قەیرانی موچە لەعێراق و سوریا و یەمەن

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
فەرمانبەرانی حكومی لەو وڵاتانەی بەدەست شەڕو كێشەی ئەمنییەوە دەناڵێنن لەژێر رۆشنایی بڕینی موچەكانیان لەدۆخێكی سەختدان.

بەپێی راپۆرتێكی عەرەبی جەدید، فەرمانبەرانی هەریەكە لە وڵاتانی عێراق و یەمەن و سوریا بەهۆی قەیرانە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەكانەوە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە، ئەوەش لەچاو فەرمانبەرانی وڵاتە عەرەبییەكانی دیكە.

لەگەڵ تێپەڕبوونی مانگی تشرینی دووەم، ٤٠ مانگ بەسەر راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لە یەمەن تێپەردەبێت، ئەو وڵاتەی ماوەی شەش ساڵە لە شەڕدا دەژی و تێیدا، موچەی فەرمانبەران وەرەقەی سەرەكی ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتە دانپێدراوەكەی و حوسییەكانە.

٤٠ مانگ بەسەر راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لە یەمەن تێپەردەبێت

هەر بەپێی راپۆرتەكە، راگرتنی پێدانی موچەی فەرمانبەران لە یەمەن كاریگەری كردووەت ەسەر تەواوی چینەكانی دیكەی كۆمەڵگاكەیان بەجۆرێك دەزگا و دامەزراوە كۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریەكان لەوانەش دامەزراوە پەروەردەیی و تەندروستییەكان و دامەزراوەكانی ئاو بەهۆی نائامادەیی فەرمانبەرانەوە شكستیان هێناوە.

لە چوارچێوەی ئەو قەیرانانەدا دیاردەی قەرزاری لە یەمەن بە ئاشكرا دیارە، بەجۆرێك ٪٨٠ی یەمەنییەكان قەرزاری خاوەن ماڵ و دوكانەكانن، ئەوەش بە نەرێنی كاریگەری كردووەتە سەر ئابووری یەمەن و بووەتەهۆی بەرفراوانكردنی قەیرانی بێكاری و هەژاری.

٪٨٠ی یەمەنییەكان قەرزاری خاوەن ماڵ و دوكانەكانن

سەرباری ئەوەی حكومەتی یەمەن دەستیكردەوە بە دابەشكردنی موچە بەسەر فەرمانبەرە مەدەنییەكانی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدایە، بەڵام هێشتا زیاتر لە ٦٠٠ هەزار فەرمانبەری ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حوسییەكاندان، بێ موچەن و لە دۆخێكی سەختدا دەژین بەتایبەت، كە هیچ سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتیان نییە تا پێداویستیەكانی ژیانیانی پێدابین بكەن.

لەو بارەوە، بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی جەختی لەوە كردەوە، چارەسەری قەیرانی موچەی فەرمانبەرە مەدەنییەكان لەژێر دەستی كۆمەڵەی حوسییەكاندایە، كە پێداگری لەسەر ئاڵۆزكردنی قەیرانەكە دەكەن بە رەتكردنەوەی دراوی نوێی چاپكراو و دەست بەسەرداگرتنی داهاتی گشتی، وتیشی: موچەی فەرمانبەران لەتەواوی پارێزگاكانی یەمەن كاری پێشینەی حكومەتی نوێ دەبێت، كە لە ریازی پایتەختی سعودیە دانوستان لەسەر پێكهێنانی دەكرێت.

لەلایەكی دیكەوە، بەهۆی شەڕی چەند ساڵی رابردوو، فەرمانبەرانی سوریا لەسەر ئاستی ناوچەكە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە، ئەوەش بووەتە هۆی كەمبوونەوەی سەرچاوەی دارایی و داهاتی گشتی ئەو وڵاتە لەدوای ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەی بوونەهۆی تێكدانی هەموو شتێك و ئیفلیجبوونی كەرتی گەشتوگوزار و لاوازبوونی لایەنی بازرگانی.

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سزای ئابووری لەلایەن ئەوروپا و ئەمریكاوە، كە بووەهۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن‌و دابەزینی نرخی دراوی سوریا بەجۆرێك لە ساڵی ٢٠١١ بەهای ٥٠ لیرە بەرانبەر یەك دۆلاری ئەمریكی بوو، بەڵام ساڵانی دواتر ئەم بەهایە بۆ دوو هەزار و ٨٠٠ لیرە بەرانبەر یەك دۆلاری ئەمریكی بەرزبووەوە.

سەبارەت بە كاریگەری قەیرانی ئابووری حكومەتەكەی بەشار ئەسەد لەسەر فەرمانبەران بەتایبەت لە پارێزگای ئیدلیب، ئیبراهیم محەمەد شارەزای ئابووری و دارایی سوری دەڵێت: بەنزیكەیی سەرجەم فەرمانبەرانی سوریا لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

لە بەشێكی راپۆرتەكەدا باس لە عێراق كراوە و ئەوە هاتووە، لە عێراق سەرنج خراوەتە سەر موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، كە یەكێكە لە دیارترین ئەو كێشانەی رووبەڕووی حكومەتەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێتەوە، لەماوەی سێ مانگی رابردوودا شكستێكی بەرچاو لە دابینكردنی موچە و ئەو خەرجییانەی بەهایان دەگاتە چوار ملیار دۆلار بۆ هەر مانگێك بەدیكرا، بەتایبەت لەدوای دابەزینی نرخی نەوت و كەمكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت لەلایەن رێكخراوی ئۆپیكی نێودەوڵەتی.

لەو بارەیەوە، بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەوڵەت خوێندنەوە بۆ چەند بژاردەیەكی دابینكردنی موچەی ساڵی ٢٠٢١ دەكات كە یەكەمیان پەنابردنە بۆ پڕۆژەیاسای قەرزكردن، دواتریش فرۆشتنی موڵكە گشتییەكان و پێشنیاری دیكەی وەبەرهێنان.

قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر زۆر وڵاتی جیهان داناوە

لای خۆیەوە، سەلام سمەیسەم شارەزای ئابووری رایگەیاند، قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر زۆر وڵاتی جیهان داناوە بەتایبەت ئەو وڵاتانەی لەڕووی سەرچاوەی نەوتەوە دەوڵەمەندن لەئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئەوەش لەكاتێكدایە، مانگی رابردوو دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق دواكەوت، بەڵام ئەم مانگە لەڕێی پڕۆژەیاسای قەرز و كورتهێنانی دارایی، عێراق توانی لەماوەی دە رۆژدا موچەی هەردوو مانگی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەم بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بكات، بەڵام لەو نێوانەدا چارەنووسی كوردەكان نادیارە و هەتا ئێستا نازانرێت كەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا