پۆڵه‌تیك پرێس:
شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری دارایی گه‌یشتنه شاری به‌غدا، بڕیاره له‌باره‌ی بودجه‌ی ساڵی 2021ی عێراق له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراق كۆببنه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێم تایبه‌ت بۆ پۆڵه‌تیك پڕێس-ی ئاشكراكرد، شانده‌كه‌ی هه‌رێم له‌باره‌ی پشكی هه‌رێم له‌بودجه‌ی ساڵی داهاتووی عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی عێراق كۆده‌بێته‌وه، پاش دیاریكردنی هێڵه گشتییه‌كان، شانده‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌رێمی كوردستان و دواتر شاندێكی دیكه به‌سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌چێته به‌غدا.
سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆڵه‌تیك ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و شانده‌ی ئێستا له‌به‌غدان ده‌سه‌ڵاتی ڕێككه‌وتنیان نیه، به‌ڵكو ئاماده‌كاریی بۆ ڕێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی داهاتوو ده‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ی وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق په‌یامی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ناردووه كه شاندێك ڕه‌وانه‌ی به‌غدا بكه‌ن بۆ دانوستان له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی داهاتوو، چونكه عێراق ناتوانێت په‌سه‌ندكردنی بودجه به‌هۆی نه‌ناردنی شاندی هه‌رێمه‌وه دوابخات و ناڕه‌زایه‌تی لایه‌نه سیاسیه‌كان به‌رامبه‌ر دواكه‌وتنی په‌سه‌ندكردنی بودجه زیاتر بكات.
شانده‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، هه‌ر یه‌كه له خالید شوانی وه‌زیری هه‌رێم و عه‌بدولحه‌كیم خه‌سره‌و سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون ئه‌ندامی شانده‌كه‌ن.