پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید
ماڵپەڕی ئۆیڵ پرایس تایبەت بە هەواڵی وزە و نەوت رایگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت یارمەتیدەرە لە لەیەک نزیکبوونەوەی بەغدا و هەرێمی کوردستان بەو مەرجەی بتوانن بەیەکەوە بەربەستەکان تێپەڕێنن و بگەنە چارەسەرێکی گونجاو بۆ دابەشکارییەکانیان.
لەوبارەیەوە، ڤیکتۆر کاتۆنا شارەزا لە ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی روسیا باسی لەوە کرد، لەدوای سەرکەوتنی عێراق لە رووخاندنی هێزە چەکدارەکانی داعش پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا دڵەڕاوکێی بەخۆیەوە بینیوە بەجۆرێک، هەریەکە لەو دوو لایەنە بە ترسەوە لە دەستپێشخەرییەکانی یەکتری دەڕوانن بەڵام لە هەمان کاتدا، هەردووکیان لە داخرانی رێگاکان لەبەردەم رێککەوتنی دۆستانەی داهاتوو بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن.
دابەزینی نرخی نەوت یارمەتیدەرە لە لەیەک نزیکبوونەوەی بەغدا و هەرێمی کوردستان
بەپێی ماڵپەڕەکە، لە ئێستادا، کە هەریەکە لە عێراق و کوردستان بۆ رزگاربوون لە کاریگەرییە ئابوورییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەوڵ دەدەن و ناچار بوون چەندین پڕۆژەی گرنگ دوابخەن، ناکۆکی نێوانیان بەشێوەیەکی بەرفراوانتر زیادیکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەگەر هەردوولا بگەن بە چارەسەری هاوبەش، بە سوودی هەردوولایان دەشکێتەوە، لەپێناو بەدیهێنانی ئەمەشدا پێویستە بەسەر چەندین ئاستەنگدا زاڵبن.
بەپێی قسەی کاتۆنا، عێراق پێویستییەکی زۆری بە پارە هەیە، بەجۆرێک خەمڵاندنی بودجەی پێشنیارکراوی حکومەتی ناوەند بۆ ساڵی ٢٠٢١ لەسەر ئەو بنەمایە دانراوە کە بەرمیلێک نەوت بە ٦٣ دۆلار بفرۆشێت، لەلایەکی دیکەشەوە حکومەتی هەرێم زیاتر لە عێراق پشت بە سەرچاوەی نەوتی دەبەستێت بەجۆرێک موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیش لە داهاتی نەوت دابین دەکات.
حکومەتی هەرێم زیاتر لە عێراق پشت بە سەرچاوەی نەوتی دەبەستێت
هاوکات لەگەڵ دۆسیەی بودجە, دۆسیەی پابەندبوون بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت دێتەئاراوە کە لەلایەن ئۆپیکەوە دیاریکراوە و عێراق پێوەی پابەندە، بەپێی قسەی کاتۆنا، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوە کردووە، دابەشکردنی بەرهەمهێنان بەسەر کێڵگەکاندا بەشێوەیەکی دروست بەڕێوە نەچووە، بەجۆرێک بەرهەمهێنانی نەوت لە بەسڕە بە بڕی ملیۆنێک بەرمیل کەمکراوەتەوە بە هەمان شێوەش بۆ کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، لەلایەکی دیکەشەوە، کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بەدەست کەمی داواکارییەوە ناڵاندوویانە.
ئەوەش هاتووە، ئۆپراسیۆنی بیرلێدان زۆرترین کاریگەری بەرکەوتووە، بەنموونە بیرلێدان لە کێڵگەی “تاوکی” لە چوارەوە بۆ یەک بیر کەمبووەتەوە، هاوکات، پڕۆژەی گەڕان لە قەرەداغ دواخراوە، سەرباری ئەوەی لە کوردستان رۆژانە بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٣٧٠ هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە پێشنیار کراوە و رێیپێدراوە، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو کاری کردووەتە سەر بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم.
عێراقیش بە هەمان شێوە پشکی خۆی لە دواکەوتنی پڕۆژەکانیدا بەرکەوتووە، بەڵام بەهۆی بەرفراوانی سەرچاوەکانی داهاتییەوە، دەتوانێت ئاسانتر بەرهەمهێنانی زیاد بکات ئەگەر پێویست بکات، بەنمونە، لە ئێستادا کێڵگەی رمیلە ٢٠٠ هەزار بەرمیل کەمتر لەو رێژەیە بەرهەمدەهێنێت کە پێش ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمیدەهێنا، هاوکات، کێڵگەی قەرەنە غەربی-٢ بەڕێژەی نزیکەی ١٢٠ هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی کەمکردووەتەوە.
عێراقیش بە هەمان شێوە پشکی خۆی لە دواکەوتنی پڕۆژەکانیدا بەرکەوتووە
باسی لەوەشکرد، ئەم ژمارانەی هاتوون تەنیا پەیوەستن بە کێڵگە نەوتییەکانی ئێستاوە، ئەگەر باس لە پڕۆژەکانی داهاتوو بکەین بە نمونەش پڕۆژەی لۆک ئۆیڵ لە کێڵگەی ئەریدۆ کە بڕی ٢،٥ ملیار بەرمیل نەوت لە خۆدەگرێت، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە بەتەنیا دەتوانێت بەرهەمی نەوتی عێراق بەڕێژەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت زیاد بکات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، نوسەرەکە پێشنیازی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نەوتی نیشتیمانی دەکات کە لە توانایدا بێت بەشێوەیەکی رێکخراو بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکبخات، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆمپانیای سۆمۆی نیشتیمانی زیاتر لە ٣٠ ساڵە کارا نییە کاتێک لە ساڵی ١٩٨٧ لەسەر دەستی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراق بەسەر چەند کۆمپانیایەکدا دابەشکرا.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی بیرۆکەیەکی نوێ نیە، بەڵکو پێشتریش عێراق هەوڵیدا بەمەبەستی فشارخستنە سەر هەولێر بەکاریبهێنێت تا بگەنە رێککەوتن.
رەنگە کلیلی رێککەوتن و نزیکبوونەوە ئەوەبێت زیادەڕەوی لە دانوستانی نێوان کوردستان و عێراق نەکرێت
بەپێی قسەی کاتۆنا، ئەوەی لەنێوان هەولێر و بەغدا بوونی نییە ئەو هەستەیە کە سەختی و مەترسی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە، نوسەرەکە لەبارەی ناکۆکی ئێستای نێوان ئەو دوو لایەنە هۆشداریدا و رایگەیاند، هەردوولا ئازاردەچێژن و ئەم ئاڵۆزییە ستراتیژی خۆبەزاندن دەهێنێتە ئاراوە.
ساڵانی رابردوو، بەغدا قایل بوو بە ناردنی نزیکەی ٢٥٠ بۆ ٢٦٠ ملیۆن دینار بۆ هەر مانگێک بۆ هەرێمی کوردستان، سەرباری ئەوەی هەرێم تا ئێستاش لە دانوستاندایە بۆ بەدەستهێنانی بودجەیەکی زیاتر تەنانەت گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ساڵی رابردوو کە تێیدا ٪١٢،٦٧ی بودجەی حکومەتی ناوەند بۆ کوردستان دابین کرابوو لە بەرامبەر ٢٥٠ بەرمیلک نەوتی رۆژانەی هەرێم، بەپێی راپۆرتەکە، لە ئێستادا، رەنگە کلیلی رێککەوتن و نزیکبوونەوە ئەوەبێت زیادەڕەوی لە دانوستانی نێوان کوردستان و عێراق نەکرێت.