پۆڵه‌تیك پرێس
برایم سۆفى مه‌حمود ناسراو به “ئه‌بوتارا” ئه‌ندامى سه‌ر‌كردایه‌تى حزبى شیوعى كوردستان له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ى تایبه‌ت به “پۆڵه‌تیك پرێس” تیشك ده‌خاته سه‌ر كێشه ناوخۆییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هۆكارى خراپى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا و رایگه‌یاند: “بارودۆخى سیاسى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌نجامى سیاسه‌تى ناڕه‌وا و په‌یوه‌ندى نا ڕێك‌وپێك و ته‌ماع بازى كه‌سى و تاك لایه‌نى له‌نێوان ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ى هه‌رێمى كوردستانیان به‌ڕێوبردووه به‌م دۆخه‌ى ئه‌مڕۆ گه‌شتووه”.
له‌باره‌ى پرسى لامه‌ركه‌زى ئه‌بوتارا وتى: “لامه‌ركه‌زى دارایى و كارگێڕى سیستمێكى دادپه‌روه‌رییه ئه‌گه‌ر ده‌زگایه‌كى پاك ده‌زگایه‌كى دوور له گه‌نده‌ڵى، دوور له كارى خراپ، بیبات به‌ڕێوه، سیستمى لامه‌ركه‌زى سیستمێكى قبوڵه به‌ڵام له‌لایه‌ن كێوه و چۆن ده‌برێت به‌ڕێوه گرنگه”.
پۆڵه‌تیك پرێس: بۆچى بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشت به‌م رۆژه و قه‌یرانه‌كان قوڵبوونه‌وه؟
ئه‌بوتارا: بارودۆخى سیاسى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌نجامى سیاسه‌تى ناڕه‌وا و په‌یوه‌ندى نا ڕێك‌وپێك و ته‌ماع بازى تاكه كه‌سى و تاك لایه‌نى له نێوان ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ى هه‌رێمى كوردستانیان به‌ڕێوبردووه به‌م دۆخه گه‌شتووه، ئێمه كه له شاخ هاتینه‌وه بۆ شار بۆئه‌وه‌بوو میلله‌ته‌كه‌مان ببوژێنینه‌وه و نیشتمانه‌كه‌مان كۆبكه‌ینه‌وه، دیمو‌كراتى و ئازادى زیاتر بكه‌ین، بتوانین قه‌ره‌بووى هه‌موو شه‌هید و قوربانى و ماڵ سوتان و دێ سوتان و كاولكارییانه بكه‌ینه‌وه نه‌ك پاره كۆبكه‌یته‌وه و سامان كۆبكه‌یته‌وه بۆئه‌وه‌ى عه‌رشى خۆتى پێ بپارێزیت.
لامەركەزی وەك سیستم و رێكخستنی كارگێڕی و بە رەزامەندی هەموو لایەنە ناوخۆكان كارێكی باشە
ئێمه وه‌كو حزبى شیوعى تا ئێستا روومان نه‌كردووه‌ته كۆكردنه‌وه‌ى پاره و سامان و چه‌ك و هێزى چه‌كدارى ، ئه‌وه عه‌زیز محه‌مه‌د و كه‌ریم ئه‌حمه‌د بوون بێ چه‌ك، به‌ڵام ئه‌وان ده‌سته‌به‌ندى خۆیان قایم ده‌كه‌ن له‌برى ئه‌وه‌ى یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌كه‌یان به هێز بكه‌ن، تا به‌رگه‌ى ئێران و توركیا و عێراق و به‌رگه‌ى ده‌وڵه‌تانى زلهێزى دیكه بگرین، ئه‌م قه‌واره‌یه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه بیناتنرا به هه‌وڵى وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تى، مه‌رجێكى سه‌ره‌كى بنیاتنانى ئه‌م قه‌واره‌یه ئه‌وه‌بوو كه دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى تێدا به‌رجه‌سته‌بێت، سه‌ركردایه‌تییه بۆرجوازییه‌كه‌ى كورد نه‌یتوانى كارێك بكه‌ن گه‌له‌كه‌یان دڵخۆش بكه‌ن، هاتن خۆیان ملیۆرنێركرد و خۆشگوزه‌رانى دنیایان بۆ خۆیان و منداڵى خۆیان دابین كرد، به‌ڵام منداڵى هه‌موو میلله‌ته‌كه‌یان گیرۆده‌كرد به برسێتى و گرانى و نه‌خوێنده‌وارى، ئێستاش نمونه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رییان دروست نه‌كرد ئه‌م حزبانه، هه‌ر بۆیه حزبى شیوعى نه‌یتوانى له‌گه‌ڵ ئه‌وان درێژه به كاركردن بدات و بووبه ئۆپۆزیسیۆن و هه‌موو ره‌خنه‌كانیشمان به شێوه‌یه‌كى یاسایى و رێك و پێك ده‌گه‌یه‌نین.
پۆڵه‌تیك پرێس: سه‌ره‌نجتان چییه له‌سه‌ر لامه‌ركه‌زى دارایى و كارگێڕى؟
ئه‌بوتارا: لامه‌ركه‌زى دارایى و كارگێڕى سیستمێكى دادپه‌روه‌رییه ئه‌گه‌ر ده‌زگایه‌كى پاك و دوور له گه‌نده‌ڵى، دوور له كارى خراپ، بیبات به‌ڕێوه، رابردووى ئه‌م براده‌رانه‌مان ئه‌و گره‌نتییه‌ى لێ چاوه‌ڕوان ناكرێت، ده‌بێت سیستمێكى دیمو‌كراتى هه‌بێت، رێكخراو و سه‌ندیكاكانى تایبه‌ت به چین و توێژه‌كان گوێیان لێبگیرێت، سیستمى لامه‌ركه‌زى سیستمێكى قبوڵه به‌ڵام له‌لایه‌ن كێوه و چۆن ده‌برێت به‌ڕێوه گرنگه، جێى خۆیه‌تى بپرسین له‌و سێ حزبه‌ى ئێستا كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن ئه‌رێ چیكراوه له‌و كاته‌وه ئێوه وڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن ئه‌رێ ده‌قات خراپتر نه‌بووه له‌و كاته‌ى پێشتر به‌ڕێوه‌تان ده‌برد؟ سامانى میلله‌ت ده‌دزرێ و ئێمه وه‌ك حزبى شیوعى و جه‌ماوه‌ره ناڕازییه‌كه‌ى كوردستانیش هاوارمانه، بۆ هه‌موو شتێكى ئه‌م كوردستانه‌تان دا به كۆمپانیاى بیانى، بۆ میلله‌ت به‌ده‌ستتانه‌وه ده‌ناڵێنێت، ئه‌ى بۆناتوانى دادپه‌روه‌رى له‌ناو میلله‌ت بچه‌سپێنیت، بۆ پاره‌كانت هه‌مووی ده‌به‌یته ده‌ره‌وه، كاره‌با و ئاوم بۆ پێده‌فرۆشى، فه‌رموو سیستمێكى دیموكراسى دروست بكه هه‌موو چین و توێژه‌كان مافه‌كانیان پارێزراوبێت، له‌كاتێكدا مه‌ترسیمان له‌سه‌ره هێشتا ئه‌م قه‌واره‌یه‌شمان پێڕه‌وانابینن ده‌یانه‌وێت نه‌یهێڵن و بیكه‌نه‌وه به پارێزگاكان، لامه‌ركه‌زى وه‌ك سیستم و رێكخستنى كارگێڕى و به ره‌زامه‌ندى هه‌موو لایه‌نه ناوخۆكان كارێكى باشه، له‌م كاته‌دا ئه‌م سیستمه سه‌رناگرێت چونكه ناكۆكییه‌كان كۆتاییان نه‌هاتووه.
پۆڵه‌تیك پرێس: هۆكارى چییه كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند قوڵتربوونه‌وه، بۆچى گه‌یشته ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه؟
ئه‌بوتارا: ئه‌وه‌ش به‌رهه‌مى به‌ڕێوه‌به‌ردنى نارێك و پێك و نا دادپه‌روه‌رى هه‌رێمى كوردستانه، له‌لایه‌كه‌وه به‌غدا ئێستا فشار ده‌كات، پێشتریش ئه‌م قه‌یران و گرێكوێرانه هه‌بوون، به‌ڵام هه‌ر قۆناغێك و به‌جۆرێك هه‌ندێكى ده‌ركه‌وتووه، هۆكاره‌كه‌ى ئه‌وه‌یه به‌غدا له 70%ى هێز و به‌ڕێوه‌بردنى له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌یه و توركیاش ره‌زامه‌نده له‌سه‌رئه‌وه‌ى كه نابێت رێگه بدرێت به كورده‌كان و پاره و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت، چونكه له‌م رێگه‌یه‌وه ئه‌بن به شتێكى تر، ئێمه پێمان وایه به‌ڕێوه‌بردنى خراپى كوردستان و مامه‌ڵه‌ى هه‌ڵه‌ى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و شاردنه‌وه‌ى سه‌دان رێككه‌وتن و په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگى له په‌رله‌مانى كوردستان.
هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەماندا بوو بە گرێیەك بۆ دواخستنی هەموو پرسە گرنگەكان
بودجه‌ى عێراق كه ده‌هات هه‌مووى نه‌ده‌خرایه به‌رده‌مى په‌رله‌مانى كوردستان چونكه عه‌قڵیه‌تى قۆرخكارى و پاره لادان و كۆمپانیا و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى دراوسێ به سودى هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بوو، بۆیه ده‌ڵێم ئه‌م كێشانه‌ى هه‌یه به‌هۆى بۆشاییه یاسایى و ده‌ستووریه‌كانه‌وه‌یه هاوارمانكرد با ده‌ستوورى كوردستان پێش به‌غدابێت، هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌ماندا بوو به گرێیه‌ك بۆ دواخستنى هه‌موو پرسه گرنگه‌كان، ئه‌م كێشانه هى سه‌ره‌تاكانه هى نادیموكراتى و شاردنه‌وه‌ى شته‌كانه له میلله‌ت، ئه‌وه‌ى بردوویانه و شاردوویانه‌ته‌وه چاره‌كێكى بگێڕنه‌وه كوردستانى پێده‌بوژێته‌وه ئه‌و كاته پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان و لایه‌نه‌كانى تریش خۆشه‌ویست ده‌بن له ناو میلله‌تدا.
پۆڵه‌تیك پرێس: ئاسۆى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى هه‌رێم و ناوه‌ند ده‌بینیته‌وه؟
ئه‌بوتارا: باوه‌ڕمان وایه ئه‌و كۆسپانه ئێستا هه‌یه ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت به لێكتێگه‌شتنێكى رێك‌وپێك چاره‌سه‌رده‌بن، پێشتر ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بووین نه‌وت بدرێته عێراق باوه‌ڕمان وابوو ئه‌م سه‌روه‌ته نیشتمانییه له رێگه‌ى ئیداره‌ى كوردستان خۆیه‌وه بڕوات، به‌ڵام باره‌كه وا لاواز بووه و كه‌وتووه، هیواداراین سازشكردنه‌كان نه‌گه‌نه ئاستێك ئه‌وه‌نده‌ى دیكه كوردستان لاوازبێت و به كه‌له‌پچه‌وه بیبه‌ستنه‌وه به یاسا و رێككه‌وتنه‌كانه‌وه، ئه‌گه‌ر ناكۆكیه‌كان و درز و كه‌لێنه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ین دۆڕاو ده‌بین و شكسته‌كه گه‌وره‌ترده‌بێت، ئه‌و كاروانه مێژوویه‌ى كه خه‌باتمان بۆى كرد‌و كۆتا ئه‌مانه‌تیش كه كه‌وته ده‌ستى باقیات ره‌نگه زۆرتر له ده‌ستمان بچێت، ئێمه ده‌ڵێین میلله‌ت ئاشت بكه‌نه‌وه، ئه‌و سامانه‌ى بردووتانه بیهێننه‌وه ئه‌وه‌ى له ناوخۆیه بیده‌ن به میلله‌ت با یه‌كبگرینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به‌غدا نه‌توانێت فشارى زیاترمان لێبكات و ناچار به سازشكردنى زیاترمان بكات كه بۆ دۆزى كورد خه‌ته‌رناك ده‌بێت.