داوا دەكرێت لیژنەی نوسینەوەی دەستور راپۆرت بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بنێرن

ئەم بابەتە 7 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوری عێراق باس لەوەدەكات، وادەی یاسایی بۆ كاركردنی لیژنەكەیان كۆتایی هاتووەو بەپێویستی دەزانێت راپۆرتی خۆیان ئاڕاستەی دەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن.

ڤیان سەبری ئەندامی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوری عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی، “لیژنەكەمان لە رۆژی دەستبەكاربوونییەوە وادەی چوار مانگی بۆ دانرا بۆ كاركردن، دواتر كاری لیژنەكە درێژكرایەوە بە پاساوی ئەوەی ئەو ماوەیە خۆپیشاندانەكانی عێراق هەبوو، وە دواتریش نەخۆشی كۆرۆنا هات”.

باسی لەوەشكرد، یەكێك لەو بڕگانەی گفتوگۆی لەبارەوە كرا بۆ هەمواركردنەوە، بریتی بوو لە سیستمی سیاسی، لەسەر ئەم بابەتە زۆرینەی ئەندامانی لیژنەكە و بەگشتی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانیش ئەوەیە كە لەگەڵ سیستمی پەرلەمانیدان.

هەروەك باس لەوەدەكات، ئێستا كارەكانیان تەواو بووەو پێویستە راپۆرتی خۆیان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن.

دوای فشاری زۆرو لەسەر خواستی خۆپیشاندەرانی عێراقی، پەرلەمان ناچاركرا بەوەی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستور پێكبهێنێت، لیژنەكەش لەرۆژی 27/11/2019 دەستی بەكارەكانی كرد و هەموو بڕگە و ماددانەی دیاری كرابوون گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە، تا ماددەی 140 ماوەتەوە.

لەچەند رۆژی رابردوشدا بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی لیژنەكەی كردبوو، داوایكرد پەلە بكەن لەتەواوكردنی كارەكانیانداو رپۆرتی خۆیان پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی بكەن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک