روونكردنەوە لەبارەی دوو بەیاننامەكەی گۆڕانەوە دەدرێت

پۆڵەتیك پرێس

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ ئاماژەدان بەناوەڕۆكی پەیامەكان روونكردنەوە لەبارەی دوو بەیاننامەكەی پەرلەمانتارانی حزبەكەیەوە بڵاوكردەوەو رایگەیاند، بوونی دیدگای جیاواز یەكێكە لە بەهاكانی كارنامەی نەوشیروان مستەفا.

عەدنان عوسمان وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان لە تویتێكدا باس لەوەدەكات، لە خۆگرتنی دەنگ و دیدگاو ئیجتیهادە جیاوازەكان یەكێك بو لەبەها و خەسڵەتە بناغەییەكانی كارنامەی نەوشیروان مستەفا، بازنەی قبوڵكردنی بۆچوونی جیاواز لای ئەو زۆر بەرفراوان بوو.

ئاماژەی بەوەشكردووە، نەوشیروان مستەفا دواتر هەموو ئەو بۆچوونە جیاوازانەی دەخستەوە خزمەتی بەهێزبون و گەشەكردنی گۆڕان.

ئەوەش دوای ئەوە دێت شەوی رابردو پەرلەمانتارانی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە ژمارەیان 12 كەسە بوون بە دوو بەشەوەو هەر یەكەیان بەجیا بەیاننامەیان لەسەر خراپی دۆخی فەرمانبەران و چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دەركردبوو.

پێشتریش بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانیانەوە جیاوازی لە هەڵوێستی بەشێك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان بەدی كرا، بەجۆرێك ئێستا شەش پەرلەمانتاری ئەو حزبە بەبێ بوونی هیچ پەیوەندییەك لەگەڵ فراكسیۆن و سەركردایەتی حزبەكەیان كارەكانی خۆیان دەكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا