ئەنتۆنی فاوچی: دابەشكردنی ڤاكسین نزیكە

پۆڵەتیك پرێس

بەڕێوەبەری سەنتەری رێگریكردن لە نەخۆشییە گوازراوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، نزیكن لە دابەشكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا، دەشڵێت، “كۆرۆنا كۆتایی دێت”.

ئەنتۆنی فاوچی بەڕێوەبەری سەنتەری رێگریكردن لە نەخۆشییە گوازراوەكانی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكی ئۆنلایندا لەگەڵ مارك زوكەربێرگ دامەزرێنەری فەیسبووك رایگەیاند، دابەشكردنی ڤاكسین نزیكە و دەستپێكی دابەشكردنەكە لە مانگی كانوونی یەكەم دەبێت و لە مانگەكانی شوبات و ئازاریش بەردەوامی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو نەخۆشییە كۆتایی دێت و دەبێت هەموان دەست بخەنە نێو دەستی یەكتری.

وتیشی، “دەبێت سوپاسی هەوڵ و ماندوبونی ئەو پسپۆڕ و لیژنانە بكەین كە توانییان بەخێرایی دوو ڤاكسینی كۆرۆنا دروستبكەن بەبێ ئەوەی كات بەفیڕۆ بدەن، یاخود توێژینەوەیەك بەفیڕۆ بچێت، ئەو دوو ڤاكسینەش بریتین لە ڤاكسینی مۆدێرنا و ڤاكسینی هاوبەشی فایزەر و بایۆنتێك”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، تەواوی جیهان لەچاوەڕوانی دواین قۆناغەكانی ڤاكسینی كۆرۆنادایە، بەرپرسانی ئەمریكاش بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بەدابەشكردنی ڤاكسینەكە دەكەن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک