تاكۆتایی ئەمساڵ پرسی لامەركەزی ئیداری بۆ پارێزگاكانی هەرێم یەكلادەكرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
تا كۆتایی ئەمساڵ، پرسی لامەركەزی ئیداری بۆ پارێگاكانی هەرێمی كوردستان یەكلادەكرێتەوە، ئەوەش لەئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی لەو بارەوە كراون.

رۆژی سێ‌ شەممە 1ی كانوونی یەكەم، شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانیان كردو لەگەڵ بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست پۆڵەتیك پرێس كەوتووە، شاندەكە لەسەردانەكەیان بۆ سلێمانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبوونەوەیان كردووەو لەكۆبوونەوەكە پرسی لامەركەزی ئیداری تاوتوێكراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی جەختیكردووەتەوە، كە ئەوان وەك یەكێتی لامەركەزی ئیدارییان تەنیا بۆ سلێمانی داوا نەكردووەو داواكارییەكەیان ئەوە بووە، بۆ هەموو كوردستان بێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە هاوسەرۆكی یەكێتی جەخی لەوەش كردووەتەوە، دەبێت بۆ كۆتایی ئەمساڵ ئەو پرسە یەكلابكرێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەوان هەڵوێستی تریان دەبێت.

لەبەرانبەر ئەوەدا شاندەكە باسیان لەوە كردووە، كە ئەوان بۆ ئەوە دەستیان بەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەكان كردووە، تا كۆتایی ئەمساڵ ئەو پرسە یەكلابكەنەوەو بەم نزیكانەش دەست بەوە دەكەن، كە دەسەڵاتەكان بۆ وەزیرەكان‌و بریكارەكان‌و پارێزگاكان شۆڕبكەنەوە.

یەكەم جارە شاندێكی حكومەتی هەرێم لەسەر پرسی لامەركەزی كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان بكات‌و بڕیارە كۆبوونەوەكانیش لەگەڵ پارێزگارەكان‌و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت.

ماوەی رابردوو بەدەستپێشخەری یەكێتی نیشتمانی دەست بەئامادەكردنی پرۆژەیەك كرا، كە پرۆژەكە تایبەتە بەلامەركەزی ئیداری‌و ئامانجیش لەپرۆژەكە ئەوەیە، دەسەڵات بۆ یەكە ئیدارییەكان بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر دەسەڵاتیان هەبێت لەرایكردنی كارەكانیان.

یەك