیان جێگیربوو، بۆ چاكسازی گەورانی هەولێریش خۆم بە مەیدانی نەچووم بەڵام دەوترێت نزیكەی 40 كەسیان تووشی كۆرۆنا بوون.

لەبەرانبەردا كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: هەر زیندانییەك ماوەی زیندانییەكەی تەواوببێت لەلای ئێمە دۆسییەی بۆ ئامادەدەكرێت و رەوانەی دادگادەكرێت ئەوی دیكەی دەكەوێتە ئەستۆی دادگا، بابەتی بەربوون بە مەرج پەیوەندی بە ئەنجومەنی دادوەرییەوە هەیە چونكە ئەوانە ماددەكەیان تیرۆرە تیرۆر نایگرێتەوە.

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی وتیشی: لە ئێستادا هیچ حاڵەتێكی تووشبووی كۆرۆنامان لەنێو زیندانەكاندا نییە، پێشتر لە سلێمانی نزیكەی 50 زیندانیمان هەبوو، كە تووشی كۆرۆنا بووبوون، ئەوانەی هەبوون چارەسەریان بۆ كراوە و چاك بوونەتەوە، یان ئەوەیە پشكنینی بۆ كراوە و پشكنینەكەی نێگەتیڤ بووە واتە هەڵگری كۆرۆنا نەبووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، هەر سێ بیناكەی چاكسازی گەوران لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك یەك نەخشەیە، هەر بینایەك 990 كەس دەگرێت، بڕیاردراوە بینایەكی گەورە دروست بكرێت، بۆ ئەو تیرۆرستانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە هەرێم زیندانین بگوازرێنەوە بۆ ئەو گرتووخانەیە، لەبەرئەوەی دروستكردنی ئەم بینایەش كاتی دەوێ، بۆیە داوامانكردووە لەسەر بینای چاكسازی گەورانی هەولێر 300 هۆڵمان بۆ دروست بكرێت، رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانمان بۆ وەرگرتووە و چاوەڕوانی رەزامەندی وەزارەتی دارایین بۆ ئەو مەبەستە.

لەهەرێمی كوردستان شەش زیندانی چاكسازی (گەوران-پیاوان، ژنان و منداڵان و نەوجەوانان) هەیە، كە دابەشبوون بەسەر پارێزگاكانی سلێمانی، هەولێر و دهۆك و لە هەر پارێزگایەك دوو چاكسازیی هەیە، هەروەها لەئێستادا لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان-دا پێنج هەزار و 32 سزادراو هەیە، ئەوەش دوو هێندە زیاتری ئەو ژمارەیەیە، كە پێویستە لەو چاكسازییانەدا هەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا