پۆڵەتیك پرێس:
لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق دەستی بەچەند هەوڵێك كردووە بۆ ئەوەی كار بكات بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی براونەتە دەرەوەی وڵات.
خالید جەشعمی پەرلەمانتار لە لیژنەی نەزاهە لەو بارەوە وتی: دەستەی نەزاهە سندوقی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە، كە بەدواداچوون بۆ بڕی ئەو پارانە بكات، براونەتە دەرەوەی وڵات.
خالید جەشعمی وتیشی: لیژنەكەیان لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران دەستی بەو هەنگاوە كردووە، كە دەزگای چاودێری دارایش هاوكاری لیژنەكەیان دەكات.
هەروەها باسی لەوەش كرد، هەفتەی داهاتوو لەو بارەوە چەند رێكارێكی توند دەگرنە بەرو لێپرسینەوەش لەچەند بەرپرسێك دەكەن، كە تۆمەتبارن بە بردنە دەرەوەی پارە.
ئەوەی تائێستا پێشبینی كراوەو لە بەدواداچوونەكان دەركەوتووە، لەساڵی 2003وە تائێستا بڕی 500 ملیار دۆلاری ئەمریكی براوەتە دەرەوە.
لەو بارەشەوە ئەحمەد سەفار پەرلەمانتار لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی: بڕی ئەو پارەیەی لە عێراق بە قاچاخو بەرێگەی تر براوەتە دەرەوە 500 ملیار دۆلارە.
ئەحمەد سەفار داوای لە حكومەت كرد، بەردەوان بێت لەو هەنگاوەی دەستی پێكردووەو كاریش بۆ سزادانی ئەو كەسانە بكات، لەكەیسی بردنە دەرەوەی پارە دەستیان هەیە.