گۆڕان داوای كۆبوونەوەی لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەڵێت: گرنگە لەم كاتەدا هەرسێ لایەنی پێكهێنەری حكومەتی هەرێم كۆببنەوە دەربارەی ئەوەی چۆن حكومەت ببەن بەڕێوە، باس لەوەش دەكات دەربارەی پرسی لامەركەزی بەنیازن لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكەش كۆببنەوە.

شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: پرسی لامەركەزی دەمێكە لە نێوان ئێمە و یەكێتی باسی لێوەكراوە، پێشتریش یەكێتی و پارتی كۆبوونەتەوە باسی ئەم پرسەیان كردووە، كارنامەی كابینەی نۆ یەكێك لە بڕگەكانی تایبەتبوو بە لامەركەزی، ئێمە بەنیازین بیكەین بەپرۆژەیەك لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكەشدا قسەبكەین، ئەوەی لەپەرلەمان هەیە هەمواربكرێتەوە، یان بە پرۆژە یاسایەكی نوێ حكومەت ئاراستەی پەرلەمانی بكات، بۆئەوەی پەرلەمان پەسەندی بكات و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەبارەی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی پارتی و یەكێتی و گۆڕان شەماڵ عەبدولوەفا وتی: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ شاندی باڵای یەكێتی نەچووینە وردەكاری ئەو بابەتەوە، ئێستا كێشەی موچە هەیە گرنگ ئەوەیە شاندێكی كاربەدەستی بڕیاردەر بچێتە بەغدا و ئەو كێشەیە چارەسەربكات، بەدڵنیایی دەبێت هەموو حیزبەكان پێكەوە كۆببنەوە دیارە پێكهێنەری حكومەت ئەو سێ لایەنەن جێی خۆیەتی كۆببنەوە و بزانن چۆن حكومەت ئەبەن بەڕێوە.

رۆژی شەممە 29/11/2020، یەكێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان لە دەباشان لەسەر ئاستی باڵا كۆبوونەوە و چەند پرسێكی هەنووكەیی تایبەت بەهەرێم و كێشەكانی هەرێم و بەغدا و پرسی لامەركەزی كارگێڕی و داراییان تاوتوێكرد.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک