لە هەرێم 20 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ئایدز تۆمار دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئاشكرای كرد لەمساڵدا 20 كەس لە هەرێمی كوردستان تووشی نەخۆشی ئایدز بوون كە 17 كەسیان خەڵكانی بیانین.

بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئایدزەوە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لەمساڵدا زیاتر لە 194 هەزار پشكنین بۆ ڤایرۆسی ئایدز كراوە، لەم ژمارەیە تەنها 20 حاڵەتیان بەهەڵگری ڤایرۆسی ئایدز تۆماركراوە، كە 17 لەوانە خەڵكانی بیانین و گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان.

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە، بەكۆی گشتی لە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردووی زووەوە تا ئێستا 305 حاڵەتی دەستنیشانكردنی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش تەنها 52 تووشبوویان خەڵكی هەرێم بوون و 253 حاڵەتیشیان بیانی بووە.

لە سەرتاسەری جیهان نزیكەی ٤٠ ملیۆن كەس هەڵگری ڤایرۆسی ئایدزن، زیاتر لە ٦٠٠ هەزار كەسیش بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە ساڵانە گیان لەدەست دەدەن.

لە جیهاندا رێكەوتی یەكی مانگی 12 بەرۆژی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز دیاریكراوە لەو رۆژەدا دەزگا تەندروستییەكانی وڵاتان لەرێگەی رێنمایی و سیمینارەكانیانەوە هاوڵاتیانیان لە خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە ئاگاداردەكەنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا