بەهادین نوری.. ئەو پاسكیلسوارەی بەغدای هەژاندبوو

 

گەنجێكی كورد ساڵی۱۹٤۹ لە سلێمانییەوە دەچێ بۆ شاری بەغدا و دوای ماوەیەكی كەم، دەبێ بە سكرتێری گەورەترین حزب لە هەموو عێراقدا.. ئەویش حزبی شیوعی عێراق.

 

گەنجێكی گەورەبووی لادێ و ئاشنا بە حوجرە و مزگەوت، بێ ئەوەی ئەزموون و شارەزاییەكی ئەوتۆی هەبێ سەری پەتی ململانێی فیكریی و ئایدۆلۆژیی دەگرێتە دەست و سەركردایەتی هەزاران ئەندام و لایەنگری كۆمۆنیست دەكات.

 

لەو كاتەی دەوڵەتی پاشایەتی عێراق بە هاوكاری ئینگلیز تینوو بوو بەخوێنی سەری كۆمۆنیستەكان و لەناو درزی دیواردا بۆیان دەگەڕا تا دەستگیریان بكات یان لە سێدارەیان بدات، بەهادین نوری بە پاسكیلێكەوە گەڕەكە تەسك و پێچاوپێچەكانی شاری دێرینەی بەغدای تەی دەكرد بۆ رێخستنەوەی تەنزیماتە هەڵوەشاوەكەی حزبی شیوعی و ئامادەی دەكردن بۆ خۆپیشاندان و شڵەژانی شار.

 

گەنجە بزێوەكەی سلێمانی، لە بەغدا ناوی دەگۆڕێ بە ” هاوڕێ بەها” یان ” ئەبو سەلام ” و ڕۆژگارێك دەبێتە تاوانباری ترسناكی ژمارە یەك لای دەوڵەتی عێراق.

 

لە سەروەختی سەركردایەتی بەهادین نوریدا، چەندینجار بەهۆی خۆپیشاندانی لایەنگرانی حزبی شیوعییەوە، عێراق بە گشتیی و شاری بەغدا بە تایبەت شڵەژاوەو مەترسی ڕاستەوخۆ كەوتووەتە سەر دەسەڵات. لەو خۆپیشاندانەدا سەدان خۆپیشاندەر كوژراون.

 

ئەو كاتەی حزبی شیوعی گەورەترین و یەكەمین حزبی كاریگەربوو لە هەموو عێراق بە كوردستانیشەوە، بەهادین نوری سەركردایەتی ئەم حزبەی دەكرد لەلایەك ئیدارەدانی ململانێكانی ناوخۆی حزب و لەلایەكی تر دروستكردنی مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی عێراق.

 

یەكەمین سكرتێری حزبی شیوعی عێراقە كە بە ڕەسمیی مافی چارەنووس و جیابوونەوەی كوردی خستە بەرنامە و كاری حزبی شیوعییەوە.

 

بەهادین نوری كاتێ پلەی سكرتێری حزبی شیوعی لێدەسەنرێتەوە، ساڵی ۱۹٦٦ دەكرێ بە بەرپرسی یەكەمی حزبی شیوعی لە كوردستان، زیرەكانە خۆی لەو ململانێ خوێناوییانە لا دەدات كە دەكەوێتە نێوان شۆڕشی كوردستان…. باڵی مەكتەبی و مەلا مستەفا بارزانی… لەلایەك باڵی مەكتەبی سیاسی بە خایین و لادەر ناودەبات، بەڵام ڕاستەوخۆ ئەو داوایەی مەلا مستەفا رەت دەكاتەوە بۆ كوشتنی ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال بە دەستی پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی. ئەمەیش دەیكاتە كەسێكی نەویستراو و ناخۆشەویست لای بارزانی.

 

ساڵی ۱۹٨۳ لە كاتی روودانی كارەساتی قڕناقاو و پشتئاشان، بەهادین نوری سەركردایەتی پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی دەكرد لە ناوچەی قەرەداخ و پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئامادە نەبوو بچێتە ژێرباری بڕیاری سەركردایەتی حزبەكەی تا لە دەڤەرەكەی خۆی لەگەڵ پێشمەرگەكانی ی.ن.ك شەڕ بكەن، لەسەر ئەم نافەرمانییەیش سەركردایەتی شیوعی زۆر لێی نیگەران بوون و سزایاندا.

 

بەهادین نوری تا دوایین رۆژەكانی ژیانی دەستبەرداری فیكر و ئایدۆلۆژیا چەپێتییەكەی و باوەڕە نەتەوەییەكەی نەبوو. بۆچوونەكانیشی بە ڕوون و ڕاشكاوانە دەردەبڕی.

 

چ لە گەنجێتیی و دواتر كامڵبوونی تەمەن و پاشان پیرێتیی… كە ۹۲ ساڵ ژیا، بەهادین نوری پیاوێكی دەگمەن بوو كە توانی بەبێ دەسەڵاتیش كاریگەرییەكانی خۆی وەكو سیاسییەك لەدەست نەدات. بێگومان لەو كاروانە دوورو درێژەی تەمەنیشدا هەڵە و كەموكوڕی زۆریشی هەبووە كە بۆ خۆی لە كتێبی بیرەوەرییەكانیدا، ئیعترافی بە هەندێكی كردووە.

 

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک