پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لە راپۆرتێكی پەیمانگای بروكینگزی ئەمریكیدا هاتووە، سعودییە شیعەكانی عێراق و یەمەنی بەپاشكۆی ئێران تۆمەتباركردووە.
بروس ریدڵ و كاترین هارڤی دوو نوسەری راپۆرتەكە رایانگەیاند، سوربوونی سعودیە لەسەر دووركەوتنەوە لە بەغدا سەرباری ئەو نزیكایەتییەی نێوانیان، بەتایبەت لە ماوەی دەسەڵاتی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق، بووە هاندەری عێراق ئاراستەی خۆی بەرەو ئێران بگۆڕێت.
بەپێی راپۆرتەكە، یەكەم سەردانی دەرەوەی مالكی لە ساڵی ٢٠٠٦ بەرەو ریاز بوو، ئەوەش بەو مانایە دێت نوری مالكی دەیویست دووبارە پێگەی عێراق لەناو جیهانی عەرەبیدا دروست بكاتەوە.
نوری مالكی دەیویست دووبارە پێگەی عێراق لەناو جیهانی عەرەبیدا دروست بكاتەوە
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لەدوای مردنی شا عەبدوڵڵای سعودییە لە ساڵی ٢٠١٥، شا سەلمان دركی بەوە كرد رێگریكردن لە گەڕاندنەوەی عێراق بۆ باوەشی وڵاتانی عەرەبی مەترسی لەخۆدەگرێت و هەلی گەورە بۆ ئێران دەرڕەخسێنێت كۆنتڕۆڵی وڵاتەكە بكات، بۆیە بەرپرسانی سعودییە دەستیان كرد بە گۆڕینی سیاسەتیان بەرامبەر عێراق.
نزیكبوونەوەی سعودییە
ساڵی ٢٠١٧ سعودییە وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی ناردە بەغدای پایتەختی عێراق، ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوە بە یەكەم سەردانی لەو جۆرە دادەنرا لە ماوەی ساڵانی ١٩٩٠ هەتا ساڵی ٢٠١٧.
دواتر و لە ساڵی ٢٠١٩، لە بەسڕە كونسوڵگەی سعودیە كرایەوە، بەڵام گەورەترین ئاماژە بۆ ویستی سعودیە لە بنیادنانی پەیوەندی لەگەڵ عێراقییەكان لەدوای روخانی سیستمی سەدام حسێن سەرۆك كۆماری پێشوتری عێراق، كردنەوەی دەروازەی عەرعەری سەر سنور بوو.
بەپێی قسەی دوو نووسەرەكە، بەر لە ساڵی ٢٠١٥ سعودیە عێراقی لەخۆی دابڕیبوو، هاوكات، لەدوای ساڵی ٢٠١٥ دەستیكرد بە دابڕینی كۆمەڵەی حوسییەكان، لە هەردوو حاڵەتەكەدا، سیاسەتی سعودیە لە بەرژەوەندی ئێران بووە.
لەهەردوو حاڵەتەكەدا، سیاسەتی سعودییە لە بەرژەوەندی ئێران بووە
لە راپۆتەكەدا هاتووە، سعودییە پێویستی بەوەیە گۆڕانكاری بنەڕەتی بكات لە شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ دراوسێ عەرەبە شیعەكەیدا بەجۆرێك، لەجیاتی ئەوەی لێیاندابڕێت، لەگەڵیاندا پێكبێت.
ئەو نووسەرانە باس لەوەش دەكەن، گۆڕانكاری سیاسی راستەقینە لە ناوچەكەدا خۆی لە هەڵوێستی سعودیەدا دەبینێتەوە بەتایبەت كە شیعە عەرەبەكان بە بوكەڵەی دەستی ئێران لەقەڵەم دەدات.
هەر لە میانی پەیوەندییەكانی عێراق و سعودیە، سەرباری كردنەوەی دەروازەی سنوری عەرعەر، ئەمڕۆ شەممە، حكومەتی ناوخۆی پارێزگای موسەنا رایگەیاند، ئامادەیە بۆ كردنەوەی دەروازەی سنوری جەمعیەی سەرسنور لەگەڵ سعودیە.
لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی موسەنا لە بەیاننامەیەكدا باسی لەوە كرد، حكومەتی ناوخۆ ئامادەیە بۆ كردنەوەی دەروازەی سنوری جەمعیە لەگەڵ سعودیە و ئەوەش دەبێتەهۆی رەخساندنی هەزاران هەلی كار بۆ رۆڵەكانی موسەنا و بوژاندنەوەی ئابوری پارێزگاكە لەڕێی پڕۆژەی گەشەپێدانەوە.
لە ماوەی رابردووشدا، میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، سعودییە دەست دەكات بە پڕۆژەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵ لە بیابانەكانی خوارووی عێراق، ئەم هەوڵەی سعودیە لایەنە شیعەكانی سەر بە ئێرانی توڕە كرد.
سعودییە دەست دەكات بە پڕۆژەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵ لە بیابانەكانی خوارووی عێراق
باس لەوەش كرا، وەبەرهێنانی سعودیە ئامانجی چاكسازییە لە ملیۆنێك دۆنمی بیابانەكانی ئەنبار و موسەنا كە یەكسانە بە ٪١٠ی رووبەری ئەنبار، ئاشكراشی كرد، لەڕێی دوو پڕۆژەی بچوكەوە لە بەرژەوەندی كۆمپانیای مەراعی سعودیە لە قەزای قائیم و بەدیاریكراویش لە گوندی رومانە و قەزای عانە جوڵەی وەبەرهێنان دەستپێدەكات.
لە بارەی وەبەرهێنانی سعودیەوە، قەیس خەزعەلی سەرۆكی بزوتنەوەی ئەهلی حەق لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو رایگەیاند، پڕۆژەی وەبەرهێنانی سعودیە هەڕەشەی ئەمنی زۆر مەترسیداری تێدایە لەلایەن سیستمێكەوە كە پێشینەیەكی دەوڵەمەندی زیان گەیاندنی هەیە بە ئەمن و ئاسایشی عێراق، وتیشی: سعودیە بە بیانوی وەبەرهێنانەوە دەست بەسەر رووبەرێكی بەرفراوانی پارێزگاكانی عێراقدا دەگرێت.