پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، حكومەتی ناوەند لەسەر هەرێم راناوەستێت بۆ پەسەندكردن و رەوانە كردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەوەش زیانی كوردی تێدایە.
شیروان میرزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی، “تا ئێستا هیچ شاندێك لەهەرێمەوە نەچووە بۆ غدا و گفتوگۆ لەبارەی بودجەوە نەكراوە، ناشزانین ئایا پشكی كورد لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی نوێدا چۆن دیاری دەكرێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر شاندی هەرێم نەچێت بۆ بەغدا، حكومەتی عێراق بە ویستی خۆی پرۆژە یاساكە دادە دەڕێژێت و لەسەر كورد ناوەستێت تەنها ئەوەندە هەیە بڕگەیەك دیاری دەكات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم، ئەوەش بەزیانی كورد دەشكێتەوە.
شیروان میرزا باسی لەوەكرد، ماوەی سێ هەفتەیە داوا دەكەن هەرێم شاند بنرێتە بەغدا بۆ رێككەوتن لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2021، بەڵام حكومەتی هەرێم نە وەڵامی ئەوان دەداتەوە نە وەڵامی حكومەتی عێراقیش دەداتەوە.
ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئاسایی حكومەتی عێراق بەڕێوەچوو، بڕیاربوو پرسی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 تاوتوێ بكرێت، بەڵام گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرۆژە یاساكە بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو دواخرا.