سڕکردن بەشێکی بچووکی ئوسوڵی حزبییە و پەیوەندی بە ئازادی بیروڕاوە نییە

فریال عەبدوڵلا
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

ماوەیەکە لێرەو لەوێ هەندێک کەس بەمەبەست دەیانەوێت ئاماژەیەکی لەوجۆرە بخەنەڕوو کە گوایە سەرکردایەتی نوێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵ بۆ سنووردارکردنی ئازادیی بیروڕا دەدات و لە رێی ئیجرائاتی حزبییەوە سزای ھەڤاڵەکانی خۆی دەدات کە بیرەوەری خۆیان لە کتێبدا یاداشت دەکەن . بەتایبەتیش لە کەیسی سڕکردنی بەرێز مەلا بەختیار نووسەری کتێبی لە بری بیرەوەری . یەکێک لەو کەسانەش کاک عەلی عەونی لە سەرکردایەتی پارتییە کە دەیەوێت بەو بۆنەیەوە توانج لە یەکێتی بدات و پەرێزی خۆی و حزبەکەی لە تۆماری پێشێلی ئازادی بیروڕا و دیموکراسی پاک بکاتەوە. بۆیە پێویستە لێرەدا ئەو راستییە باشتر بۆ هەموو لایەک روونببێتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە باوەڕی نەگۆڕی بە ئازادیی بیروڕاو بیروڕای جیاواز لەچوارچێوەی سیاسەتی چەپکەگوڵەکەدا هەبووە و هەیە، بەتایبەتی بۆ نووسەران و رۆشنبیرانی سەربەخۆ کە جیاواز لە یەکێتی بیردەکەنەوە و دەنووسن و سایەی حوکمڕانی یەکێتیش لە ھەموو زەمین و زەمانێکدا شایەتی ئەم واقیعە دەدەن.

ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لەو روانگەیەوە رەخنە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بگرن، پێویستە ئەو راستییەیان لا روونتر بێت کە هەندێک لەو شتانەی بەتایبەت لەم ماوانەی دواییدا لەسەر یەکێتی بڵاوکراونەتەوە لەوانەش کتێبی « لەبری بیرەوەری » هیچ پەیوەندییەکیان بە ئازادیی بیروڕاوە نییە. چونکە وەک ئاماژەم پێدا یەکێتی هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستاش لەگەڵ ئازادیی بیروڕادایەو بەردەوامیش دەبێت و ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی، بەڵام یەکێتیش وەکو هەر حزبێکی دنیا پەیڕەوی ناوخۆ و پرۆگرامی خۆی هەیە. باوەڕ ناکەم لە هیچ حزبێکی دنیادا رێگە بەوەبدرێت، کەسێک کە ئەندامی باڵای حزبێک و یەکێک بێت لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی مێژووەکەی یان کادری حزبێک بێت لەهەر ئاستێکدا، رێگەی پێبدرێت هەوڵ بۆ ناشرینکردنی مێژووی حزبەکەی خۆی بدات.

وەک ئەزموون و نموونەی وڵاتانی دیموکراتی من لەگەڵ پارتی کرێکارانی نەرویج کارم کردووە، لە ناوخۆی حیزب تەئکیددەکرایەوە لە ئەندامان و کادیرانی ئەو حیزبەکە تۆ هەر سەرنج و رەخنەیەکت هەیە، پێویستە لەناو حزبەکەی خۆتدا بیخەیتەڕوو، بەڵام لەدەرەوەی حزبەکەت و لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، یان هەر رێگەیەکی تر کە لە دەرەوەی حزبەکەوە بێت، رێگەپێدراو نییە، وەک ئەوەی هەڤاڵێکی یەکێتی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی کتێبێکەوە، هەوڵ بۆ ناشرینکردنی مێژووی جوان و پڕ شانازیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات.

لە زۆربەی زۆری حزبەکانی دنیا، بەتایبەت ئەو حزبانەی کە لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە، یان تائێستا لە خەباتی رزگاریخوازیی و پارتیزانیدان و چالاکی جۆراوجۆر دەکەن، رێگە بەو کەسانە نادرێت کە تێیدا بەشدار بوون، بەشێوەیەکی نادروست باسی ئەو خەباتە بکەن، چونکە لەو قۆناغە سەخت و ھەستیارەی خەباتدا هەندێک کارو چالاکی وەکو پێویستییەک بووە بۆ بەرگریکردن و داکۆکیکردن و سەلماندنی وجودی ئەو حزب و رێکخراوە و خودی میللەتەکەش کە لە ژێر حوکمی داگیرکەر و شۆڤێنیدا بووە.

بۆیە ئەوەی کە لێپرسراوێکی پارتی لەبارەی پرسێکی ناوخۆیی یەکێتی و هەڤاڵێکی یەکێتییەوە نووسیویەتی و بڵاویکردۆتەوە و پێی سەغڵەت بووە. هیچ پەیوەندیی بە ئازادیی بیروڕاوە نییە، بەڵکو زیاتر پەیوەندیی هەیە بە:
یەکەم: ئەو هەڤاڵە داکۆکیکارێکی سەرسەختی ھەندێک سیاسەتی ھەڵەی قۆناغی ریفراندۆم بوو کە وەک دەرکەوت زیانی بە کوردستان و تەنانەت بە ستراتیجی مافی چارەنووسی کورد و ئەم قۆناغەی فیدالییەوە گەیاندووە.
دووەم: بەداخەوە بە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە بەو ناوەڕۆکەوە دەردەکەوێت کە ئەو هەڤاڵەی یەکێتی لە هێڵی گشتیی ی.ن.ک لایداوە. ئەمەش وەکو دەستکەوتێکە بۆ پارتی. دیارە ئەوەش رێگە راستەکە نییە. بەڵکو رێگەی راست و دروست ئەوەیە کە ئەو هەڤاڵەی یەکێتی و ئەو کەسانەش کە هەمان بیروبۆچوونی ئەویان هەیە، ئازادیی بیروڕا لە ناو یەکێتی-دا، نەکەنە دەرفەت بۆ لێدان لە یەکێتی و هەوڵدان بۆ ناشرینکردنی مێژووی پڕ شانازیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

بۆیە پێویستە دووپاتی بکەمەوە کە هەمیشە لەگەڵ ئازادیی بیروڕاداین، بەڵام لەگەڵ بۆچوونی ئەو هەڤاڵەدا نیم کە بەناوی ئازادیی بیروڕاوە و لەچوارچێوەی بڵاوکردنەوەی کتێبێک و تەنانەت هەندێک لێدوان و چاوپێکەوتنیشدا بەوجۆرە باسی خەبات و تێکۆشانی یەکێتی و سەرکردەکانی دەکات.

شوێنی راستەقینە بۆ رەخنەی دروست لە رەوتی حزب تەنھا ناوخۆی حزب و کۆبوونەوەکانێتی بە تایبەتی ئەگەر ھەڤاڵان ھێشتا لە کایەی ئەمرۆی یەکێتیدا کار بکەن و شوێن و ناونیشانیان بەشێک بێت لە پێکھاتەی یەکێتی .

بە ھەموو رەوت و ئاراستەکانی ناو یەکێتی کە لە شۆرشی نوێ نیمچە بەرەیەکی تێکۆشان بوو و بە ھەموو ململانێکانی رابردوو بە خۆش و ناخۆشییەوە یەکێتی ھێشتا لە کایەکەدا ماوە و تێدەکۆشێ. ئوسوڵی حزبی راست ئەوەنییە ھێشتا لە ناو حزب بیت و رابردووەکەی بکەیتە دەسکەلا بۆ شکاندنی و بۆ قازانجی نەیارە سیاسییەکانی گوایە ئەمە ئازادی بیرورایە !!

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا