هۆكاری نەچونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پۆڵەتیك پرێس كەوتووە، تاوەكو هەرێم و بەغدا بەشێوەی زارەكی رێككەوتنی تەواوەتی نەكەن شاندی هەرێم سەردانی بەغدا ناكات.

زانیارییەكانی پۆڵەتیك پرێس كە لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، ماوەی چەند رۆژێكە هەرێم و بەغدا لەچەندین ئاستدا گفتوگۆو راگۆڕینەوەیان لەسەر ناردنی پشكی هەرێم و چونی شاند بۆ بەغدا كردووە.

لەزانیارییەكاندا هاتووە، كازمی بە بەرپرسانی هەرێمی راگەیاندووە ناتوانێت موچەی مانگەكانی كۆتایی ئەمساڵ بنێرێت، بەڵام لە هەوڵی ئەوەدایە موچەی مانگەكانی (پێنج، شەش، حەوت، 10) ی ئەمساڵ بنێرێت، چونكە پشكی هەرێمەو پێشتر نەنێردراوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەكرد، هەوڵەكانی چەند رۆژی رابردو بەتایبەت هەوڵەكانی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی رۆڵی باشی هەیە بۆ نەهێشتنی گرژییەكان و لێك نزیكبوونەوەی هەرێم و بەغدا.

وتیشی، “شاندەكەی هەرێم كاتێك دەچنە بەغدا كە تەواو دڵنیا بن لەوەی پێش چوونەكەیان رێككەوتن لەسەر چارەسەری كێشەكانیان كراوەو بە ئەنجامێكی باشەوە دەگەڕێنەوە”.

زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر دابەشكردنی موچەی مانگی 9 ی فەرمانبەرانی هەرێم تێپەڕیووە، بەڵام هێشتا حكومەتی هەرێم هیچ وادەیەكی بۆ دابەشكردنی موچە دیارینەكردووە.

لەئێستاشدا هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم چاوەڕێی ناردنی 320 ملیار دینارەكەی بەغدان تاوەكو خشتەی موچە رابگەیەنرێت، لەئێستاشدا باس لەوەدەكرێت گەر بەغدا پارەكە نەنێرێت ئەوا حكومەت بەرێژەیەكی زۆری لێبڕینەوە مووچە دابەش بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا