ئەگەر بتانەوێت

كاتێك بووین بە شەریكی دەسەڵات و هەڵمی شیرنایی نەوتمان هەڵمژی پێشەنگایەتی چینی هەژاران و تێكۆشەرانی بازوومان لە دەستدا.

كاتێكیش پاساومان بۆ زوڵم‌و زۆری برسیكردنی خەڵك هێنایەوەو دیفاعمان لەڕەوایەتی‌و شەرعییەتی حكومەتێكی گەندەڵ كرد پێشەوایەتی بیرو هۆشیاری نیشتمانی و نەتەوەیمان دۆڕان .

سەردەمانێك یەكێتی وڵاتێكی دەهەژاند، پێنجەم سوپای بەهێزی دونیای تۆقاندبوو، یەكێتی بە خۆپیشاندانێكی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو شارێكی دەخرۆشاند، یەكێتی لە یەككاتدا شەڕی عێراق و ئێران و كۆنەپەرستانی دونیای دەكرد، ئەدی خێرە ئێستا موچەو قوتی خەڵكی پێدابینناكرێت، ئەدی ئێستا بۆچی بووەتە پاشكۆی دەسەڵاتێكی گەندەڵ و داپڵۆسێنەری ئازادی و زەوتكەری قوت و ژیانی ئەو خەڵكە بەشمەینەتەی هەرێم؟

سەرنجێك بدەن، زۆرتان پێدەكرێت ئەگەر ئیرادەی هەستانەوەی ڕۆحی یەكێتیبوونتان هەبێت، دەتوانن زۆر شت بگۆڕن ئەگەر دەستبەرداری بەرژەوەندییە تایبەتییەكان بن، ئەگەر شەریكی نەوت و داهات نەبن، ئەگەر بگەڕێنەوە خانووە قوڕەكان و دەمەكانتان بۆ ڤێلایەكی شەشسەدو پەنجا هەزار دۆلاری دانەخەن! ئەگەر ڕووناكی پەرلەمان نەكوژێننەوەو هوتافی نوێنەرانی گەل بێدەنگ نەكەن .

بڕوانن لەماوەی دوو ڕۆژدا تەنیا بەخۆڕاوەشاندنێكی ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتییەكەتان، گەڕانەوە بەرەی گەل و بوونەوە پێشەنگ و ورەو هێزیشتان دایەوە ئۆپۆزسیۆنەكانی دەسەڵات، ببینن چۆن بەپەلە شاندی حكومەت هاتە سلێمانی و گفتوگۆ لەسەر لامەركەزیەت كرا، بڕوانن چۆن بڕیاری دابەشكردنی مووچە درا!
دەتوانن زۆر شت بكەن و بگۆڕن ئەگەر بتانەوێت، تەنیا بێنەوە بەرەی گەل و بیروبازوی یەكێتییانەتان بخەنەوە كار.

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا