سەرۆكایەتی پەرلەمان سێ یاداشتی لەسەر پرسی موچە پشتگوێخستووە

پۆڵەتیك پرێس:
لەماوەی دوو هەفتەدا سەرۆكایەتی پەرلەمان سێ یاداشتی پەرلەمانتارانی لەبارەی پرسی موچە و گوزەرانی هاووڵاتیان پشتگوێخستووە و نەیخستووەتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانییەوە.

لەو بارەوە موسلیم عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: تایبەت بە دانیشتنی رۆژی دووشەممە، پێشتر یاداشتێك دراوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر خستنە بەرنامەی كاری رێككەوتنی هەرێم و ناوەندو دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران و چۆنیەتی رادەستكردنی خاڵە گومرگییەكان و نەوت بە بەغدا ئەگەر ئەم یاداشتە بخرێتە بەرنامەی كار قسەی خۆمان دەبێت لە پەرلەمان بەپێچەوانەوە نەخرێتە بەرنامەی كار ئەو كاتە ئێمە و چەند فراكسیۆنێكی دیكە هەماهەنگیمان دەبێت چ بڕیارێك بدەین لەسەر دانیشتنەكە.

موسلیم عەبدوڵڵا وتیشی: دوو هەفتەی پێشوو سێ یاداشت پێشكەش كراوە هیچیان نەخراوەتە بەرنامەی كار، لەكاتێكدا باسی بابەتێكی گرنگ دەكەین، كە كێشەی موچەیە خەڵك چاوەڕێدەكات پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی گەورەی هەرێم رۆڵی خۆی ببینێت لە چارەسەركردنی ئەم كێشەیەدا.

بڕیارە رۆژی دووشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و تەوەری كۆبوونەوەكەش بریتییە لەخوێندنەوەی چەند پێشنیازە یاسایەك و خوێندنەوەی راپۆرتی چەند لیژنەیەكی پەرلەمان دەربارەی كۆچی گەنجان بۆ هەندەران بە ئامادەبوونی وەزیرانی پەیوەندیدار.

37 پەرلەمانتاریش لە یاداشتێكدا داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمانكردووە پرسی موچە و رێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا بخاتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا