ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كوردستان پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپیشانده‌ران ڕاگه‌یاند

پۆڵه‌تیك پرێس:
ژماره‌یه‌ك پەرلەمانتاری نارازیی لە پەرلەمانی كوردستان پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپیشاندانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران دژی دواكه‌وتنی موچه‌كانیان نیشاندا.

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن:”سەرەڕای پشتیوانیكردنمان لە ناڕازییە رەواكانی شەقام و بەشداریكردنی بەردەوامی نوێنەرانمان لە نێو خۆپیشانداران دا بۆ هێنانەدیی مافە رەواكانیان، داوای ڕێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌ین”.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی راگەیەندراوەكەدا هاتووه‌:”حكومەتی هەرێم بە كرداریی بچێتە ژێر باری رێكەوتن و رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتەكانی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان ڕادەستی بەغداد بكات و لە بەرانبەریشدا حكومەتی عیراقیی موچە و شایستە داراییەكانی هەرێم بنێرێت”.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگەیاندراوێك لە پەرلەمانتارانی ناڕازییەوە
ئێمەی پەرلەمانتارانی نارازیی لە پەرلەمانی كوردستان، سەرەرای پشتیوانیكردنمان لە ناڕازییە رەواكانی شەقام و بەشداریكردنی بەردەوامی نوینەرانمان لەنێو خۆپیشانداران دا بۆ هێنانەدیی مافە رەواكانیان، جەختدەكەینەوە لەسەر ئەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵك لەوپەڕی خراپیدایە و بەم شێوازە لە حوكمڕانیی، قەیرانەكان قوڵتر دەبنەوە و هاونیشتمانیانیش زیاتر باجەكەی دەدەن. بۆیە پێداگریی دەكەین لەسەر گرتنەبەری ئەم هەنگاوە خێرایانە:
یەكەم/ ڕێككەوتن لە گەڵ حكومەتی عێراقیی دا. حكومەتی هەرێم بە كرداریی بچێتە ژێر باری رێكەوتن و رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتەكانی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان ڕادەستی بەغداد بكات و لە بەرانبەریشدا حكومەتی عیراقیی موچە و شایستە داراییەكانی هەرێم بنێرێت.

دووەم/ دەستبەجێ حكومەتی هەرێم قاچاخچێتیی بەرپرسە دەسەڵاتدارەكان لە خاڵە سنورییەكان دا كۆنترۆڵ بكات و ئەو بڕیارانەیشی بۆ چاكسازیی لە داهاتی خاڵە سنوریەكاندا دراون، جێبەجێبكرێن.
سێیەم/ پێداچونەوەی تەواو بە دۆسێی نەوتدا بكرێت و كۆتایی بەو گەندەڵیی و بەفیڕۆدانە بهێنرێت كە لەم دۆسێیەدا هەیە.
هۆشداریش دەدەین، ئەگەر ئەم سێ هەنگاوە نەگیرێنە بەر، هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، دوچاری قەیرانێكی گەورەتری ئابوریی دەبێتەوە.
پەرلەمانتارانی ناڕازیی لە پەرلەمانی كوردستان
٢/ ١٢/ ٢٠٢٠

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا