نوێنه‌ری هه‌رێم له‌تاران: ئیسرائیل له‌هه‌ر شوێنێك باره‌گاى هه‌بێت مه‌ترسى له‌ناوبردنى هه‌یه

پۆڵه‌تیك پرێس
نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ تاران له‌باره‌ى ده‌نگۆی مه‌ترسییه‌كانى ئێران له‌سه‌ر ئیسرائیل رونكردنه‌وه‌ ده‌دات.

رۆژى هه‌ینى رابردوو، وته‌بێژی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌ نوێترین لێدوانیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، ترسیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی ئێران له‌كاردانه‌وه‌ی كوژرانی زانا ئه‌تۆمییه‌كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ته‌لئه‌بیب له‌ هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند وڵاتێك بكاته‌ ئامانج، دواتر وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا وه‌ڵامى دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، “ئیسرائیل هیچ بەرژەوەندیەکی لە هەرێمی کوردستان نییە و هیچ هاووڵاتییەکی ئیسرائیلیش لە هەرێمی کوردستان نین”.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بۆ پۆڵه‌تیك پرێس-ى ئاشكراكرد، ئیسرائیل هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كى له‌ ئێران و هه‌رێمى كوردستانیش نییه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ر شوێنێك بنكه‌ و باره‌گاى هه‌بێت مه‌ترسى له‌ناوبردنى هه‌یه‌.

وتیشى، “مه‌ترسیه‌كانى ئێرانیش بۆ سه‌ر ئیسرائیل شتێكى نوێ نیه‌، به‌هۆى ئه‌و ململانێ و ناكۆكیانه‌ى له‌نێوانیاندا هه‌بووه‌ ئه‌وه‌ش مێژویه‌كى دورو درێژه‌ و نوێ نییه‌”.

تاران و ته‌لئه‌بیب لە دوای دروستبوونی كۆماری ئیسلامی ئێران چوونەتە ململانێ و جەنگێكی ساردی توندەوە، تائێستاش ململانێکانی نێوانیان بەردەوامی هەیە، به‌شێوه‌یه‌ك چەند جارێك بنكە سەربازیەكانی ئێران و حزبوڵڵا لە سوریا له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ كراوەتە ئامانجی هێرشی سەربازی و ئاسمانی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا