لە شەنگال هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێدەکرێت

پۆڵەتیک پرێس

جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، پلانی دووبارە بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان لە قەزای شەنگال لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دەستیپێکردووە.

لە بەیاننامەیەکی عەبدولئەمیر شمری جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکاندا هاتووە، لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکاندا، لە شەنگال دەستکراوە بە جێبەجێکردنی پلانی دووبارە بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان.

ئەوەش هاتووە، پلانەکە پێکهاتووە لە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.

رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی رابردوو، هەولێر و بەغدا بەشێوەیەکی هاوبەش گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال لەڕووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە.

ساڵی ٢٠١٤، رێکخراوی چەکداری داعش قەزای شەنگالی کۆنتڕۆڵ کرد و دانیشتوانەکەی کۆمەڵکوژ کرد، دواتر هێزەکانی پێشمەرگە شەنگالیان گەڕاندەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ و لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، پارتی دیموکراتی کوردستان شەنگالی رادەستی هێزە عێراقییەکان کرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا