كەسایەتییە گرنگەكانی ئێران لەوڵاتەكەیاندا پارێزراو نین

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا، بەچەندین شێواز باس لە چۆنێتی كوژرانی موحسین فەخریزادە زانای ئەتۆمی ئێران كرا، كە لە رۆژی هەینی رابردوو لە ناوچەی دەماوەند لەرۆژهەڵاتی تارانی پایتەختی ئێران كرایە ئامانج.

سیس فرانتزمان لە رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی دەڵێت: ئەوەی گرنگە لەم رووداوەوە بیزانین ئەوەیە ئێران لەپاراستنی یەكێك لە گرنگترین كەسایەتییەكانیدا شكستیهێنا.

لە ماوەی رابردوودا، ئیسرائیل فەخریزادەی بەوە تۆمەتبار دەكرد، لەپشت بەرنامەی ئەتۆمی سەربازی ئێرانەوەیە، هەر ئەوەش بووە پاڵنەری ئەوەی لەدوای كوژرانی تۆمەتێكی زۆر بخرێتەپاڵ ئەو وڵاتە لە كوژرانی زانا ئێرانییەكە.

ئیسرائیل فەخریزادەی بەوە تۆمەتبار دەكرد، لەپشت بەرنامەی ئەتۆمی سەربازی ئێرانەوەیە

لەو بارەیەوە، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، ئیسرائیلی بەتاوانی كوشتنی فەخریزادە تۆمەتبار كرد و پەیمانیدا وەڵامی توندی بۆ ئەو هێرشە دەبێت، لە بەرانبەریشدا ژمارەیەك راپۆرت باسیان لەوە كرد، ئەم كوشتنە لەچوارچێوەی زنجیرە كوشتنەكانی ئیسرائیلدایە، كە لەپێناو وەستاندنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران جێبەجێدەكرێن.

لەبارەی شێوازی كوشتنی فەخریزادەوە چەندین چیرۆك باس دەكرێت، یەكێك لەوانە، كە لە ئاژانسی فارسی ئێران لە سەعاتەكانی سەرەتای كوژرانی خراوەتەڕوو ئەوەیە، تەقە و پێكدادان لەنێوان ئەنجامدەرانی هێرشەكە و پاسەوانانی فەخریزادە روویداوە و لە ئەنجامدا سێ بۆ چوار چەكدار كوژراون.

بەڵام دواتر ئاژانسێكی نزیك لەسوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هیچ كەسێك لەكاتی هێرشەكەدا نەبینراوە، بەڵكو ئەنجامدەران لە دوورەوە و لەڕێی كۆنتڕۆڵكردنی ئۆتۆماتیكی چەكەوە فەخریزادەیان كردووەتە ئامانج.

لەلایەكی دیكەوە، رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست ئاماژە بەچیرۆكێكی دیكە دەكات و دەڵێت: تیمی كوشتنەكە لە ١٢ كەس پێكهاتوون كە لە دەرەوەی ئێران راهێنانیان پێكراوە، هاوكات ئۆتۆمبیلی جۆری هیوندای سانتا بەمەبەستی گواستنەوەی قەناس و ئەوانی دیكە بەكارهێنراوە و لە نزیك ئۆتۆمبیلەكەی فەخریزادە ئۆتۆمبیلێكی جۆری نیسان پیكئەپ و چوار ماتۆڕسكیل تەقێنراونەتەوە.

تیمی كوشتنەكە لە ١٢ كەس پێكهاتوون كە لە دەرەوەی ئێران راهێنانیان پێكراوە

بەپێی ئەم چیرۆكە، تیمی ‌هێرشەكە، كارەبای ئەو ناوچەیەیان بڕیوەو چاوەڕێی گەیشتنی ئۆتۆمبیلی فەخریزادەیان كردووە و كاتێك گەیشتووە، ئۆتۆمبیلە نیسانەكەیان تەقاندووەتەوە و ئەندامانی تیمەكە تەقەیان لەئۆتۆمبیلەكەی كردووە، بەپێی رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست، هێرشەكە لە دوور، یاخود نزیك روویدابێت پێناچێت بە ئاسانی راستی رووداوەكە بزانین.

وەك زۆرێكی دیكە لەهێرشە بكوژەكانی پێشوو، هەرگیز وردەكاری تەواوەتی لەبارەی ئەم رووداوە نازانین، بەڵام راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن، لەكۆتاییدا كوژرانی فەخریزادە و زانایانی دیكەی ئێران سەلمێنەری ئەوەن، كە رووداوی لەم چەشنە ئاسانە لە ئێراندا رووبدات و نامەیەكە بۆ حكومەتی ئێران، كە هەست بە شكستی خۆی بكات و بزانێت زۆرینەی تاكەكانی لە مەترسیدان.

سەرباری ئەوەی ئێران كوژرانی فەخریزادە دەخاتەپاڵ ئیسرائیل، كە رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەهەمان كاتدا كوژرانی ئەو زانایە ئاستەنگی دەخاتە بەردەم پلانی دیبلۆماسی جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران.

بەپێی رای چاودێران، بەئامانجگرتنی فەخریزادە بیرۆكەی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و هێزە جیهانییەكان كە لە ساڵی ٢٠١٥ پەسەندكرا تێكدەدات، هاوكات، بێن فریدمان شارەزا لە بواری بەرگری لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن رایگەیاند، كوژرانی فەخریزادە رێگای بەردەم جۆ بایدن مینڕێژ دەكات لانیكەم لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵاتدا.

بەئامانجگرتنی فەخریزادە بیرۆكەی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و هێزە جیهانییەكان كە لە ساڵی ٢٠١٥ پەسەندكرا تێكدەدات

لەلایەكی دیكەوە، بەشێك لە شیكەرەوەكان پێیانوایە كوژرانی فەخریزادە وەرەقەی فشار پێشكەشی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا دەكات، كە رەنگە لە دانوستان لەگەڵ ئێران بتوانێت سودی لێوەربگرێت.

كوژرانی فەخریزادە كۆمەڵێك ترسی بەدوای خۆیدا هێنا، بەنمونە رەنگە ئێران زنجیرەیەك كاردانەوەی ناوخۆی هەبێت كە ببێتە فشار بۆ تۆڵەسەندنەوە، ئیدی دژی ئیسرائیل بێت یاخود ئەمریكا، لەوبارەیەشەوە حسێن دەهقان سەركردەی پێشووی سوپای پاسداران و كاندیدی دیاری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران كە بڕیارە لە هاوینی داهاتوو ئەنجام بدرێت، پەیمانیدا تۆڵەی فەخریزادە بكەنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا