جەمال حاجی محەمەد: یەكێتی پێشنیازی رێككەوتنیان بۆ كردووین

پۆڵەتیك پرێس:
جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی گشتی گۆڕان دەڵێت: یەكێتی پێشنیازی رێككەوتنیان بۆ كردووین‌و ئێمەش ڕازبووین، بەڵام چاوەڕێیین متمانە بگەڕێتەوە.

جەمال حاجی محەمەد دەشڵێت: لەدواین كۆبوونەوەمان لەگەڵ یەكێتی، گفتوگۆكرا لەبارەی ئەوەی درێژە بەو ڕێككەوتنانە بدەین، كە پێشتر لەنێوانمان هەبووە، ئێمەش رازی بووین.

ئەم قسانەی سكرتێری جڤاتی گشتی گۆڕان دوای ئەوە هات، پۆڵەتیك پرێس ئاشكرایكرد، لەكۆبوونەوەی رۆژی شەممە 5ی كانوونی یەكەم، جڤاتی نیشتمانی گۆڕان تاوتوێی پێشنیازێكی یەكێتی دەكات.

پێشنیازەكەی یەكێتی بریتییە لەواژووكردنی رێككەوتنێكی نوێ‌ لەنێوان هەردوولا، ئەوەش لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنی دەباشان‌و رێككەوتنی سیاسی نێوان هەردوولا.

جەمال حاجی محەمەد وتیشی: لەگەڵ یەكێتی دوو ڕێككەوتنمان هەیە، ڕێككەوتنی سیاسی‌و لێكتێگەیشتنی دەباشان، پێشتر یەكێتی پابەند نەبوو بەو ڕێككەوتنانە، بۆیە ئێستا یەكێتی خۆیان داوا دەكەنەوە ئەو ڕێككەوتنە جارێكی تر ئەنجامبرێتەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی ساڵی 2012 لێكتێگەیشتنی دەباشانیان واژووكردو لەساڵی 2016ش رێككەوتنی سیاسیان واژووكرد، بەڵام بەهۆی كێشە سیاسییەكانەوە، لێكتێگەیشتن‌و رێككەوتنەكە نەچوونە بواری جێبەجێكردنەوە.

سكرتێری جڤاتی گۆڕان ئەوەشی وت: وەك بزوتنەوەی گۆڕان، لە كۆوبونەوەی ڕابردوو بە یەكێتیمان وت: دەبێت متمانە بگەڕێتەوە نێوانمان، چونكە سەركردایەتی یەكێتی پاشگەزبووەوە، بۆیە ئەو متمانەیان نەما، بەڵام ئەم سەركردایەتیە نوێیە دەڵێن: ئێمە لەو سەركردایەتییە نەبووین‌و ئەوكات بڕیار بە دەست نەبوین، بۆیە ئومێد هەیە پەیوەندییەكان بچنە پێشەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک