عێراق لەهەفتەكانی كۆتایی ترامپ دەترسێت

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لەژێر رۆشنایی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، عێراق دەترسێت دووبارە ببێتە خاكی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بەتایبەت لەهەفتەكانی كۆتایی ویلایەتی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا.

لەدوای كوژرانی موحسین فەخریزادە زانای ئەتۆمی ئێران ترس و دڵەڕاوكێی عێراقییەكان زیادبووە، بەتایبەت كە پێشتر زمانحاڵی سیناریۆی كوژرانی قاسم سلێمانی سەركردەی فەیلەقی قودس بوو، كە لەلایەن ئەمریكاوە لە هێرشێكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەسەرەتای كانوونی دووەمی ئەمساڵ لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژرا، ئەوەبوو دواتر توڕەیی دەسەڵاتدارانی ئێرانی لێكەوتەوە و بەردەوام لەڕێی بۆردومانی ئاسمانییەوە لەعێراق چەندین بنكەی سەربازی سەر بە هێزەكانی ئەمریكایان كردە ئامانج.

لەدوای كوژرانی موحسین فەخریزادە زانای ئەتۆمی ئێران ترس و دڵەڕاوكێی عێراقییەكان زیادبووە

لەدوای كوژرانی فەخریزادە لە رۆژی هەینی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران پەیمانیدا تۆڵەی ئەو زانا ئێرانییە بسەنێتەوەو لە بەرانبەریشدا، دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی كرد و رایگەیاند، لەحاڵەتی كوژرانی هەر ئەمریكییەكدا وڵاتەكەی وەڵامی توندی دەبێت.

لای خۆیەوە، عومەر نەداوی بەڕێوەبەری بەرنامەی ناوەندی تواناسازی ئاشتی لەعێراق رایگەیاند، بارودۆخەكە ئاڵۆزە، ترس و دڵەڕاوكێی عێراق لەجێی خۆیەتی و لۆجیكییە، بەڵام نابێت زیادەڕەوی تێدا بكرێت، ئیدارەی ترامپ دەیەوێت گرژی سەربازی زیاد بكات وەك هەوڵێك بۆ رێگریكردن لە جۆ بایدن سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا لە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران.

ئەمریكا فڕۆكەی B-52ی ناردە ناوچەكە، هاوكات، رۆژی شەممە ٢٨ی ئەم مانگە ئەمریكا كەشتی جەنگی “یو ئێس ئێس نیمیتز”ی ناردە ئاوەكانی كەنداو

لەم دواییانەدا، ئەمریكا فڕۆكەی B-52ی ناردە ناوچەكە، هاوكات، رۆژی شەممە ٢٨ی ئەم مانگە ئەمریكا كەشتی جەنگی “یو ئێس ئێس نیمیتز”ی ناردە ئاوەكانی كەنداو لەهەنگاوێكدا، كە پنتاگۆن بەستییەوە بە كشانەوەی پێشبینیكراوی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.

چاودێران پێیانوایە، ئێران هەتا كاتی دووركەوتنەوەی دۆناڵد ترامپ سیاسەتی خۆ رێكخستنەوە پەیڕەو دەكەن، سەردانەكەی ئەم دواییانەی ئیسماعیل قائانی سەركردەی نوێی فەیلەقی قودسی ئێران سەلمێنەری ئەم بۆچوونەیە، كە ئامانج لە سەردانەكەی ئارامكردنەوەی بارودۆخ و راسپاردنی میلیشیا عێراقییەكان بوو بۆ ئەنجامنەدانی هیچ گرژییەك لەگەڵ واشنتۆن.

لەلایەكی دیكەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەژێر فشاری توندی ئەمریكادایە، بۆ لێكۆڵینەوە لە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لەناو وڵاتەكە، ئەوەش لەكاتێكدایە، سەرباری ئاگربەستی راگەیەنراو لەلایەن هێزەكانی حزبوڵڵا، هەفتەی رابردوو، میلیشیای ئەسحابولكەهف چەند موشەكێكی ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوز لە بەغدای پایتەختی عێراق كرد.

لەلایەكی دیكەوە، سوجاد جەیاد شارەزا لە كاروباری عێراق دەڵێت: ئەگەری دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی بەهێزە، پێموایە عێراقییەكان هیواخوازن چاوییان دابخەن و ببینن ئەم دوو مانگە تێپەڕیوە و دۆناڵد ترەمپ بێ ئەنجامدانی هیچ هێرشێك لە پۆستەكەی دووركەوتووەتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئێوارەی رۆژی هەینی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، موحسین فەخریزادە زانای ئەتۆمی ئێران ناسراو بە “سندوقە رەشەكەی ئێران” لە نزیك تاران لە رووداوێكی تەمومژاویدا كوژرا، ئەم زانایە بەوە ناسراوە، كە زۆر كەم دەردەكەوت ‌و لەژێر رۆشنایی رێوشوێنی ئەمنی تونددا دەژیا و هەرگیز چاوی بە لێكۆڵەرە ئەتۆمییەكانی سەر بەئەمریكا نەدەكەوت.

تائێستا یەكلانەبووەتەوە، كێ لەپشت كوژرانی زانا ئێرانییەكەوەیە

تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە، كێ لەپشت كوژرانی ئەم زانا ئێرانییەوە بووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران هەریەكە لە ئیسرائیل و ئەمریكا بە تاوانی كوشتنی فەخریزادە تۆمەتبار دەكەن.

لەدوای كوژرانی فەخریزادە، عێراقییەكان زیاتر دەترسن لەوەی خاكەكەیان ببێتە مەیدانی یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و ئەم رووداوە بیانوویەك بێت بۆ پێكدادانێكی گەورەی سیاسی و سەربازی نێوان ئەو دوو وڵاتە كە ساڵانێكە لە قەیرانی لێكتێگەیشتندان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا