بەشیر حەداد وادەی رێككەوتنی كۆتایی هەولێرو بەغدا ئاشكرادەكات

پۆڵەتیك پرێس:
بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لەئێستادا حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، لێكتێگەیشتنێكی ئەرێنی لە نێوانیاندا هەیەو لەدوو رۆژی داهاتوو دەگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی، بۆ دیاریكردنی پشكی هەولێر.

بە شیر حەداد دەشڵێت: ئەو شاندەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە چووەتە بەغداد، چاوی كەوتووە بە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە وەزارەتی دارایی و حكومەتی فیدراڵی، لەسەر هەمان ڕێككەوتنەكانی پێشوو گفتوگۆیان دەستپێكردووەتەوە، لەسەر ئەو لێكتێگەیشتنەی لەسەردانەكانی پێشوودا پێیگەیشتوون، لێكتێگەیشتنەكان زیاتر كراوە، هەر لەسەر بنەمای ئەو بودجەیەی، كە بۆ ساڵی 2020 ئامادەكرابوو، كە لەسەر بنەمای رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی نووسرابووەوە، لەو چوارچێوەیە گفتوگۆ كراوە و لێكتێگەیشتنی باش هاتووەتە ئاراوە.

قسەكانی بەشیر حەداد لەمیانی لێدوانێكی تایبەت بوو پۆڵەتیك پرێس، دوای ئەوەی شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چەند كۆبوونەوەیەكیان كرد.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارە هەر لەسەر ئەو بنەمایە ڕێككەوتن بۆ بودجەی ساڵی 2021 بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە بڕیارەكە ماوەتەوە بۆ 2 ڕۆژی داهاتوو، تا بە تەواوی پرۆژەی یاسایی بودجەی ساڵی 2021 لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە تەواو دەبێت.

سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشیر حەداد وتی: حكومەتی عێراق جگە لە دیاریكردنی پشكی هەرێم لەبودجە كێشەی تریشیان هەیە، وەك مەسەلەی كەمكردنەوەی كورتهێنانەكان كەمیبكەنەوە، هەندێك لە خەرجییەكانیش كەمبكەنەوە، جگە لەوەش خەمڵاندنی نرخی نەوت لەئێستادا 42 دۆلارە، بڕیار وایە نرخی دۆلار بخەمڵێنن بەڕێژەیەكی زیاتر ڕەنگە بگاتە 47 دۆلار، بۆیە لە ئێستادا حكومەتی عێراق خەریكی ئەم گۆڕانكارییانەیە تا ڕۆژی 3 شەمممە، لەبەر ئەوە لە ئێستادا حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، لێكتێگەیشتنێكی ئەرێنی لە نێوانیاندا هەیە، لە دوو رۆژیی داهاتوو دەگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی، بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێم.

شاندەكەی هەرێم بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم دوو رۆژ لەشاری بەغدا بوون‌و رۆژی شەممە پێنجی كانوونی یەكەم گەڕانەوەو لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كۆبوونەوەیان كردو بڕیارە سەردانی بەغداش بكەنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا