کۆترێک مرد، شیعرێکیش بە هەوادا فڕی

ڕانانێک بۆ کۆمەڵە شیعری: (دووری چییە، بێ دەنگدانەوەی چرپەی تۆ) ی ئالان پەری بە زمانی دانیمارکی

نووسینی: تۆرڤاڵد بیترلسن

شاعیری کورد ئالان پەری زۆربەی تەمەنی خۆی وەک پەنابەرێک بەسەر بردووە. ئەو لەدایکبووی شاری سلێمانییە، کە دەکەوێتە باکوری عێراق و لەگەڵ ئێران سنوری هەیە، کە پاشای بابانییەکان ئیبراهیم پاشا لە ساڵی ١٧٨٤ بونیاتی ناوە و وەک پایتەختێکی سیاسی کوردیش ناسراوە. شارێکە نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ مەسیحی و جولەکە و ئەرمەنییەکانیش تیا نیشتەجێ بووە. هەر لەبەر ئەو دژبەیەکییە وای لە ئالان پەری کرد کە لە ساڵی ١٩٩٩ بە ناچاری وەک پەناهەندەیەک کۆچ بکات، لە دوای بڵاوکردنەوەی یەکەمین کۆمەڵە شیعری خۆی بە ناونیشانی ”تەختی خۆشەویستی”

ماچمکە
لەبەر ئەوەی هەندێ کەس قینیان بە ماچ دێت
لە شیعری ”بەس ماچمکە” کە ئامادەیی یادەوەرییەکی ناڕەزاییی زەمەنی ڕابوردووی پێوە دیارە.

ئالان پەری لە ساڵی ١٩٩٩ دەگاتە کەمپی ساندهۆڵم بۆ پەنابەران لە دانیمارک، کە دە ساڵی ژیانی خۆی لە کەمپەکانی پەنابەری بەسەر بردووە و دواتر مافی پەنابەرێتی وەرگرتووە و ئێستا نیشتەجێی کۆپنهاگنە. ئەو هەتا ئێستاش پەنابەرە و ڕەگەزنامەی دانیمارکی نییە. هەر وەک چۆن لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میکایل سڤینڤی کە ژیانی کردووە بە پارچە شانۆیەک بە ناونیشانی ”پەرژین” دا دەڵێت: ”دوای چەند ساڵێک بۆم دەرکەوت کە کۆچم کردووە و پەناهەندە بووم. جیاوازییەکەی ئێجگار زۆر هەیە لە نێوان پەناهەندەیی، یان وەک خوێندکار یان بە هۆی ئیشەوە هاتبیتە دانیمارک. کاتێک پەناهەندەیت ئەوا زۆر شت بۆت قەدەغەیە… هەستێکی ئیجگار قورسە کە باسی لێوە بکەیت، بەڵام هەستێکە بۆ هەموو کاتێک زۆر بەباشی بەرجەستە دەکرێت. ئەتوانی هەموو شتێک بکەیت، بەڵام ناشتوانیت.

ئالان پەری لە شیعرەکانیدا باس لە کۆپنهاگن دەکات و چۆن کاریگەری ئەو شارە لە دڵ و دورونیدا جێهێشتووە، کۆپنهاگن هاوڕێی تاراوەگەی ئالان پەرییە و ولە پاسخانێکی کەلتوری ترەوە دەیەوێت باس لەم شارە بکات وەک لە شیعری (شەوانی کۆپنهاگن)

شەوانی کۆپنهاگن هێمن و سادە
پەرییە ئاسامنییەکان خۆیان دەنووسێنن
بەسەر پردە هەڵواسراوەکانی هەوا

شەوانی کۆپنهاگن پڕ هەور و تەم
دەریاچە بچوکەکان خەونێکن
پڕن لە هەناسەی ڕێبواران

…..

شەوانی کۆپنهاگن دڵێکە لە شێوازی خەون
ڕیتێمکە لە جیاوازی
تەواوی خەڵک لەگەڵ تەم بوونەتە عاشق
باوەشیان بۆ بارانی یەکدی کردۆتەوە و
هۆگری چریکەی یەک بروسکەی ماچن

لەبەر ئەوەشە کە ئەو خاوەنی هیوایەکی چالاک و گڕکانییە و بە شێوازێکی خەیاڵی و هەناسە بڕکێ جەنگاوە، وەک چۆن لە چەند شیعرێکیدا ڕەنگی داوەتەوە کە بەشێویەکی بێ هاوتا پەیوەستن بە خۆشەویستی و ڕووناکی بۆ بەیانکردنی چیرۆکیکی پڕ لە پانتایی:

بەرکەوتی هیوایەک بووم، کە پانتایی پڕ دەکات
دڵیش لەو پەڕی ئاستیدایە
هیچ کەس ناموەستێنێت
نە ساردیی تەلبەند
نە چواردەوری خەم
نە دەنگی داخستنی دەروازەکانیش
من هێشتا هیواخوازم
هەر چەندە کاتژمێرەکەم بۆ دەساڵی دواوە ڕاوەستا

خۆم و شەرابەکەم، هیوا نۆش دەکەین
نۆش بۆ روناکی و
نۆش بۆ ئەو ماچەی خۆیم پێ نیشان دەدات.

لە شیعری: (دواجار ڕوناکی کەوتە بەر تاریکی)

بۆ ئالان پەری هەڵبژاردەی بوون خاڵێکی سەرەکییە کە بەهیواوە بەندە. چونکە هەموو بوونەوەرێکی مرۆیی، بوون پێکیدەهێنێت هەتا ببێتە مرۆڤێکی راستەقینە کە تەنها ئەو کاتانەی ئەرکی بوونی خۆی بەجێدێنێت و ئیتر دەبێتە خودی خۆی، نەک تەنها ترس لە خراپەکارییەکان. بەڵام ترس لە خودی چاکەیش. دڵەڕاوکێ وا لە مرۆڤ دەکات بەدووری بگرێت لە هەڵبژاردن. ”کەوتنە ژێر داوی خراپە” ی ڕاستەقینە: ئەوەیە مرۆڤ ئەو هەلە لە دەست خۆی بدات کە هەڵبژاردنی چاکە پەیڕەو بکات و وای لێدێت دەنێو زیندانێکی پڕ ئازار خۆی ببینێتەوە.

خۆشەویستی و پەیوەندییە ئایینییەکان تێکەڵەیەکن کە پەیوەستن بە هەڵبژاردن و تاکە شتێکی گرنگ کە دەمێنێتەوە پێوسیتی زیاترە بۆ ئەوین و ناڕازیی بوون:

نۆش هاوڕێم
دڵمان خستە گیرفان و بەرەو مەنفای مەستبوون کەوتین

نۆش…
موچوڕکەیەک بەسە بۆ ئەوەی
ئەستێرەکانی ئەمشەو زاوزێی بەختێک بکەن

بە هەڵە دەستی هەورێکمان گرت
خوا وەک ڕەشەبا فوو بە
گەڵای داپۆشراومان دەکات
هەر کەسێ ونبونی خۆمانی دۆزیەوە
با بە ڕوتیی دارێک بماناسنەوە
لە شیعری: (هەڵەیەکمان کرد؟)

دواجار تارای ئازادی هەڵدەکرێت و ئیدی هەڵبژاردنی خۆشەویستی دەبێتە سەرمەشق بە هێنانەوەی چەن دەستەواژەیەکی خامۆش و لەهەمانکاتیشدا خۆش نەشئە:

هێشتا شیعر هەورە

خەونیش ساوایەکی بێ نەوا .

بهێڵە خوا دەستی دڵم بگرێ

بە تەنیا ناگەمە پلیکانەکانی هەوا ،

هەموو زەوی دژی پیاسەکانمە

هەموو ئاسمان باڵم ئەشکێنێ

7

کۆترێک مرد،
شیعرێکیش بە هەوادا فڕی.
8

دەنگی هەلهەلەکانت بڵند بکە

ئاواتی کوشتنم هاتە دی .

لە شیعری (کۆترێک مرد)

دەرکەوتنی ئەوین لە هەڵبژاردنی خۆشەویستی لە کۆتاییدا دەبێتە گورزێک لە تاریکی و ڕووناکی و لە ڕێی چەند ئاماژەیەکی ڕووناکی بزێودا وەک لە ڕستەکانی ئەم شیعرەدا دەردەکەوێت:

دووریی چییە،
بێ دەنگدانەوەی چرپەی (تۆ)
لە کاتیی ماڵئاوایی دا

دوکەڵ چییە،
جگە لە غەدرێکی بەباچوو بە گیانی ڕۆح!

فڕین چییە،
جگە لە فڕینی وشە بەدەوری بەسەرهاتی دەستەکانی تۆ و
بەرکەوتەکانی شەو؟

لە شیعری: (گورگێک لە ژوورەکەمە)

ئالان پەری لە مانەوەی تاراوگەدا سێ کۆمەڵە شیعری خۆی بڵاوکردۆتەوە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی. ئەو ئەندامێکی چالاکی پێن ی دانیمارکییە و چالاکوانێکی ڕۆشنبرییە، کە بەشداری لە چەندین کۆڕی شیعری کوردی کردووە و لە ئێستادا سەرقاڵی دەرکردنی ئەنتۆلۆژیای شعری نوێی کوردی بە زمانی دانیمارکی کە لە وەشناخانەی ئاژانسی شیعر چاپ و بڵاودەکرێتەوە. کاری وەرگێڕانی بۆ چەندین نووسەر و شاعیری دانیمارکی کردووە بۆ کوردی لەوانە: هانس کریستیان ئەندەرسن، سۆرن کیەکەگۆرد، ئینگا کرێستنسن، نیلس هاو و پایک مالینۆڤسکی.

ئەمە یەکەمین کۆمەڵە شیعرێتی بە زمانی دانیمارکی کە ڕەنگدانەوەی پاشخانی کەلتورێکی ئیجگار جیاوازە، بەڵام لانەوازانێکە تا ڕادەیەک ئێمە پێی ئاشناین، ئەم هەوڵەش بە هەموو ویست و هیوایەک بۆ هەڵبژاردنی خۆشەویستیی دەکات کە پێویستیێکە شایستەی گوێگرتنە.

*سەرچاوە: کۆمەڵە شیعری (دووری چییە،بێ دەنگدانەوەی چرپەی تۆ) ی ئالان پەری بەزمانی دانیمارکی. uden gengivelse af din hvisken Hvad er afstand. بە زمانی لە لایەن وەشانخانەی ئاژانسی شیعر لە کۆپنهاگن لە ساڵی ٢٠٢٠ چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا