یەكێتی ‌و گۆڕان داوادەكەن حكومەتی هەرێم بەپەلە شاندێك رەوانەی بەغدا بكات

پۆڵەتیك پرێس:
یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان جەخت دەكەنەوە، كە پێویستە بەپەلە شاندێكی خاوەن بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چارەسەركردنی ریشەیی و كۆتایی كێشەی بودجە و موچە بنێرێت.

ئەو هەڵوێستەی یەكێتی‌و گۆڕان لەمیانی دەقی راگەیاندراوی رۆژنامەوان راگەیەنراوە، دوای ئەوەی رۆژی یەك شەممە لەدەباشان لەسلێمانی لەئاستی باڵا كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەنراوەكە، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو، لەسەر دواین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێم و عێراق ، بەتایبەت خراپی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان و مووەخۆرانی هەرێم، كە ئەنجامی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروست بووە، دواتریش بەدیاركراوی دوای دەركردنی یاسای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیوەندیدار بە كورتهێنانی بودجەو وەرگرتنی قەرز قەیرانەكە قووڵتربووەتەوە .

سەڕەڕای جەختكردنەوە لەتوندوتۆڵكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا، بەپێویست زانرا هەنگاوی كرداری خێرا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بنرێت، هەروەك هاوڕابووین لەسەر ئەم بڕیارانەی خوارەوە:

بەپەلە وەفدێكی خاوەن بڕیاری حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چارەسەركردنی ریشەیی و كۆتایی كێشەی بودجەو موچەی هەرێمی كوردستان، لەهەمانكاتدا ئەم هەنگاوە ببێتە بناغەیەكی پتەو بۆ یاسای بودجەی ٢٠٢١ فیدڕاڵی.

پێشوازی لەهەنگاوەكانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی دەكەین، هەروەك لەكارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاتووە.

زەمینەخۆشكردن بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی رووبەڕووی واقیعی هەرێم و عێراق دەبێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا